پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ دهنگدان مهچۆ، ئهو دهنگهی تۆ! رهوادانه به خیانهت و فهسادیی و ناپاکیی - بەشی چوارەم
Friday, 03/05/2013, 12:00
سەرۆکی هەرێم و ڕەهەندی نیشتمانی
یەكی لەو پێشنیار و ئەگەرانەی پارتی پێیوایە کاریگەری هەبێت و بیخاتە ڕۆژەڤەوە، مەسەلەی ڕەهەندی نیشتیمانیە. لەو ڕێگەیەشەوە، ئەیانەوێ پۆستی سەرۆکی هەرێم وەك ڕەهەندێکی نیشتمانی بناسێنن و لەتەك ئەوانەی تر کە ئۆپۆزیسیۆن لەمێژە داوای ئەوە ئەکات کە پێوستە بەڕێگای سازان(تەوافوق) لەسەر هەموو ئەوانە بکرێ کە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، بەئەنجام بگەیەنن. بۆیە ئەم بەشە تەرخان ئەکرێ بۆ باس لێوەکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم و ئەو مەسەلانەی کە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، وە هەوڵ ئەدەین پۆلین کردنێکی زانستیانە بۆ پێناسەی پلەو پۆست و خاڵە سەرەکیەکانی ڕەهەندی سیاسی بکەین.
پۆستی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت،پەرلەمان و دواتر هەر پۆستێکی تر لەدەوڵەتدا ، تاكە جیاوازی گەر هەبێ لەگەڵ پۆستێکی وەك فەرمانبەرێك وەیان مامۆستایەك و هەتا کرێکارێکی کارگەی کەرتی تایبەت، تەنها ئەوەیە کە جیاوازی لەنێوان پۆستێکی سیاسی و پۆستێکی خزمەتگوزاری و ئیداریە. واتە، ئەو پۆستانەی لەدەوڵەتدا هەن، هیچیان ناچنە خانەی ڕەهەندی نەتەوەیی و جفات و نیشتمانیەوە. کاتێ پلەو پۆستی سەرۆکی هەرێم ، سەرۆك وەزیران و سەرۆك پەرلەمان و ڕاوێژکارانیان،هتد،، ئەمانە چەند پۆستێکی کاتی سیاسین و ئەشێ دەستاو دەستیان پێبکرێ.بەهەمان شێوە بەڕێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری باژێروان(قایمقام) و پزیشکێك لە نەخۆشخانەیەك وەیان فەرمانبەرێك لە لەدادگا.. ئەمانەش هەندێ لەو پۆستە ئیداریانە کە پەیوەستن بە خزمەتگوزاری و کاری ڕۆژانەی هاوڵاتیان ، ئەمانیش کاتی و گۆڕانکاریان تیا ئەکرێ. لەهەردوو شیوازی پۆستەکاندا،، واتە چ پۆستە سیاسی وچ وەك پۆستە خزمەتگوزاریەکان هیچیان ناچنە ژێر یاسا و ڕێساکانی بەناو ڕەهەندی نیشتمانی.
ئالێرەوە ئەتوانین ئاماژە بەو رەهەندە نیشتمانیانە بدەین کە هیچیان پەیوەندیان بە پلەو پۆستەوە نیە... واتە ئەم ڕەهەندانە نەك هەر شتێکی کاتی نین، بەڵکە پایەو کۆڵەکەی مێژوویی و پێکەوە ژیانی هاوڵاتیانە لەسنوورێکی فیزیکی و جوگرافی دایاری کراودا. بۆ نمونە؛ گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان ڕەهەندی نیشتمانیە،، پانتایی ئازادیەکان ڕەهەندێکی نیشتمانیە، سەروەتە سروشتیەکان بەهەمان شێوە ئەچێتە خانەی ئەم جۆرە ڕەهەندەوە، تواناکانی مرۆیی و چۆن تەرخان کردنیان لە سنووری دەوڵەتدا ڕەهەندێکی نیشتمانیە. پاراستنی نیشتمان و گەل ڕەهەندێکی نیشتمانیە.. ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی ڕاست و دروستە بۆ هەر گەلێك و بۆ هەر نەتەوەو نەژادێك. وەلەهەمان کاتیشدا کاتی نین و گۆڕانکاری تیا ناکرێ. بەڵکە زیاتر مۆرکی بەردەوامی و میژوویی دەست نیشانی کردون.
گەر هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ شەڕی ناوخۆی بۆمان هێنابوبێ. وە ئەگەر هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ گەندەڵی و بەهەدەر دانی توانا مرۆیی و بەتاڵانبردن و دزینی سەروەتە سروشتیەکانی بۆمان دروست کردبێ. ئەوا حەتمەن هەڵبژاردنی ٢٠١٣ زیاتر بەرتەسك کردنەوەی ئازادیەکان و بنیاتنانی حوکمی بنەماڵەی بارزانیمان بۆ ئەهێنێ.
گەر ئێمە بمانەوێ شەڕی سەرکەوتن بەسەر نەهێشتنی حوکمی بنەماڵەو دروست کردنی ئەو جۆرە لە ئیمارەتانە بدەین کە لەڕابردوودا بوون بەمایەی سەریەشەو پەرتەوازە و پەرتکردنی کوردستان، هەر لەجۆری ئیمارەکانی وەك (ئەردەڵان، بابان،هتد) . ئەوا پێوستمان بە ئۆپۆزیسیۆنیكە کە هەڵگری ئەو مەشخەڵە بێ کەدروشمی (ئازادیە ڕەهاکان و سەروەری تاك) لەکوردستانی باشوور هەڵبگرێ و بیان کاتە بەرنامەی سەرەکی خۆی . بەشیوەیەك ئەبێتە بەربەستێك و رێگری بکا لە سەپاندنی حوکمی بنەماڵەی بارزانی و دروست کردنی ئیمارەتی بارزان.
لەبەشێ یەکەمدا ئاماژەمان بەوە کرد کە هەڵبژاردن لەهەر کوێیەکی ئەم گەردوونە بکرێ، کێشەیەکی بنەڕەتی لەئارادایە کەوا لەدەنگدەر بکات بچێتە بەردەم سندووقەکانی هەڵبژاردن و بیەوێ لەڕێگای دەنگەکەیەوە ئەو کێشەیە لانی کەم چارەسەر بکا. بەو پێیە بێ ، باس و خواسی کاندید کردنەوەی مەسعود ئەو کێشەیەیە کە سەری جەماوەریان لێ قانداوەو هانی ئەدەن بۆ ئەوەی بچێ بۆ دەنگدان. کەواتە ، ئەشێ بڵێین کەوا مەسعود لەهاوکێشەی هەڵبژاردنی کوردستانی باشووردا ، قەیران و کێشەیە. لەڕاستیدا بونی پارتی و خودی مەسعود نەك هەر سەریەشەیە بۆ کوردستانی باشوور،لێ گەورەترین کیشەو قەیرانە بۆ گشت پارچەکانی تریش.. کەواتە ئەبێ مەسعود وەك کێشەیەك لێی بڕوانین ، نەك وەك ڕەهەندێکی سیاسی و بیخەینە پاڵ ڕەهەندە نیشتمانیە ڕاستەقینەکانەوە.
مادامەکی زانیمان کەوا مەسعود ئەو قورساییە مێژووییەی نیە و وەنابێ بەهیج کلۆجێ بیەڵین بکرێتە هاوتەریب لەگەڵ رەهەندە نیشتمانیەکان ، ئەوا بێ شك شتێکی مەزنمان کردوەو توانیومانە بەرچاوو روونی بۆ دەنگدەر ئاوەڵا بکەین. لەڕاستیشدا ئەمە کاری ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکە دڵسۆز و خەمخۆرەکەی کوردستانە. ئەمە کاری ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی گەلەکەمانە. ئەبێ مەسعود وەك کێشەیەك سەیر بکرێ،نەك هاوتا بکرێ بە بەها بەرز و بەنرخە نەتەوەییەکان و ڕەهەندە جیاوازانەی کە پاپەندن بە مێژوو و داهاتووی گەلەکەمانەوە.
بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ئەم باسە هەندێك نمونە دێنینەوە کەوا تەواو گومان لەوە ناهێڵێتەوە لەوەی پۆست و پلەی سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆك وەزیران و پەرلەمان و ئەوانی تر، کەوا هیچ ڕەهەندێکی نیشتمانیان نیەو تەنها و تەنها چەند پۆستێکن هیچی تر. سەرۆکی ئەمریکای پێشوو(جۆرج بۆش) دوو جار پۆلیس توانیویەتی لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل لەژێر کاریگەری ئەلکحولدا ڕابوەستینێ و سزا بدرێ و تکت وەربگرێ. (جاك شیراکی) سەرۆکی فەرەنسا بە تۆمەتی بەرتیل سزای یاسایی بۆ دەرچوو بوو. هەروەها سەرۆکی پێشووی فەرەنسا (سارکۆزی)ی بەوە تۆمبەتبارکرا کەوا پارەی گشتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بەکارهێناوە. لێرەش واتە لەشاری سیاتلی ئەمریکی، پارێزگاری پێشوو (کریستیان گرێگوار) تەنها لەبەرئەوەی لەکاتی سەفەرکردنی بۆ پایتەختی ووڵات ، پارەی تکتی فڕۆکەکەی مێردی لەسەر بودجەی پارێزگا کڕیبوو ، لێیان کردە هەڵاو پارەکەشیان لێسەندەوە کەبڕەکەی تەنها ١٩٩ دۆلار بوو. ئەم چەند نمونانە ئەوەمان پشیان ئەدەن کەوا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو پۆستە سیاسیانەی کەهەیان بوە تووشی هەڵەو تاوان بوون. یاسا توانیویەتی پەلکێشی دادگاکانیان بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵیاندا بکەن. واتە ئەو پۆستانە هیچ ڕەهەندێکی نیشتمانیان نیەو قابیلی لەکەو هەڵەن و لەهەمان کاتیشدا ئەبێ قابیلی چاو پێخشاندنەوەو گۆڕانکاری و لێپرسینەوەش بن.
کەچی سەیرەکە لەوەدایە کەوا پارتی ئەیەوێت ، پۆستی سەرۆکی هەرێم پیرۆز بکا و هەروەك چۆن مردنی مەلا مستەفا و حەمایلیشیان خستۆتە قاڵبێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەو پێشەش بودجەیەکی بەرزو زۆریان لەبودجەی خەڵکی کوردستان دزیوەو مەزرگا و دیوەخانی پێ گەرم ئەکەن. ئەم جۆرە سیاسەتە بۆ ئەوەیە کەهەموو شتێکی بنەماڵەی بارزانی بەپیرۆز بکرێ و دواتر بەرگێکی نەتەوەیی و نیشتمانی پێوە بئاڵێنرێ.
ماویەتی
بهشهکانی تر:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=5eedb8c2http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=f276345ahttp://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=0fae7a96
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست