گەندەڵی انعمت علیهم و گەندەڵی مغضوب علیهم!
Sunday, 15/04/2012, 12:00
هەواڵی گرتن ودەست بەسەر کردنی قایمقامی سلێمانی، زانا محهمهد ساڵح بە هۆی گەندەڵی و "بهرتیل وهرگرتن" دوا نەکتەی دەسەڵاتی کوردی بوو لە قەڵەمڕەوی سلێمانیدا. لەناو جەنگڵستانی گەندەڵیەوە لە نوکتەش سەیرترە کە یەکێک بەناوی گەندەڵی بگیرێت وپەڕوباڵی بکرێت، هەواڵەکە لەوە دەچێت کە یاریزانێکی تۆپی پێ فاوڵی لێبگیرێت چونکە بەپێ شوتی لە تۆپەکە هەڵدا بێت! چونکە هەموو دەزانین خۆی یاری تۆپی پێیە بۆ دەبێت تەنها یەکێك سزا بدرێت لەسەر بەکارهێنانی قاچی لە یاریەکەدا لە کاتێکدا هەموو ئەوانەی ناو یاریگایەکە قاچیان بەکار دەهێنن وەک ئەو!
ئەوە خەبەر نییە بڵێی شێرێک لە جەنگڵدا ئاسکێکی ڕاوکرد ولەسەر گۆشتی ئاژەڵە بەستەزمانەکانەوە دەژێت، ئەوە کاتێك دەبێتە خەبەر ئەگەر بڵێیت شێرێك ڕوەکییە وبەپێچەوانەی هاوڕەگەزەکانی هەرگیز بەلای گۆشتی حەرامی ئاژەڵە بەستەزمانەکانەوە دا ناچێت.
گەندەڵی نەك مایەی شەرمەزاری نییە لەو جەنگڵستانەی گەندەڵیدا، وبەڵکو بە دانپێداهێنانی سەرۆکەکانمان بۆتە کلتور و فۆلکلۆر!! و کوڕ ئەو کوڕەیە تا بۆی بکرێت هەلەکان بقۆزێتەوە وتا دەتوانی پارە ومولکی گەندەڵی بۆ خۆی گڵداتەوە...
نەک گەندەڵی ڕێگە پێدراوە لە سایەی ئەو کلتورە گەندەڵەدا بەڵکو فایلداری بەعسیش بە هەر ئاساییە مادام مل کەچ وپەیوەستی بە حزبایەتی وسەرۆکایەتی حزبەکەت...
کورە سەرۆک جاشیش بویت هەر ئاساییە، با بەژداریت کردبێت لە ئەنفالکردنی خەڵکیش هەر ئاسایی یە، ئەوەندەت بەسە دڵسۆزبیت بۆ حزبەکان وسەرکردە قارەمانەکان، گرنگ ئەوەیە ئەگەر حزب شەڕی کرد ئامادە بیت ئەنفال بۆ ئەویش بکەیت!
با ئەمن وڕاپۆرت نووسی ڕژێمی بەعسی پێشوش بیت وچەندین کەست گەیاندبێتە پەتی قەنارەش، گرنگ ئەوەیە ڕاپۆرتەکانی ئێستات لەبەرژەوەندی باڵای حزب ودەسەڵاتدا بێت!!
هیچ کەسی حزبی دڵسۆزتان دی بدرێتە دادگا بە تۆمەتی گەندەڵی ؟!
هیچ کەسی دڵسۆزبە حزب وسەرکردەکانتان دی بدرێتە دادگا بە تۆمەتی خیانەتی نیشتیمانی؟!
لەسایەی پێشکەوتنی وەلای حزبی وکەسێتی بەسەر وەلای نیشتیمانی شتێك نییە بەناوی خیانەت، ئاشکرا کردنی خیانەتی ئەم و ئەو تەنها لە بابی زانینی شتێکەوەیە [باب العلم بشئ] دەنا کەست دیت بدرێتە دادگا لەسەر دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ موخابەراتی دوژمن؟! خیانەتەکان تەنها سودیکیان هەیە بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ کلتور، ئەویش لە کاتی شەرەکانی ڕاگەیاندندا بەڵگەنامەکان بخرێنە بەر دیدی خوێنەرە ئازیزەکان، وکە پێکیش هاتنەوە وەک بڵێی هیچ لە گۆڕێدا نییە، هەر براکەی جارانین.! بە کورتی ئەوانە گەندەڵی گروپی [انعمت علیهم]ن واتە ئەوانەی لێیان ڕازین و بەهرەوەر کردوان ونیعمەت پێدراوانن.
گروپی گەندەڵی دووەم، گەندەڵی گروپی [المغضوب علیهم]ن واتە ئەوانەی خهشم و قینیان لێگیراوه.
کەوابوو ناونیشانی چیرۆکەکە لە بنەڕەتدا بە هەڵە دانراوە، کەیسەکە گەندەڵی و "بهرتیل وهرگرتن" نییە ، بەڵکو سیاسییە ولە ئەنجامی کەوتنە بەر خەشم وقینی وەلی نیعمەتەکەیە، لە ئەنجامی وروژاندنی بابەتێکی ناڕەحەتە بە بەرپرسە باڵاکانی حزبەوە، ولە ئەنجامی تێکدانی ڕۆلی دیارکراو ودەرچونە لە دەقدا [خروج عن النص] شەرت نییە لە دڵسۆزیەوەش ئەو کارەت کردبێت.
لەو جەنگەڵستانەی گەندەڵیدا تۆ تەنها ئەو کاتە بەدیار دەکەوێت گەندەڵیت کاتێ قسە وجولە وڕەفتارت پێچەوانەی کرد لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای حزب وسەرکردەکانی، تۆ تەنها ئەو کاتە خاین وخۆفرۆشی کە دژی بەرژەوەندی باڵای حزب وسەرکردەکانی وەستایتەوە، وەك چیرۆکەکانی هەزار ویەک شەوە کاتێ کەنیشکێکی جوان دەبوە وەحش ودێو ئەگەر تیشکی خۆری پێکەوتبا.
١٥/٤/٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست