کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆک بەگوللەیەک کۆتای بەژیانی دەهێنێت؟!

Monday, 06/05/2013, 12:00







هۆ پادشاو سەرۆکی عەرشی کەلاو. لەو نیشتیمانە وێرانەدا، برسیەتی و ژیانی منداڵێکی هەژار، ئاهوناڵەی دایکێکی جگەر سوتاو، چاوەڕوانی خوشکێک بۆ گەڕانەوەی برا تاقانەکەی، بێ دەنگی پیرە پیاوێکی نغرۆ لەخەفەت، دڵی گەنجێکی خاڵی لەهیوای بەرداوامی دان بەژیان، ڕەت بوون بەتەنیشت ئەو گۆرستانانەی منداڵەکان یاری بەکێلی گۆڕەکانەوە دەکەن، دانیشتن لەسەر سفرەی ماڵی قوڕینەی قوربانیەکی ئەنفال، تلانەوە بەدەم ئازارو برینی زامدارێکی هەڵەبجەوە، شەوو ڕۆژ خستنە سەریەکی کاری کرێکارێک بۆ پارچە نانێکی شەڕەفمەندانە، ئایا هەرگیز تۆ ڕۆژێک هەموو بەئامانەت لەخەیاڵدا وێنا کردووە، هەموو ئەوانەی تۆ خۆت بەسەرۆکیان دەزانی، دەزانی ژیان چۆن دەگوزەرێنن؟ ئەگەر بەڵێ، ئەی بۆ بیرت نەکردەوە، ژیانێکی شایستە بەمرۆڤانەیان بۆ دەستەبەر بکەی، من دڵنیام تۆ لەناو کۆشک و تەلارەکەدا هەرگیز بەخەون و خەیاڵیش ئەمانەت هەست پێ نەکردووە، ئەگەرنا من لەجێی تۆ بوومایە گوللەیەکم ئاراستەی تەپڵە سەرم دەکرد، لەشەرمەندەی میللەتدا.





بوون بەسەرۆک لەوهەرێمە پڕئەهریمەنەی کەناوی کوردستانە، نە جێگای شانازیەو نەکارێکی هێندە سەختە لەبەڕێوەبردنیدا، چونکە ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێ! هەرێمێکی بێ سنور، بێ دەستور، بێ یاسا، بێ سوپا، بێ سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری، بێ سەرخان و ژێرخانی ئابوری، بێ سیستەم، بێ هەزاران پێداویست تری سەرەتایی. سیستەمی گواستنەوە و هاتووچۆ هێندە کۆنە، هی سەردەمی نیوسەدە لەمەوبەرە. کوا سکەی شەمەندۆفەر؟ کوا ئۆتۆبانی تیژ رەوی نێوان ئەو سێ پارێزگایە؟ کوا سیستەمی بانک، کوا بەرهەمی زاستی زانکۆکان، کوا پەروەردەی نێو کۆمەڵگا، تا ئێستاش ژمارەیەکی ڕوون نیە. دەربارەی ڕێژەی دانیشتوان. تەنانەت خاوەن ئاژەڵەکان ژمارەی مەڕو ماڵاتەکانیان دەزانن، بەڵام سەرۆکی هەرێم، نازانێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێم چەند! هەموو ئەو دام و دەزگایانەی، بەناو بوونیان هەیە لەبەرێوەبردندا، فاشیل فشەڵ و گەندەڵن. هەرلەسەرۆکی هەرێمەوە تا کارمەندێکی ساددە، بەو جۆرە کاردەکات، کەعەقڵی دەیبڕێت. کەس نازانێت کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێم، لەچ ناونیشانێکە. ئاخر لەووڵاتان، ژمارەی بیناو پۆست کۆد و تەلەفۆنی هەرجێگایەکی دەوڵەت بخوازی، بەتەنها کلیک کردنێک لەسەرگوگڵ دەدۆزرێتەوە. ئەو حوکمەی هەیە، حوکمی خێڵ و مەلاو شێخ و ئاغاو کوێخاو مافیاکانە، نەک هەرێمێکی سیستماتیک و رێکخراو، وەک هەرووڵات و هەرێمێکی دیکەی جیهان. هەرێمێک بۆ بودجەی ساڵانەی، سواڵی دەستی حیزب دەکات. ئەو حیزبانەی خەریکی رۆژ بەرێکردنن، بۆ قوتدانی قوتی هاووڵاتیان. بەریتانیای عوزما، کابینەی دەوڵەتەکەی لە بیست و دوو وەزیر پێک دێت، لەکاتیکدا ژمارەی دانیشتوانی شەست میلیۆن کەس دەبێت، ژمارەی حیزبە سیاسییەکان لەپەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات. کەچی کورد لەو بوارەشدا، ژمارەی پێوانەی شکاندووە. کورد لەدەوڵەتداریدا دووبەرامبەری بەریتانیا وەزیرو گزیری هەیە. چەندین قاتی بەریتانیا، ژمارەی حیزبی بەناو سیاسیی، دەمیان لەبودجەی حوکمەت و هاووڵاتیان ناوە. لەو هەرێمەی عەرشی سەرۆک، بیست و دوو ساڵە بەشێوەیەکی تەندروست دەسەڵات دەستاو دەست نەکراوە. ئیدی ‌هێندە سانانیە تا سەرۆک وا بەئاسانی سەری ڕەش و بەپاسەوانەکانی، کۆشک و تەلارو باخچەکانیی، گرێبەستی نهینی و ئاشکرای کۆمپانیا نەوتییەکان، هەزاران چەکدارو دام و دەزگا ئەمنی ئاشکراو نهێنی، کەسانی دوورو نزیک لەبنەماڵەو حیزب، سەرۆک دەستبەرداری هەموو ئەمانە بێت، بێ خوێن ڕشتن! ئایە هەمان ئەو پاسەوانانەی سەرۆک، دەبنە پاسەوانی سەرۆکێکی ‌غەیری بنەماڵە؟ ئەگەر گریمان سەرۆکێک هەڵبژێردرا؟ ئەی ئەگەر ئەم سەرۆکەی ئێستا لەدەسەڵاتدا نەما، سەرۆکی داهاتوو، یاخود دەسەڵاتی دادوەری وەک زۆرێک لەووڵاتانی دیکە، دەتوانن بۆ ئەو هەموو وێرانکاری و کوشتار و بەفیڕۆدانی سامان و ووزەی ماددی مەعنەوی میللەتی کورد، لێپرسینەوە لەگەڵ بارزانی بکات؟ سەرباری بوونی رێککەوتنی ستراتیژی ینک و پدک، کەچی تاکە وەزیرو وەزارەتێک، کەبەدڵی پارتی نەبوو لەهەولێر، وەزیرو وەزارەتەکەی خوێندنی باڵا بوو، هەموو ڕۆژێک تەماتەو هێلکە باران دەکرا.!! ئەی ئەگەر کەسێک، حیزبێکی وەک (ینک)ی لەپشت نەبێت و ببێت سەرۆکی هەرێم، واوەیلا لەحاڵی. ئەو سەرۆکەی جێگرێکی بۆخۆی قبوڵ نەبوو. هەردوێنێ بوو کەسی دووەمی ینک کۆسرەت ڕەسوڵ، لەبازگەکان ڕێیگری لێ دەکرا بچێتە هەولێرەوە. ئەو سەرۆکەی جاڕی جەنگ و ئاشتی دەداو نەک پرس بەمیللەت ناکات، بەڵکو بۆ تەنها جارێکیش گوێ لەپارلەمانتارانی حیزەبەکەشی ناگرێت. هەر ئەو سەرۆکەبوو، بێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەی. دامێنی بەعسی گرت لە31ئابدا. وەک ئەوەی کورد نەئەنفال و کیماباران، نەکوشتارو وێرانکاری بەدەستی بەعس بەسەرهاتبێت.





زیاد لەچوار ملیۆن هاووڵاتی کورد هەیە، کەی پرس و ڕایان لەلایەن سەرۆکەوە وەرگیراوە، لەبچوکترین ماف و چارەنوسدا. ئەوەتەی ئەو سەرۆکە لەدەسەڵاتدایە، کورد زەلیل و سەرشۆڕبووە، هەزاران کورد سەری خۆیان هەڵگرتووە لەژێر زوڵم و چەوساندنەوەی بنەمالەی سەرۆکدا. ئەگەر کورد میللەتێکی زەلیل نیە، بۆ دەبێ ئەو جۆرە کەسانە وەک سەرۆک خۆ بسەپێنن، لەکاتێکدا دەیان هەزار کەس لەشەڕی کورد کوژیدا، لەسەردەستی ئەوان بوونە قوربانی. ئەوان دەبوو دادگای کرابان، نەک ئەمرۆ ببنە سەرۆکی هەریمێک. لەووڵاتان سەرۆک و بەرپرس، ئەگەر برۆیەک لەئافرەتێک هەڵبتەکینێت، هەرچی ڕاگەیاندن و جەماوەری ئەو ووڵاتە هەیە داوای دەست لەکار کێشانەوەو دادگایی سەرۆک دەکەن، کەچی لای بەشێکی زۆری کورد هێشتا سەرۆک بەپیرۆزی سەریر دەکرێت. کلینتۆن لەئەمەریکا، لەسەر پەیەوندی سۆزداری دادگایی کرا. نەسوپای ووڵاتێکی تری هینابوو، نەڕۆژانێک شەڕی میللەتەکەی خۆی کردبوو، بەڵام چونکە خەڵک و ڕۆشنبیرو ڕاگەیاندنەکانی ئەو ووڵاتە ووشیارو خاوەن ئیرادەن، سەرۆک لای ئەوان پیرۆز نەبوو، بۆیە خاوەنی ووڵاتێکی بەهیزو تاکێکی خاوەن ئیرەدەن. لە هەموو مێژووی بەریتانیادا، تاقە ئافرە‌تێک هەیە، کە سەرۆک وەزیران بووە "مارگەرێت تاچەر" میللەتی ئینگلیز نەک هەرشانازی پێوە ناکەن، بەڵکوو لەکاتی مردنیدا ئاهەنگ و سەمایان دەکرد. شەقامەکانی بەریتانیان بەلافیتەو شیعاری وەک(دێڵە سەگ و داوێن پیس و سۆزانی) بۆ مەرگی ئەو داپۆشی بوو.




تەنها لەبەر ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بێ کار بوون، خزمەتگوزاری کەمدەرامەتەکان کەم کراوبووە. ئەی تاکەی کورد، لەو خەوە ڕا ناچڵەکێ؟ دەکرێ ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو شەڕی کورد کوژییە، میللەتی بەبارزانی و تاڵەبانی بڵێن، شەڕی گردو دۆڵ و تەپۆلکەکانی ئەحمەد ئاغاو ڕاوندز و سەری ڕەش.. هتد، هێنانی دووژمن و داگیرکەرانی کورد بۆ مل شکاندنی یەکدی لەسەرچی و لەپیناوی کام بەرژەوەندی کورد بوو؟ رۆژانە لەکوردستان خەڵکی بەتاوانی لەش فرۆشی و دزی دادگای و سزا دەدرێن، ئەی بۆ سەرۆکێکی کورد، بەتاوانی فرۆشتنی نیشتیمان، بەتاوانی دزینی سامانی کوردستان، دادگایی و سزا نادرێ. دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهان لەئاو نەوتدا کوردستانە، بەڵام لەسەردەستی مافیای کوردی نەقومێ ئاوی پاک و نەچۆڕێک نەوتی فتیلەت دەست دەکەوێ، لەسایەی سەری سەرۆک.

بەریتانیا، کاوە ڕەش

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە