پڕۆفیسۆر دلاوەر گەرم نەبووە ماویەتى ، گەرم بێ دەست دەوەشێنێ !!
Monday, 28/02/2011, 12:00
دەگێرنەوە دەڵێن پیاوێكى دەوڵەمەند هەبووە بۆ پاراستنى سەروەت و سامان و ماڵەكەى پاسەوانێكى بەكرێ گرتووە بۆ ئەوەى پارێزگارى لێ بكا ڕۆژان دێ و دەڕوا شەوێك ژمارەیەك چەتەو دز دەدەن بەسەر ماڵەكەیدا ، سەیر دەكا وا بەبەرچاوى پاسەوانەكەوە چەتەكان خەریكى بردنى ماڵ و سامانن ڕوودەكاتە پاسەوان و هاواردەكا بۆ دەنگیان نادەى ئەوانە دز و چەتەن ؟ .
پاسەوانەكە دەڵێ .. لێیان گەڕێ جارێ گەرم نەبووم ، هەر هاواردەكا و دەڵێ .. دەى پاسەوان تەقە بكە وەرە دەنگ لێیان ؟ دەڵێ .. نانا وازبێنە گەرم نەبووم ، خاوەن ماڵ بەناچارى دێ و ڕوودەكاتە چەتە و دزەكان دەڵێ .. كاكە دەستانخۆش بۆ ئەوەى دزیوتانە و بردووتانە بەس تخوا یەك كاریش بۆمن بكەن ئەم پاسەوانەم بۆ تەمێ بكەن و لێیى بدەن ئەوانیش دەڵێن بەسەرچاو چەتەكان لێدانێكى باش لەپاسەوانەكە دەدەن خاوەن ماڵ لەدوورەوە هاوار دەكا دەڵێ .. عەیبە پاسەوان دەست بكەرەوە ئەو چەتانە وا لێت دەدەن . دەڵێ .. نائاسایە بالێم بدەن من گەرم نەبووم .
یەكێك لەچەتەكان هەر بەلێدانەكەوە ناوەستێ پەلامارى دەدا و .... دەبێ خاوەن ماڵ هاوار دەكاو دەڵێ .. پاسەوان ئەمە ئەوپەڕى شەرمەزاریە بۆتۆ ئابڕوو نامووسیان بردى دەست بوەشێنە ؟ .
پاسەوان دەڵێ .. نا ئاسایە گەرم نەبووم ، یەكێكى تر لەچەتەكان خۆى ئامادە دەكا ئەویش ئیشى خۆى لەگەڵ بكا پاسەوان گەرم دەبێً و بەئاگا دێ و دەست دەوشێنێ هەر لەوێ سێ لەچەتەكان دەكوژێ و ئەوانى تریش بەبریندارى ڕادەكەن و پارە و ماڵەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەن ماڵ و دەڵێ .. نەم ووت گەرم نەبووم ، نەمووت گەرم بم دەست دەوشێنم ، خاوەن ماڵ دەڵێ ..ببورە پاسەوان ئەوە مووچە و حەقەكەت خواحافیزت بێ من هەموو شەوێك شەش كەس لەكوێ بێنم تێت هەڵدەن و سوارت بن تاگەرم بى ئینجا دەست بوەشێنى ؟
بەداخەوە منیش چەند بیر لەو وەزیرى خوێندنى باڵایە دەكەمەوە هەمان یاریم دێتە بەرچاو سوكایەتى دونیا نەما بەو وەزیرەى نەكەن كەچى جەنابیان هەر بێ دەنگە و هیچ هەڵوێستێكى نیە و تائێستا گەرم نەبووە ، ئاخر جەنابى وەزیر بۆ نایەیتە سەر شاشەى تەلەفزیۆن و دەست لەكار بكێشیتەوە ، بۆ نایەیتە ناو میللەت و ڕووى خۆت سپى بكەیتەوە ، ئەگەر نایە ناومیللەتیش بۆ ناڕۆیتەوە بۆ لەندەن و وازناهێنى ، هەموو ئەوانەى لەسەرت دەوترا بوونە ڕاست و دیارە بەفعلیش وایە هەڵوەداى پۆست و پارە و ئیمتیازاتى ئەگینا وازت دەهێناو قبوڵت نەدەكرد لەوە زیاتر ببیتە قەشمەرجارى ڕێكخراوێكى ترسنۆكى بەناو قوتابیانى سەربە دەزگاى پاراستن .
منیش سەرەتا زۆر بەغەڵەت حاڵى بووم لێت سەدان كەس هاوشێوەى من بەنووسین و ووتارە چەواشەكارەكانى كەلەڕۆژنامەى هاوڵاتى دەینووسى تێكەوت سەرەتا زۆر خۆشحاڵبووم كەوەزیرى وەك دلاوەر عەلادینمان هەیە تادوایى مامۆستایەكى هاوڕێم لەشارى كۆیە ووتى نا كاكە تۆ نایناسى ، هەر سەرفەتاح بزانە ئەمە خوشكەزاى فوئاد مەعسومە قەت ئومێدت پێیى نەبێ هەروەها ئەمە پیاوێكى زۆر پارە پەرستە بەوە نیە دكتۆرەو پرۆفیسۆرە ئەمە لە 2006 ەوە مووچەیەكى تایبەتى نهێنى هەیە لەو دەسەڵاتە گەندەڵە كەچى بۆ خۆهێنانە پێش و خۆڵ كردنە چاوى خەڵك و ڕۆشنبیران و گۆڕانیش زۆربەى بەرنامەى لیستى گۆڕان بۆ هەڵبژاردنى 25 ى 7 بەتایبەت كەرتى تەندروستى و خوێندنى باڵا لەلایەن ئەوەوە نووسرا ، كەچى دوایش دیمان بۆ پۆست و ئیمتیازات چۆن كەوتە زوڕناژەنین بۆ دەسەڵات ، بۆیە ئەمە هەزارجارى تریش بێ پرسى ئەو زانكۆ دابخەن و هێلكە بارانى بكەن گەرم نابێ و وازناهێنێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست