کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جیاوازى نێوان سەفینەكەى هاوپەیمانى و سەفینەكەى نوح (سەلامى خواى لێ بێت). (یا بنیى اركب معنا...)!!!

Wednesday, 16/12/2009, 12:00


كەس لە ئێمە نیە كە چیرۆكى پێغەمبەر نوح (سەلامى خواى لێبێت) و كەشتیەكەى ئەگەر هەموشى نەبێت ئەوا زۆر تا كەم بیستومانەو شارەزاین , دیارە قسەو مەبەستى من گێڕانەو باسكردنى ئەو چیرۆكە نیە , قسەى من و مەبەستى من ئەمجارە باسكردنى سەرگوزەشتەى كەشتیەكەى دكتۆر فوئاد مەعێوم و ئەندامانى لیستەكەیەتى . جیاوازى كردنە لە نێوان ئەو دوو سەفینەیەدا .
من خۆم كاتێك لە بەڕێز (د.محمد ئەحمەد) سەرۆكى فراكسیۆنى یەكگرتووى ئیسلامیى لە پەرلەمانى عیراقم پرسى كاك دكتۆر جێگەى پرسیارە بەلاى هەموانەوە كە ئێوە فراكسیۆنى یەكگرتوو بە نیازبوون دەنگ نەدەنە یاساى هەمواركراوى هەڵبژاردنەكان لەگەڵ ئەوەشدا شەوى دەنگدان لەسەر یاساكە چونە هۆڵى پەرلەمانەوە ؟!
بەڕێز (د.محمد) لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا ئاماژەى بەوەدا كە هۆكارى چونە ژوورەوەكەیان تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چون و نەچونى ئەوان وەك فراكسیەكگرتوو هیچ كاریگەرى نەدەبوو چونكە ڕێژەى پێویست لەناو هۆڵى دانیشتنەكاندا ئامادەبووە كاتێك پێش دەسپێكردنى دانیشتنەكان خۆى چووە سەیرى ناو هۆڵى دانیشستنەكانى كردووە . بینیویەتى (154) ئەندام لە ناو هۆڵى پەرلەمان ئامادەبوون .
دووەم هۆكاریشى بۆ ئەوە گێڕایەوە كە خودى (د.فوئاد معێوم) پێش دەسپێكردنى دانیشتنەكان بە شەخێى داواى لە بەڕێزیان (د.فوئاد معێوم) كردووە كە وەك فراكسیۆنى یەكگرتوو بێنە ناو هۆڵەكانى پەرلەمان با دەنگیش نەدەن تەنها بێتنە ژوورەوە , ئەوەى زۆر جێگەى تەنانەت خەریكە بڵێم پێكەنین هێنانەوەى دەقێكى دەستورى مرۆڤایەتى بووە لەو شوێنەدا (دیارە مەبەستم ئەو دەقە پیرۆزە نیە , مەبەستم شوێنى بەكارهێنانى و كەسى بەكارهێنەرو كەسى بۆ بۆ بەكارهێنراوە بەرامبەرى) كە دەفەرموێت :
( یابنیى اركب معنا)
ئەم ئایەتە پیرۆزە جەنابى (د.فوئاد معێوم) وەك بەڵگە بۆ (د.محمد ئەحمەد) ى هێنابووەوە تا خۆى و فراكسیۆنەكەى (یەكگرتوو ئەو شەوە سوار كەشتیەكەى هاوپەیمانى ببن بەرەو كەنارى نادیار !
ئەگەر بێت و مرۆڤ جیاوازییەكى زۆر بچوك بكات. لەڕووى كەسى بەكارهێنەر شوێنى بەكارهێنراو- كەسى بەرامبەر بەكارهێنراو- مەبەستى هەردوولا.
لەڕووى كەسى بەكار هێنەرەوە , ئەو وتەیەیە وتەى حەزرەتى نوح)ە سەلامى خواى لێ بێت لە بەرامبەر كوڕە یاخیەكەى لە خواو دین لە باوكى- مەبەستیش ئەوە بوو تا كوڕەكەى سەر ئەو كەشتیە بكەوێت كە لە مێژە خەریكى دروستكردنى بوو , تا لە خنكاندن ڕزگارى ببێت !
بەڵام ئەمجارە (د.فوئاد معێوم) ە داوا لە سەرۆكى فراكسیۆنى یەكگرتوو (د.محمد ئەحمەد) دەكات تا سەر ئەو كەشتیە بكەوێت كە برا عەرەبەكانیان جارێكى تر بردەوە بۆ دەسەڵات , سەرۆكى فراكسیۆنى یەكگرتوو ئەمجارە جیاوازە لە كوڕەكەى حەزرەتى نوح . واتە باوكەكەش لێرەدا جیاوازە . تەواو پێچەوانەیە , ئەمجارە ئەوەى ئەو وتەیەى بەرامبەر بەكارهێنراوە خۆى و حزبەكەى ملكەچ نین بە هیچ جۆرێك بۆ ئەو شەپۆلە فشارەى كە كەشتى كوردى بەرەو چارەنوسێكى نادیار دەبرد , بە واتاى یاخى و سەركەشە لەبەرامبەر هەموو فشارێك , وە هەر سازشێك كە دواجار زیانى بە بەرژەوەندى و ماف و دەسكەوتەكانى كورد بگەیەنێت لە بەغداد یا هەر شوێنێك .
ئەمجارە كەشتیەكەى هاوپەیمانى كە دوو حزبەكە چەند ساڵە كابتنى كەشتیەكەن-ماف و داواكاریەكانی كوردیان پێ بردبووە بەغداد بانگەشەیان دەكرد كە بە (با)ى هیچ لایەك ئاراستە نیشتمانیەكەیان ناگۆڕن . بەڵام ئەفسوس هەر بەو هەناسەیەى كە لە تیلفۆنێكەوە هاتە دەر ئاراستەى خۆیان گۆڕى و دڵخۆشانە و سەربەرزانە و جێى شانازیانەى خۆیان كە بە وەرچەرخانێكى مێژووى ناوى دەبەن كە سەرۆكێكى ئەمریكى تیلفۆنى بۆ كردون . هەر زوو كورد و مافەڕەواكانیان بەرەو كەنارى نەگبەتى و ژێردەستەیى و چاو لە دەستبونى برا عەرەبەكانیان بردو ئەوان جارێكى تر ئاغا كوردیش جارێكى تر مسكین . بەڵێنى ئەمریكاش لەچەند كورسیەك بۆ كورد بە باشتر بزانن.!!!
ئاخر مەبەستى حەزرەتى نوح ڕزگاركردنى گیانى كوڕەكەى بوو , بەڵام ئەگەر خوا تەمەن بدات هەر یەكەمان دەبینین كە دواى ئەم هەڵبژاردنە وەك چۆن لەمەو پێش ڕۆژ بەرەو ڕۆژ بەرەو خراپى دەڕۆیشت , ئەمجارە بەرەو خراپترین دەڕوات , چونكە ئەمجارە هەرچى سوارى ئەو كەشتیە بوبێت (دەنگى دابێت بە یاساكە) ئەوا با سبەى خۆى لە بەردەم خواو گەلەكەى بە بەرپرس بزانێت لە بەرامبەر هەر بەدبەختیەك كە بەسەر كوردو شارى كەركوكدا دێتەوە جارێكى تر دڵنیا بێت كە مێژوو ڕەحم بە كەس ناكات وەك چۆن باس لەو وەفدە دەكات كە بۆ سەندنەوەى مافى كورد بە تایبەت شەهیدانى ڕاپەڕینى بەردەركى سەراى 6-9- 1930چۆن و بە چ بەڵێنێك چونە بەغداد- بەڵام چۆن گەڕانەوە! دەكات و ئێستا بۆ ئێمەى دەگێڕێتەوە بەو جۆرەش باس لە هەڵوێستى یەك بەیەكیان دەكات , بە بێ لە بیركردنى هەڵوێستى فراكسیۆنە یاخیەكە (یەكگرتووى ئیسلامى) یاخى لە سازش كردن لەسەر ماف و چارەنوسى نەتەوە یاخى لە فریوخواردن بە هەر بەڵێنێكى نەك تیلفۆنى بەڵكو بەڵێنى بەڵێنى نوسراویش لەسەر حسابى دەنگ و سەنگى نەتەوە یاخى لە قبوڵكردنى هەرفشارو چاوسوركردنەوەیەك., یاخى لە هەر موجامەلەیەك و ئافەرینێك كە دواجار دۆڕاندنى كوردى بەدوادا بێت . بۆیە كەشتى ئەمجارە خۆى بەرەو لافاوو گەردەلولى نادیار ئاراستە دەبڕێت نەك بۆ ڕزگار بوون لە لافاو!





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە