جامانەكەى بارزانى، عەقڵى ئۆجەلان و یاخیبوونەكەى نەوشێروان (نێچیرڤان و نووزە كزەكەى)
Sunday, 14/02/2010, 12:00
بەهەر رێگەیەك ئەزموونى مەسعوود بارزانى وەك سەرۆكى پارتى یان سەرۆكى هەرێم بخەینە ژێر پرسیارەوە، دەردەكەوێت ئەوە جامانە سوورەكەى خێڵى بارزانە نەك عەقڵێكى سیاسى، بۆیە هەمیشە بارزانى دوژمنێكى هەیە ئەویش پرسیارە، لە مەجلیسى خێڵەكانیشدا ئەوە ستایش هەیە نەك پرسیار، بارزانى كڵۆڵى شۆڕشێك و میراتى مەلا مستەفا كردى بە سەرۆكى هەرێم نەك ئەجێندایەك یان خەیاڵە گەورەكەى خۆى، شۆڕشێك كە كەمترین پرسیارى لە ماهییەتى خۆى كردووە، بۆیە شۆڕشێكى بێ پرسیار لە وجودى خۆى سەركردەیەكى كڵۆڵتر لە خۆى دروست دەكات. شۆڕشێك بەم هەموو گوتارە نەتەوەییەوە لەدواتر سك پڕ بەم هەموو خەونەى دكتاتۆرەكان خۆى نمایش دەكات. ئیشى ئێمە ئەوەیە كە بەجدى بەدواى میّژووى چەكى خۆمان بگەڕێین كە ئایە ئەوە شۆڕش بوو باوانى ئێمە كردیان؟ بۆ كێیا كرد؟ خەونیان چى بوو؟ باشە ئەگەر ئەمە شۆڕشێك بوو بە مانا راستەقینەكەى شۆڕش، دەكرێت تەنیا لە ڕێگەى رێكەوتنێكى نێودەوڵتییەوە لە ساڵى 1975 تەفرو تونا بكرێت؟ لەكاتێكدا ئێستا چەندین رێكەوتنى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى لە ئارادایە بە هەردوو رێگەى ئاشتى و سیخوڕى یان سەربازى پەكەكە لەبەین نابرێت.
من تائەوكاتەى ئۆجەلانم نەخوێندەوە ولە فكرە و رەهەند و پێڕەوەكانى تێنەگەیشتم ، بۆ من سەخت بوو لەم نهێنییە تێبگەم كە بەم مێژووى مۆدێرنەى سەرمایەدارییە (ئۆجەلان بە سەردەمى خواوەندە بێدەمامكەكان ناوى دەبات) چى یارمەتى بەردەوامى پەكەكە دەدات.
بە هەموو مانایەك هەم پەكەكە سەركردەكەى لە سەركردەكانى ئێمە راستەقینەترە هەم شۆڕشەكەشى شۆڕشێكى راستەقینەترە، بەپێچەوانەى بارزانى كە جامانەیە ئەوا ئۆجەلان عەقڵە ناهێڵێت دواى زیاتر لە 10 ساڵ زیندانى لە پرۆسەى سیاسى و خەیاڵى نەتەوەكەى بچێتە دەرەوە.
مێژووى شۆڕشەكەى ئەوان ئەوە نییە كە شۆڕشێكى كڵۆڵ سەركردەیەكى كڵۆڵ دروستبكات، بەڵكوو ئەوە سەركردەیەكى حەكیمە شۆرشگێڕگەلێكى ژیر دروستدەكات، هەر كات ئۆجەلان بخوێنیتەوە تێدەگەیت كە ئەوە دونیابینى ئەو پیاوەیە شۆڕش بەرهەم دێنێت ، خوێندنەوەى شۆڕشەكانى دونیایە ئەو پیاوە دەكاتە كلیلى كێشەكانى وڵاتێكى وەك توركیا. ئەوە ئەو پیاوەیە بەر لەوەى هەنگاو بەرەو بەرزاییەكان بنێت پێناسەى بۆ چیاكان هەیە، ماهییەتى كێوەكان لێكدەداتەوە و ئەوە دەخوێنێتەوە كە چیاكانى كوردستان سوودى بۆ پەروەردەى نەوەكانى شۆڕشەكەى چییە.
بەپێچەوانەى هەموو ئەمانەوە شۆڕشەكەى مەلا مستەفا و لە دواییدا بارزانى و تاڵەبانى زۆرترین گەمژە و كۆیلەى بەرهەم هێنا، بەمانایەك نەخوێندەوارى سەرۆكەكەمان كۆیلەیەتى شۆڕشێك دروستیكرد كە لەدواییدا هەرێمێكى متبووى بە دزى و راوڕووت و حیزبایەتى و گەندەڵى خستەوە .
لەدواى مێژوویەكیش نەوشێروان مستەفا دێت مەفهوومى سەرۆكێكى راستەقینە دەخاتە خەیاڵى نەتەوەیەكى بێ سەرۆكەوە، نەوشێروان دێت لەڕێگەى ئاگایی خۆیەوە لە شۆڕش و ئەزموونى حكومەتى كوردییەوە پێماندەڵێت ئەوە بتەكانن بوونەتە سەرۆكى ئێمە، دێت و مەفهومێك بۆ سەرۆك دادەنێت و زەنگێكیش بۆ جامانە و حەیزەرانەكان لێدەدات كە سەرۆكەكان لەڕێگەى جلێكى كوردى خاكى و 170 كیلۆگرامەوە ناچنە رۆحى مێژووەوە، بەڵكوو ئەوە عەقڵە دەچێتە مێژووەوە.
ئەگەر ئەم یاخیبوونەى نەوشێروان مستەفا تا ئەندازەیەكیش درەنگبێت، بەڵام خۆشبەختییەك ئەوە بوو كە تاكەكانى ئەم هەرێمە ئامادەییان خێرابوو بۆ ئەم هەنگاوە.
نەوشێروان لەو شوێنەوە پرسیارەكانى خستەوە كە بارزانى وەڵامێكى ناڕاستى بۆیان هەبوو، بوبڕواى من نەوشێروان ویستى پرسارەكان جدیبكاتەوە كە بارزانى تێیان نەدەگەیشت، بۆیە لێرەدا بارزانى ناچار بوو وەڵامێكى دیكە بدۆزێتەوە، چونكە تێگەیشت كە ئەگەر وەڵامەكانى خۆى نەگۆڕێت ئەوا عەقڵێك هەیە كە وەڵامى راستى پرسیارەكانى پێیە، هەروەكوو نموونەیەك بۆ قسەكانم، بارزانى هەرگیز جارێكیدیكە ناتوانێت ئەو گەنجانەى وڵات جێدەهێڵن یان دەنگ بە لیستەكەى ئەو نادەن دیسسان بەوە تۆمەتبارییان بكاتەوە كە ئینتیماى نیشتیمانییان نییە یان سەردەمى بەعسیان نەبینیوە، چونكە هەر وەڵامێكى لەم شێوەیە ئەوا دەستى نەوشێروان ئاوەڵا دەكات كە ئاراستەكان بەرەو لاى خۆى پێچبكاتەوە، بۆیە لەدواى هەڵبژاردنەكەى 25 ى تەمووزى پەرلەمانى هەرێم پارتییەكان لەسەر زارى سەرۆكى هەرێمەوە رایانگەیاند كە گەنجەكان تووڕەن و ناڕازین لە دوو پارتەكە، ئەمەش سەرەتاى گۆڕانەكانى مەسعوود بارزانى بوو بەلاى كێشە و دیاردەكانەوە.
ئەگەرچى لەناو ئەم هەموو دەنگەدا نووزەیەكى لاوازى نێچیرڤان بارزانیمان بیست، بەڵام نە ئیرادەى نێچیرڤان ئەوەندەیە كە نووزەكە بكات بە فیزاع، نە لە رابردووشدا نێچیرڤان بە عەقڵێكى مۆدێرنەوە هەنگاوى ناوە تا بتوانێت ببێت بە ماسولكەیەكى بەهێزى وەك نەوشێروان مستەفا كە پارتى یەكێتى نەتوانن پشتى بەئەرزدا بدەن.
لەبەر ئەوەى ئێمە شۆڕشێكى پڕ لە كەموكوڕى و هەڕەمەكیمان ئەنجامدا و پێناسەیەكمان نەخستە ناو مەفهومى چیاوە، ئەزموونێكى شەڵاڵى ناشیرینى شارمان بەرهەم هێنا، تاكە رێگە بۆ چاكتركردنى بارودۆخەكان دۆزینەوەى پێناسەیەكى بەهێز و جدییە بۆ شار بەمانا تایبەتییەكەى و حكومەت بەمانا گشتییەكەى، بەڵام لێرەدا عەقڵێكى گەرەكە كە هەردوو چەمكەكانى شار و چیا لەیەكتر جیا نەكاتەوە، چونكە فاوڵێكى گەورەیە ئێمە ئەزموونى شار و چیا وەك دوو عەڵقەى جیاواز لە یەكترەوە بخوێنینەوە، لەبەر ئەوەى بە سادەترین مانا ئەوە چیا بوو سەركردەى بۆ شارەكان بەرهەم هێنا و شكستى سیاسى ئێمە گەراكانى لە چیاكانەوە سەرچاوە گرتووە، ئەوە شۆڕشێكى بێپرسیار بوو سەركردەیەكى بەرهەمهێنا كەوەڵامى پرسیارەكان نازانێت، خۆشبەختانەش هەوڵێك هەیە كە ئاراستەكەى بەم سەحرایەوە دادەڕوات و زۆرێك لەو پیاوانەى نیگەران كردووە كە ئێمە ئارەزووى دیداریان ناكەین، وەلێ دەبێت ئەم هەنگاوە شوێنپێكانى بە دروستى دەربكەوێت لە سەر ئەرزا، هەرچى بێت تروسكاییەك رۆشناییمان لێدیارە كە مایەى خۆشحاڵى بێت،
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست