بۆ قبوڵی بکه‌م سه‌رۆکم بیت، بۆ قبوڵی ناکه‌یت خه‌زورم بیت؟

Thursday, 20/05/2010, 12:00


کاتێک که‌وتمه‌ بیری نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ دڵم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ زۆرێک ناڕه‌حه‌ت بوو به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بێگومانبووم له‌وه‌ی که‌ بۆئارامکردنه‌وه‌ی دڵ و ئاسوده‌کردنی وویژدانم شتێک له‌ خه‌یاڵمدا دێت و ده‌چێت وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی که‌ئیتر کۆمه‌ڵێک له‌ نهینی له‌هه‌ناویدا هه‌ڵگرتبێت و هه‌ر نهێنییه‌کیش ده‌یان پرسیار و ته‌فسیری ته‌واو نه‌کراوی له‌گه‌ڵ خۆیدا پێ یه، به‌هه‌رحاڵ من له‌م بارودۆخه‌ی که‌ هه‌مبوو زۆر خۆشحاڵبووم و وه‌ک پیشه‌یی هه‌میشه‌ییم بێ یه‌ک و دوو هه‌ستام و کوپی چایه‌که‌م به‌ ته‌واو نه‌کراوی جێهێشت و هاوڕێ له‌گه‌ڵ پینوسه‌که‌م چووینه‌ سه‌ر کورسی مێزه‌که‌م و چه‌ند دانه‌یه‌ک کاغه‌زی سپیی هیچتیا نه‌نوسراووم جیاکرده‌وه‌ و ئینجا ده‌ستم خسته‌ سه‌ریان به‌ نیازی نوسیین، چوونکه‌ وه‌ک هه‌موو کات هه‌رکاتێ که‌ ده‌که‌وومه‌ بارودۆخێکی له‌مجۆره‌ ته‌نها ڕێگه‌ چاره‌یه‌ک بۆ هێنانه‌ زمانی خه‌یاڵه‌کانم نوسینه‌، گه‌رنا ئه‌وان وه‌ک منداڵێکی عه‌جول و یاخیی وان گه‌ر به‌ خواست و ویستی خۆی نه‌بێت هیچ که‌سێک ناتوانێت بیدوێنێت .

‌سه‌رده‌شت ..سه‌ر‌ده‌شت ..سه‌رده‌شت
ئێستا ئیتر تێگه‌یشتم من ده‌مه‌وێت شتێک بنووسم که‌ نیوه‌ی نووسراوه‌، نیوه‌که‌یتری له‌ خه‌یاڵی من و هه‌موو هاونیشتیمانییه‌کی تردا جێماوه‌، بێ سنور له‌ دڵمدا شه‌وق و زه‌وقێکی دره‌وشاوه‌ و له‌ ویژدانیشمدا ده‌نگیکی ئازاد هاته‌ گۆ،هه‌ستم ده‌کرد له‌گه‌ڵ نوسینی هه‌ر ووشه‌یه‌کی ئه‌م ئه‌نگیزانه‌ی خه‌یاڵمدا فرمێسکێک زیاتر ڕووی چاوه‌کانمیان داگیر ده‌کرد، چاوه‌کانم چه‌شنی ڕێژنه‌ بارانیکی به‌ خوڕ بری باران فرمێسکیان قه‌تیس ده‌گرت له‌ نێو خۆیاندا،ئه‌ی خودایه‌ هه‌ستم ده‌کرد زمانی نادیاری سه‌رده‌شت به‌ گوێمدا ده‌چرپێنێت و له‌ ئه‌ندێشه‌کانمدا وه‌ک ده‌ریایه‌کی توڕه‌ شه‌پۆل ده‌دات و ده‌ڵێت : '' ئاخر کامه‌ تاوانی گه‌وره‌ بوو من دژیی مرۆڤایه‌تی کردم،کامه‌ دزیی و جه‌رده‌ی بوو من سامانی خه‌ڵکم پێ وون کرد، کامه‌ زۆرداری و کامه‌ تاوانکاری بوو من به‌رامبه‌ر به‌کوردبوونم ئه‌نجامدا،من که‌ی جه‌لاد بووم و زمانی کوردیم بڕیی له‌ پیناوی ناوی سه‌رۆکدا، من که‌ی منداڵێکم هه‌تیو وبێ نازکرد له‌ جه‌نگی گێلیدا، من که‌یی شه‌ره‌فی خه‌ڵکی سڤیلم کرد به‌ چه‌ره‌سی سه‌رمێز و شه‌رابی ناو پێک، من .من ..من .من من هیچم نه‌کرد هیج ..هیچ ته‌نها ویستم ''ئازاد '' بم ئازاد، من له‌ ئازادیدا جه‌نگی هه‌موو ئه‌م سه‌ره‌ ڕۆییه‌م به‌رپا کرد من نه‌م ویست بکووژ و زۆرخۆرێکی ورگزل و ئه‌قڵ بچوکبم،من نه‌م ویست زمانی مه‌خلوقێکی بێ ئه‌قڵ و بێ مه‌عریفه‌بم که‌ جگه‌ له‌ ناوی سه‌رۆک و ئاخی سه‌رۆک و پشمینی سه‌رۆک و کۆکینی سه‌رۆک و پێکه‌نینی سه‌رۆک هیچ شتێکیتر نابیستن نابینن، ئه‌ی کوا نیشتیمانی ئازاد، کوا هاونیشتیمانی به‌خته‌وه‌ر و سه‌ربه‌ست،کوان به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی،کوا ئینتیمای کوردایه‌تی،کوا هه‌مو شتێک که‌ نه‌تان ویست گوێتان لێی بێت، هه‌ر به‌م شێوه‌ منیشتان به‌ ده‌ردی هه‌زارانی دیی برد و نه‌تان هێشت تێبگه‌ن لێم، نه‌تان ویست گوێم لێبگرن ..هه‌ر ئه‌مه‌بوو تاوانی من هه‌ر ئه‌مه‌ بوو زیاده‌ ڕۆیی من که‌ ته‌مه‌نی ته‌نها 23 ساڵتان له‌م نیشتیمانه‌دا کردم به‌ تۆز و داتان به‌ده‌م ڕه‌شه‌بایی بێ شه‌رمیتانه‌وه‌ .
بۆ نه‌تان ویست گویم لێ بگرن بۆ ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕ به‌ڕیانه‌ خوێنتان ڕشتم، ئاخر خۆمن که‌ی به‌و جۆره‌ ئه‌شقم،بۆ له‌ ئه‌شقی من تێنه‌گه‌یشتن بۆ نه‌تان ویست تێبگه‌ن !
من که‌ی وه‌ک مه‌جنون عه‌شقی جوانی له‌یل بووم، که‌ی وه‌ک فه‌رهاد کێوی بێستونم بۆ ته‌نها قه‌شه‌نگی و خۆشه‌ویستی شیرین که‌ل کرد، که‌ی من به‌م جۆره‌ داوه‌ریم کرد، له‌ بیرم نیی یه‌ چۆن له‌ گۆرتان نام،چۆن به‌ده‌م پێکه‌نینه‌وه‌ گوله‌کانی ناو ده‌می منتان له‌ سنگی نیشتیماندا چه‌قاند، ئه‌شقی من ئه‌شقی نیشتیمان بوو نه‌ک کچی سه‌رۆک و شه‌ره‌فی سه‌رۆک، ئه‌شقی من جه‌نگێکی سه‌خت وه‌ک مردن و ئازار به‌خش وه‌ک گریانی دایکی نیشتیمان بوو .
سه‌رۆک له‌ گوتافی مرۆڤه‌ ئالیه‌کاندا باووکه‌ له‌ زمانی بڕسکاویی خۆیدا باشترین و میهره‌بانترین و خۆ به‌خشترین که‌سی تاک به‌ تاکی هاوڵاتیانه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک که‌ خوانیی گشت خه‌مێکی هاونیشتیمانیانه‌، ئه‌ی بۆ نه‌ی توانی گوێ له‌ من بگریت، بۆ لێم هه‌ڵهات، بۆ جه‌لادانه‌ خوێنی کردمه‌ باوه‌شی نیشتیمان و رۆحی به‌خشیم به‌ ئازادی، ئاخر خۆ جه‌نابی سه‌رۆک بۆ ئاماده‌یت له‌ ووشه‌یی بریقو باقدا سه‌رۆکمان بیت،بۆ ئاماده‌ نیت گوێمان لێ بگریت، گه‌ر من ڕۆڵه‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌ بم ئه‌وا به‌ تێگه‌یشتنی خۆتان هه‌قم هه‌یه‌ که‌ وه‌ک هاوڵاتییه‌کیش ببمه‌ زاوات، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدا گه‌ر گریمان مه‌به‌ستی من به‌م جۆره‌ گێلییه‌ی ئێوه‌ش مه‌زه‌نده‌ بکرێت،خۆ مه‌گه‌ر من مرۆڤم و هاو نیشتیمانیم و داواکارییه‌کی مرۆڤانه‌م خستۆته‌ ڕوو له‌ به‌رامبه‌ر خواستێکمدا !
ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ هه‌رگیز نه‌ کچی بارزایم مه‌به‌ست بوو نه‌ بێ ئابرووکردنی ئه‌وانیش،ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت تێیان بگه‌یه‌نم که‌ چۆن وه‌ک کابووس به‌ سه‌ر سه‌ری ئه‌م میله‌ته‌وه‌ وه‌ستاوون و خراپتر له‌ ئه‌زموونی ڕژێمی به‌عسی فاشیست ئه‌زمونێکی زۆر تۆتالیتێریانه‌ دووباره‌ فه‌راهه‌م دێننه‌وه‌، ئه‌مان دزی ده‌که‌ن و سه‌روه‌ت و سامانی ووڵات له‌ بانکه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا ده‌نێن و ده‌یان کۆمپانیایی جۆر به‌ جۆریان به‌ سامانی ئه‌م میله‌ته‌ قوڕ به‌ سه‌ره‌ بونیاد ناوه‌،هێشتان به‌م هه‌مو زۆر داری و جه‌رده‌یه‌وه‌ کۆڵ ناده‌ن به‌م هه‌مو قۆرغکردنه‌ی سامانی گشتیه‌وه‌ واز ناهێنن و ئازادیمان زه‌وت ده‌که‌ن،سه‌روه‌ریمان ده‌خه‌نه‌ ژیر قۆنده‌ره‌کانیانه‌وه‌، کوڕاوو کوڕیان وه‌ک نه‌وه‌ی فیرعه‌وونه‌کان به‌ سه‌ر که‌له‌سه‌ری هه‌ر یه‌کێکمانه‌وه‌ ڕاستده‌که‌نه‌وه‌، هه‌موو ئێمه‌ وه‌ک ئامڕاز سه‌یر ده‌که‌ن و له‌ پێناووی ئاره‌زوو بازی و گیرفانی قوڵی خۆیاندا ده‌مان که‌ن به‌ قوربانی وه‌ک جوانه‌ '' گا '' !
من ئه‌و ڕاستییه‌م ده‌زانی که‌ به‌زاندنی هه‌ڕه‌می فیرعه‌ونه‌کان تاوانه‌ له‌ دیدی ئه‌واندا و به‌ کاره‌سات به‌ سه‌ر ژیان و رۆحمدا ده‌شکێته‌وه‌ نه‌ک خواستنی کچی فیرعه‌وونێک که‌ هه‌تا ڕووناکی هه‌تاوی به‌رناکه‌وێت و باشترین و نوێترین جۆری جل و به‌رگ و چاکترین جۆری گوزه‌رانی پڕ پڕ له‌ که‌یف و سه‌فا و خۆشی ژیانی بۆ ئاماده‌کراوه‌ و له‌ گه‌ڵ مۆدیلدا وه‌ک خێزانه‌که‌ی نێچیره‌ڤان بارزانی ده‌یان ئۆپه‌ره‌یشنی جوانکاریی ئه‌نجام ده‌دات له‌ پێناویی ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نها ڕووخساری له‌ '' هه‌یفا وه‌هبی '' یه‌کی ڕاخیسه‌ی بێ ئابڕوو بچێت نه‌ک له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و ده‌یان که‌ڵه‌ژنی دیکه‌ی کورد !
ئه‌مه‌ تاوانی من نه‌بوو، من هه‌رگیز تاوانیکم ئه‌نجام نه‌داوه‌،به‌ڵکوو ئه‌وه‌ بنامه‌ڵه‌ '' بارزانی فیرعه‌وونن '' که‌ له‌ به‌رئه‌نجامی تێ نه‌گه‌یشتن و گێلییاندا کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌م جۆره‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌نده‌ی کوشتنی من به‌ حه‌زی گه‌مژه‌یی خۆیان ده‌خولقێنن،چونکه‌ ئه‌وان هێشتان له‌ سه‌رده‌می 2100 پ.ز و سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتداریی '' مه‌نتو حوتێب، ئاموون حوتێب '' ی ده‌سته‌ڵاتدار و فیرعه‌وونی میسری کۆندا بیر ده‌که‌نه‌وه‌ نه‌ک سه‌رده‌می مۆدێرنیته‌و دونیایی نویێ! ''.

قسه‌کانی سه‌رده‌شت ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز ته‌واو نابن و کۆتاییان نایه‌ت،به‌ڵام ئه‌ی به‌ناو باووکی سه‌رۆکو و سه‌رکرده‌مان به‌ڕاستی باوکایه‌تیه‌که‌یشت هاوشێوه‌ی کوردایه‌تی یه‌که‌تبوو پاش ئه‌م هه‌موو ڕه‌نج و به‌رخودانه‌ی که‌ خه‌ڵکی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێچاره‌ی ئێمه‌ دایان له‌ پێناوی کوردایه‌تی و ئازادی نیشتیمان دا تۆ و خێزانه‌که‌ی تۆ و هاوشێوه‌کانت کوردایه‌تیتان کرد به‌ مه‌هزه‌له‌و نیشتیمانیشتان کرد به‌ وێرانه‌،گه‌ر خۆتت به‌ باوکی ئه‌م میله‌ته‌ بزانیبایه‌ خۆ سه‌رده‌شت له‌ فه‌زایه‌کیتره‌وه‌ نه‌هاتبوو یان ڕۆڵه‌ی مه‌مله‌که‌تێکیتر نه‌بو ئه‌و کورد بو کورد،باشتر نه‌بوو له‌ ئێواره‌ خوانێکدا وه‌ک باوکێکی میهره‌بان گوێت لێبگرتایه‌ و خه‌می یه‌کێک له‌ ڕۆڵه‌کانت به‌ هه‌ستی باوکایه‌تی بدوانایه‌ و بت پرسیبایه‌ لێی وو بتوتبایه‌ (''ڕۆڵه‌که‌م ئه‌رێ به‌ڕاست تۆ عاشقی کچی بارزانیت؟ یان عه‌شقی نیشتیمانێک که‌من هه‌موو شتێکیم قۆرغکردووه‌ له‌ هه‌رسێ گیرفانه‌کانمدا دووانیان له‌ بانکو کۆمپانیاکانی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپامه‌ و ئه‌ویی دیشیان لێره‌ هه‌ر له‌م ووڵاته‌دایه‌ که‌ هه‌موو سه‌روه‌توو سامانی لێده‌نێم و ئازادیشی تیا ده‌خنکێنم''!).

ئێستا ئیتر سه‌ردهشتی جوانه‌ مه‌رگ له‌پشت سه‌ری ژیانه‌وه‌ وه‌ک په‌پوله‌ به‌ دوونیایی ئه‌ندێشه‌کانی ئێمه‌دا ده‌فڕێت و باڵیی ئه‌به‌دییه‌ به‌ خه‌ونه‌کانی ئازاد بوون و ئازادیدا ده‌گرێت،ئیتر که‌سێک ناتوانێت ئازادی ئه‌و زه‌ووت بکات،جوانی ئه‌و به‌ خوێن پژان بژاکێنێت، ئه‌وه‌ ئیتر ئێمه‌ین دێڕه‌ ته‌واو نه‌کراوه‌کانی ئازادیی به‌ خوێنی جه‌سته‌ و هیجرانی رۆحمان ده‌نوسینه‌وه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە