تاوان بە پاساو پاک نابیتەوە...!
Sunday, 01/09/2013, 12:00
1473 بینراوە
گەر بانگشەو هاندانی سەرانی ئیسلامی یەکانی کوردستان و زۆرێک لە مەلاکان نەبوایە بۆ جهاد ،کە بە هەزارو یەک شێواز دەستیان داوەتێ ،وا بە ئاسانی ئەم ژمارە بەرچاوەی لاوانی خوێنگەرم سەریان هەڵنەدەگرت بڕۆن بۆ سوریاو بچنە ڕیزی بەرەی نەسرەی تاوانبارو دەست سوور بە خوێنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی سوریا.پەیوەست بونی ئەم لاوانە بە بەرەی نەسرە بە مەبەستی جهاد کردن و شەهید بوون لە ڕێی خوداو شاد بوون بە بەهەشت و بەهرەمەندبونیان لە ٧٢ حۆری و غیلمان و ئەو هەمو خەیاڵاتە ڕاستەو خۆ تاوانی ئەم دەستەو تاقمە ئیسلامی یانەو بۆگەنی بیروباوەرەکەیانە.
دیارە لە دوای کوژران و بە دیل گیرانی کۆمەڵێ لەو لاوانە لە لایەن چەکدارەکانی لایەنە سیاسی یەکانی کوردستانی سوریا و داننانیان بەوەی کە ئەوان لە خۆیانەوە نەڕۆیشتون بۆ جیهاد بەڵکو لەسەر بنەمای هاندانی ئیسلامی یەکان ئەو ڕێگایانەیان گرتۆبەر، و هاوکات لە ژێر فشاری نارەزایەتی یەکانی خەڵک دژیان، ئێستا کەوتونەتە پاساو هێنانەوە بۆ ئەوەی شانی خۆیان خاڵی کەنەوە لەو تاوانانە.
ئەم پاساو هێنانەوانە لەم رۆژانەدا لە لایەن زۆرێک لە سەرانی ئیسلامی یەکانەوە ڕاگەیەندراوە بە شێوەی جۆراوجۆر تا وا نیشان بدەن کە ئەوان لە پشتی ناردنی ئەو لاوانەوە نین. بۆ نمونە علی قەرەداغی جێگری قەرەزاوی، کە یەکێکە لە سەرە دیارەکانی ئیسلامی یەکان بۆ هاندانی جهاد، داوا دەکات گەنجان نەچنە بەرەی نەسرە لە کاتێکدا چەکدارەکانی بەرەی نەسرە پشتیان بە فەتواکانی قەرەزاوی و کۆمەکی دارایی و لۆجیستی قەتەرو سعودیە و تورکیا بەستوە کە قەرەداخیش هەمیشە پێکەیەکی لەو ووڵاتانەیە.
هاوکات مەلا کرێکار کە ساڵانێک ئەمیری تاوانبارترین باندی تیرۆریستی ئیسلامی ئەنسار ئیسلام بوو لە زیندانەوە بەردەوام بۆ بانگشەو هاندانی جهاد دەڵێت لاوانی کورد با خۆیان دوور بگرن لە بەرەی نەسرەو بەرەی خۆیان پێک بێن و ئەمیری خۆیان هەڵبژیرن ئەوسا جهاد بکەن لە دژی ئەهلی کوفر.
ئەمە جگە لە بزوتنەوەی ئیسلامی کە سەریان گرێ دراوەتەوە بە هەرچی دامودەزگای بەدناوی جاسوسی جهانە لە ئەمریکاو سعودیەو تورکیا تاکو ئیرانیش .
ئێستا دەیەوێ بە پاساوی ئەوەی میانگیری دەکات لەنێوان لایەنە سیاسی یە کوردی یەکان و بەرەی نەسرە،و تا ئێستا چەند دانوسانی ئەنجام داوە بۆ ڕێکەوتن ،ئەمانیش بەم پاساوە دەیانەوێ خۆیان وا نیشان بدەن کە هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە لە تاوانی کوشتو بڕو جیهاد.
هەڵبەت ئەم پاساوانە لە کاتێکدایە کە ئەم لایەنانە بە تەواوی نە بەرەی نەسرەیان ئیدانە کردوەو نە ئەو دەوڵەتو فەتواچی یانەیان ریسواکردوەو نە پاشەکەیان لە بانگشەو هاندان بۆ جیهاد کردوە .
نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەم ئیسلامی یانەی کوردستان باش دەزانن کە سەرچاوەی تەمویلی سیاسی و دارایی و لۆجستی بەرەی نەسرە سعودیەو قەتەرو تورکیان هاوکات سەرێکیشیان بە قاعدەوە بەندەو بەلام ئەما هاندەری جهادانە ملیان لە مو باریکترە بەرامبەر ئەو دەوڵەتە کۆنەپەرست و دژی ئینسانیانە.
ئەم ئیسلامی یە تاوانبارانەی کوردستان دەبێت باش بزانن کە جەماوەرو لایەنە ئازادیخوازەکانی بە هێنانەوەی ئەم پاساوە بێ بنەمایانەی ئەوان باوەر ناکەن کە بۆ پاککردنەوی خۆیان لە تاوانەکانیان دەیهێننەوە. وە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک ئیخوانی میسر بارەگاکانیان بەردباران دەکەن و سەرانیان لەبەردەم دادگادا رادەگیرێن و سزا دەدرین.
موزەفەر عەبدوڵا
[email protected]