ڕوونکردنەوەیەک لە سەر بانگکردنی ڕۆژنامە ئەهلییەکان بۆ سیمناری پەرلەمانی سویدیی
Wednesday, 22/02/2012, 12:00
راگەیاندنی ئەم سیمنارەی ئەمڕۆ 22 / 02 / 2012 لە پەرلەمانی سوید، کە بۆ ساڵیادی یەکەم خۆپیشاندان و نارەزاییەکانی خەلكی کوردستان لە 17ی شوبات بەڕێوە دەچێت و بانگهیشتکردنی ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس کراوە، بەتایبەتی رۆژنامەی (ئاوێنە، هاولاتی و لڤین) ئەمە منی رووبەروی گەلێک رەخنە و گلەیی کردۆتەوە، کە بە تەلەفۆن و ئیمێل بۆم هاتوون، لەوانە (5 تەلەفۆن و 3 ئیمێل) ئەویش لەلایەن چەند کەسایەتی و چالاکڤانەکانی نارەزایەتیەکانی خەلکی کوردستان، تێیدا هاتووە و دەڵێن، کە بە بڕوای ئەوان، ناهەقیەکی گەورەیە بەو شێوەیە بانگهێشتکردنەکان کراوە و ئەمەش دەچێتە خانەی گەندەڵیی و هاوڕێیایەتی، بۆیە منیش بە پێویستم زانی لەو چەند خاڵەی خوارەوەدا راستیی رووداوەکان بنووسم:
1. ڕەخنەکان لە سەر دوو خاڵ چرکراوەتەوە، کە ئەو بەڕێزانە پێان وایە:
یەکەم: ئەمە یادی 17 شوباتە، ئەوانەی بۆ پەرلەمانی سویدی بانگکراون، کەمترین ڕۆلیان لەچاو دەیان کەسایەتی تردا هەبووە، کە ڕووبەروی گرتن و ئەشکەنجە و راوەدوونان بوونەتەوە.
دووەم: ئێمە پێشتر لە نۆڤەمبەری سالی 2010 دا ئەم ڕۆژنامەنووسانەمان بۆ سوید هێناوە، کە دەبوو ڕۆژنامەنووسانی تر بانگ بکرابانایە.
سێیەم: ساڵی پاریش رەخنەی زۆرم لێگیرا گوایە "گەندەڵیم " کردوە، کە براکەی خۆم داوەت کردوە. ئەمە لە کاتێکدا براکەم رۆژنامەنووسێکی ئەهلی نەبووە.
پێشەکی من لە وەڵامدانەوەی سێیەمەوە دەستپێدەکەم، کە بۆ ئەوەی بە هەڵە لە مەبەستەکە تێنەگەن، من وەک کەسێکی رەوشت پارتی و یەکێتی نەناسرێم، وەک مەحسوبییەت لێک نەدرێتەوە، بۆیە ئەو راستیانە رادەگەیەنم، کە هاتنی براکەم بۆ سیمناری پەرلەمانی سوید لە نۆڤەمبەری 2010 پەیوەندیی بە منەوە نەبووە، ئامینە کاکە باوە کە ئەندام پەرلەمانی سویدییە لەگەل کۆمەڵێک لە پەرلەمانتار و کەسایەتی سویدی تردا سەردانی کوردستانی باشورییان کرد، بەهۆی ناسینی بنەماڵەکەی ئێمە لە کوردستان بە براکەمی ووتبوو، کە لە هەوڵی سازدانی سیمنارێکدان لەپەرلەمانی سویدی، تایبەت دەبێت بە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسی کوردی (حیزبی و ئەهلیی)، من لە دوور و نزیک ئاگاداریی ئەو پەیوەندییە نەبووم، بۆیە کاتێک ئامینەی کاکە باوە لە کوردستان گەڕایەوە ئەوەی بە من راگەیاند، کە هەردوو رۆژنامەی میدیا و هاوڵاتی (حیزبی و ئەهلین) بانگهیشتن دەکات بۆ پەرلەمانی سوید و سیمناریان بۆ ڕێک دەخات. منیش داوام لێکرد مادام وایە با ئاوێنە و لڤینیش داوەت بکات، چونکە ئەوانیش ڕۆلیان هەیە و با بە هەڵەش ئەمە لێکنەدرێتەوە، بۆ زانیاریی سەرباری ئەوەی ئەو کارانەی بۆ هێنای ئەوانە دەکرێت، ئەمە هیچ دەستکەوتێکی مادییشی تێدا نییە بۆ هیچ لایەنێک، سیمنارەکەش، کە لە نۆڤەمبەری 2010 بەڕێوەچوو، لە سەر رەوشی ڕۆژنامەگەریی کوردیی، نەوەک تایبەت بە ڕۆژنامەنووسی ئەهلی، هەروەها وەکو وتم ئەمە هاوڕێم ئامینە خۆی براکەمی داوەت کردبوو نەک من.
2. سیمناری ئەم جارەش، دوور لە کۆبوونەوە لە نیوان گروپی 17 شوبات تەنیا بەتەلەفۆن و ئیمێل هەموو جێ بەجێ کرا، نەوەک لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆی لەسەر کرابێت، منیش یەکێک بووم لەوانەی کە لەو رێگایەوە قسەم لەگەڵدا کراوە و پەیوەندیی بە گروپی 17ی شوباتیشەوە هەبووە، هەرچەندە ئێمە بەناوی گروپی 17 شوبات بەنیازبووین سالیادی راگەیاندنی جاری گەردونی مافی مرۆڤ رێک بخەین، بەڵام بەو پەلەیە بۆمان ڕێک نەخراو بەپیویستمان زانی لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکان لەگەل ئەم دوو پەرلەمانتارانە (ئامینە کاکەباوە) و (بۆدیل سیبلۆس) قسە بکەین و سیمینارەکە بخەینە ناو پەڕلەمانی سویدی، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ ئامینە خان قسەمان کرد، ئەویش زۆری پێ باش بوو،
ئێمەش پێمان خۆش بوو کە تەنیا لە سەر رووداوەکانی 17 شوبات و نارەزایەتییەکانی خەڵک بێت، بەڵام دواتر ئاگاداریی کردمەوە کە ئەوان پێیان باشە ڕەوشی ڕۆژنامەگەریشی تیا بێتە باس کردن، چونکە ڕۆژنامەکان زۆر ڕووربەرووی گرتن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە، دوای چەند ڕۆژێک دواتر ئیمیلێکی بۆ سەرنوسەری هاولاتیش کردبوو کۆپیەکی بۆ منیش ناردبوو.
3. کوردستانپۆست لە ئۆکتۆبەری سالی 2011 لە هەوڵی هێنانی بەڕیزان (د. کامەران مەنتک و د. فاروق رەفیق)دا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی د. کامەران مەنتک وەک د. فاروق رەفیق خاوەن رەگەزنامەیەکی ئەوروپی، یان ئەمەریکی نییە، بۆیە داوایان لە من کرد، تا پەیوەندیی بە ئامینەی کاکە باوە بکەم، منیش پێم باش بوو، کە لە سەر رووداوەکانی 17 شوبات ئەمانە بێن و لە پەرلەمانی سوید قسە بکەن.
دەبێت بلێم ئێمە لە هاتن و داوەتکردنی هەر کەسایەتیی و گروپێکدا، هاریکارین نەوەک ڕێکخەری سەرەکی بین، یان لە کۆبۆنەوەیەکدا بریاردەربین، ئێمە ناتوانین خەڵک داوەت بکەین و ڤیزەی پێ بدەین. بێگومان کەسی ڕێکخەر هەوڵدەدات ئەوانەی ناوێکیان هەیە و ناسراون بۆ سیمنارێکی هاوشێوەی وا داوەت دەکرێن، دواتر دەبێت بڵێم هاوڕێم ئامینە کەمترین رۆژنامە و ماڵپەری کوردی سەیردەکات و دەیانناسێت.
بۆ سەرجەمی قسەکان منیش رام وایە کە ناکرێت تەنیا پۆلێک ڕۆژنامەنوس لەگەل هەموو ڕیزێکم بۆ کارو چالاکیەکانیان، تەنیا ئەوان وەک نوێنەری ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەم شوێنانە بانگ بکرێن، دلنیاشم ڕۆژنامەنووسی تر هەیە وەک ئەوان مافی خۆیانە وەک نوێنەری ڕۆژنامەنووسان بناسرێن.
ئەوەندەی من کارم کردبێت هەموو کات هەوڵمداوە بەپێی ئەوەی کێ کەسێکی مەیدانیە، داکۆکی لێبکریت و بایەخی پێ بدرێت، بۆ نمونە کۆششی من لەناو ئامنستی یان لە نووسین و کەمپینەکاندا هەرگیز جیاوازیم نەکردووە بەپێی ناسین و گونجانی لەگەل بیروبۆچون و پلە و ناودارییەکەی بووبێت بەپێچەوانە، هەموو کات لە دۆسیەی ئەو کەسانە کار و گرنگیم پێیداوە، کە هیچ پارت و ڕۆژنامەیەک لە پشتیانەوە نین، یان خەڵک بەپێیی ناوەکانیان گرنگیان پێنادات.
هیوادارم هەموومان بەو چاوە سەیری سیمنار و کار و چالاکیەکان بکەین چەندە لە خزمەت ئەو کەیسەدان، لێرەدا بەپلەی یەکەم من سوپاسی پەرلەمانتاران (ئامینە کاکەباوە) بکەم و دواتر (بۆدیل سیبلۆس)، کە بەردەوام لەگەل ئازاری تاکی کورددان لە مەسەلەی نەتەوەیی و دیموکراسیدادەژین. جگە لەکارکردنی چەندین کارو چالاکیان بۆ مەسەلە نەتەوەیەکان، هاوکات تەنیا لەو 15 مانگەدا، ئەمە سێیەم سیمنارە لە پەرلەمان لەسەر ئازادیی سیاسیی خەڵکی کوردستان بەهاریکاری ئەو چەند دەنگە جوانەی گروپی 17 شوبات ئەنجامی دەدەن. نمونەیان زۆر بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست