کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەحەیوز دژی ئافرەتان لە لایەن موسڵمان و سەرچاوەكانى ئیسلامدا هەیە؟!

Wednesday, 22/02/2012, 12:00


ناوەندە فەرهەنگیەكان وبزاڤە فیێمنستیەكان وئافرەتان لە جیهانی ئیسلام لە زۆر بۆنەدا ئیسلام وموسڵمانان بەوە تاوانبار دەكەن كە زۆربەى سەرچاوەكانى لە ڕوانگەى پیاوان نوسراوەتەوە: لە فیقه و تەفسیر و حەدیس و هەندێكیان هەتا عەقیدەش بڕ دەكەن. بێگومان نوسەرانى ئیسلامى بە تایبەتى و موسڵمانان بە گشتى وەڵامێكى زۆریان بۆ ئەو تۆمەتانە نوسیوە، و هەزارەها لاپەڕیان ڕەشكردۆتەوە بە ستایشی هەموو هەڵوێستێكى فیكر و بەرهەمى ژیاری ئیسلام بەرامبەر بە ئافرەت.
بەش بە حاڵی خۆم لە زۆر حەدیس و مەسایلی فیقه و تەفسیر جۆرێك لە تەحەیوز و نایەكسانی و هەتا سوكایەتیشم بەرچاو كەوتوە لە دژی ئافرەت. وابزانم زۆر تێر بوین لەو نوسینانەى كە سەرتاسەرى گوڵباران كردنى ئافرەتە بە هەڵوێستەكانى ئیسلام بەرامبەرى، كەچی لە واقیعدا وێنەكە زۆر دوورە لەو هیوایە سەوز وپەمەییانەى هەندێك لە نوسەران لەسەر كاغەز دەینەخشێنن!
بۆ نمونە كە حەزرەتى عائیشە گوێی لە حەدیسێك بوو ئەبو هورەیرە وكەسانى تر دەیگێڕنەوە دەڵێت: ئەوەى نوێژ دەبڕێت بریتین لە ئافرەت و گوێدرێژ و سەگ! وەك موسلیمیش ڕیوایەتى كردوە: (يقطع الصلاة المرأة و الحمار و الكلب) عائیشە گوتى: (ئێمەتان بە كەر و سەگ چواند، قەسەم بەخوا پێغەمبەرم دیوە نوێژى كردوە، منیش لەسەر چوارپایەكەم ڕاكشا بووم لە نێوان ئەو و قیبلەدا (فقالت عائشة شبهتموها بالحمير و الكلاب و الله لقد رأيت رسول الله يصلي و أنا على السرير بينه و بين القبلة مضطجعة) كەسانێكى دەق پەرست تا ئێستاش بەرگرى لەو جۆرە حەدیسانە دەكەن گوایە ناو هێنانى (ئافرەت و گوێدرێژ و سەگ) لە یەك سیاقدا ماناى وەك یەكى لە هۆی بڕینى نوێژ ناگەیەنێ. چونكە (الاقتران في النظم لا يستلزم الاقتران في الحكم) وەك بڵێی ئەو نوسەرانە لە حەزرەتى عائیشە عەرەبی زانتر بن! ئینجا قسەى ئەبو هورەیرە پەسند دەكەن بەسەر قسەى عائیشە (ڕەزاى خوایان لێ بێت) هەرچەندە زانایی ونزیكى عائیشە لە پێغەمبەر زۆر زۆرتر بوو لە ئەبو هورەیرە، بەڵام لەوانەیە بەس لەبەر ژن بوونى عائیشە ئەو هەڵوێستە وەرگیرا بێت!
لەبەر بوونى توراسێكى زل و زەبەلاح لەو تێڕوانینە كەم وكورتە دەرهەق بە ئافرەت، زۆر جار هەڵوێستەكان بە شێوەیەكى ویستى و خۆنەویستى بەدژى ئافرەتدا دەشكێنەوە. هەڵوێستى ئیسلامیەكانى كوێت (بە سەلەفی و ئیخوانەوە) لە دژى دەنگدان و خۆ كاندید كردنى ئافرەتان چەندین ساڵ بە بیانوى حەدیسێك! هەڵوێستى نێگەتیڤى ئیسلامیەكانى یەمەن، كە لە ئاكامدا بە دەنگى ژنان لە هەڵبژاردندا دۆڕان! لە هەمووى سەیرتر لە ئەزهەر مەجمەعى لێكۆڵینەوەى ئیسلامى كە لە 30 زانای پیاو پێك هاتوە بە تێكڕاى دەنگ دژى هاتنى زانایەكى ئیسلامى ئافرەت بوون بۆ بوونە ئەندام لەو مەجمەعە، زاناكەش نە نەوال سەعداوى بوو، و نە فاتیمە مەرنیسی بوو بەڵكو ئافرەتێكى ناودار بوو كە پێی دەڵێن موفتى ئافرەتان دكتؤرة سعاد صالح ڕاگرى پێشوى كولێژی توێژینەوەى ئیسلامى لە ئەزهەردا! كە دەڵێت:"ویستم ئەو كۆتە بشكێنم كە بەسەر زانایانى ئافرەت سەپێندراوە بۆ چونە ناو مەجمەع، كەچی تەنها یەك دەنگم هێنا لە كۆی 30 دەنگدا، ئەوەش شێلگیری ئەندامە پیاوەكان دەردەخات لەسەر ڕێگرتن لە هاتنە ناوەوەى ئافرەت بۆ مەجمەع بەبێ ڕەچاو كردنى ئاستى زانستى و كەفائەتى كە هەندێك جار لە هى ئەندامە نێرینەكان زیاترە... ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە بیری نێرسالاری زاڵە بەسەر مەجمەعدا!"
زانایەكى تر دكتۆرة مەلیكە یوسف مامۆستاى شەریعەت لە زانكۆی قاهیرە لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر هەر پیاوێك ستەم لە ئافرەت بكات لەوانەیە عوزرى بۆ بهێنینەوە بە نەفامى، بەڵام چ عوزرێك بۆ زانایان بهێنینەوە كە چاوەڕوانیان لێدەكرێت پەرۆشی دادپەروەری بن، وبە ڕیزى ئیسلام بۆ ئافرەت بزانن؟!"
زانایەكى تر دكتۆرە ئامینە نەسیر ڕاگرى پێشوى كولێژی توێژینەوەى ئیسلامى لە ئەسكەندەرییە گووتى:"ئەو ڕەفتارانەى كە لە زانایانى ئاینى دەرچوون بە هەڵگەڕانەوەیەكى فیكرى وشارستانى دێتە حسێب كردن، و قەدەغەكردى ئافرەتى زانا و لێوەشاوەیە لە تاوتوێ كردنى كێشەكانى خودى خۆی، تا بە تەنها پیاوان ببنە خاوەن ڕا و ڕاوێژ وەك بڵێی ئافرەت هەر نەبن!"
ئەگەر ئەوە حاڵی دەمارگرژی نێرسالارى بێت لە ئەزهەر كە ناسراوە بە میانەڕەوى وسنگ فراوانى و لێبوردەیی، ئەى دەبێت حاڵی تەحەیوز كردن لە دژى ئافرەتان چۆن بێت لە لایەن سەلەفیە بێ حەوسەلەكان كە پێیان كوفرە ئوتۆمبیل لێخوڕیت، یان وێنەى لەسەر ناسنامەى خۆی هەبێت، بەڵكو سەرتاسەرى قەوارەى ئافرەت لە نەزەریان بریتییە لە عەورەتێك و هیچی تر؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە