کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كه‌ی ئیَن ئیَن... هه‌واڵ یان هه‌ڵویَست؟!

Sunday, 22/12/2013, 12:00






له‌سه‌روبه‌ندی یادكردنه‌وه‌ی 5 ساڵه‌ی كه‌ناڵی كه‌ی ئیَن ئیَن، ده‌ستخۆشی و ستایشی زۆرم بینی، به‌ڵام له‌م كورته‌ وتاره‌دا هه‌وڵده‌م قسه‌یه‌كی جیاوازتر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌ناڵه‌ بكه‌م.
دیاره‌ ئه‌مرۆ میدیای به‌گشتی و میدیای بینراو له‌ كوردستاندا به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ی سه‌ره‌كیدا دابه‌شبووه‌، ئه‌و میدیایانه‌ی كه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆن و ئه‌و میدیایانه‌ش كه‌ حزبین یاخود جۆریَك له‌جۆره‌كان حزب له‌پشته‌وه‌یه‌تی، كه‌ناڵی كه‌ی ئیَن ئیَن هه‌رچه‌نده‌ به‌ره‌سمی سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نیه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ نزیكبوه‌ له‌ گۆڕان و زۆرجار كه‌وتۆته‌ ژیَر كاریگه‌ری ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌و هه‌ندیَجاریش له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ دوركه‌وتۆته‌وه‌، ره‌نگه‌ باشترین نمونه‌ بۆ ئه‌و دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ هاوسازی و هه‌ڵبژاردنی به‌ره‌ی خه‌ڵك بیَت له‌كاتی وه‌رگرتنی 49 ملیۆن دیناره‌كه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران.
له‌دونیای ئه‌مرۆدا گه‌یاندنی زانیاری و گه‌یاندنی خیَرایی هه‌واڵ ره‌نگه‌ ئیدی سنوریَكی بۆ نه‌مابیَته‌وه‌ به‌هۆی تۆرٍه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی (فه‌یسبوك)، به‌مه‌ش له‌ كه‌مترین كات و به‌خیراترین كات هه‌واله‌كان یاخود زانیارییه‌كان ده‌گه‌ن، له‌ كوردستانیشدا ئیَستا باشترین شویَنیَك بۆ ده‌ستكه‌وتنی هه‌واڵ فه‌یسبوكه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ میدیای دیكه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ ته‌نها ورده‌كاری و به‌دواداچونی زیاتره‌.
له‌ ئیَستادا ئه‌وه‌ی به‌لای بینه‌ری ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ گرنگه‌ كوالیتی به‌رزو نوسینگه‌ی زۆرو په‌یامنیَری زۆرو هه‌ڵرژانی پاره‌ی زۆر نیه‌ بۆ كارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌، ، به‌ڵكو نواندنی هه‌ڵویست و پشتگیریكردنی حه‌قیقه‌ته‌، بۆ نمونه‌ كه‌ناڵیَكی وه‌كو جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ری به‌نمونه‌ به‌كامیرای مۆبایل توانی چه‌ندین رژیَمی دیكتاتۆری له‌ ناوچه‌كه‌دا بروخیَنیَت و هه‌میشه‌ بیَ ركابه‌ر كاری میدیای خۆی بكات، ئه‌مه‌ هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین كه‌ناڵی كوالیتی به‌رزو ده‌وڵه‌مه‌ندی دیكه‌ بۆ ركابه‌ری دروستكران.
له‌ماوه‌ی 5 ساڵی رابوردودا كه‌ناڵی كه‌ی ئیَن ئیَن سه‌ره‌رای توانا سنورداره‌كه‌ی و ته‌كنه‌لۆژیاییه‌كی ساده‌، به‌ڵام هاوكات به‌هۆی ره‌خنه‌گرتن و هاوسۆزی خه‌ڵك و پشت نه‌كردنه‌ داواكانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌رووه‌ ره‌خنه‌ی و ده‌برینی هه‌ڵویسته‌وه‌ وه‌ تاكه‌ كه‌ناڵی بیَ ركابه‌ری خه‌ڵك ماوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌و 5 ساڵه‌دا ئه‌م كه‌ناڵه‌ هه‌ندیَجار باڵانسی هاتۆته‌ خواره‌وه‌و هه‌ندیَجاریش به‌رزتر بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دواجار ئه‌گه‌ر بینه‌ریَك بیویستیایه‌ گویَی له‌ره‌خنه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی له‌ گه‌نده‌ڵی له‌ مافی خه‌ڵك بگریَت، كۆنترۆڵه‌كه‌ی ده‌خسته‌وه‌ سه‌ر كه‌ی ئیَن ئیَن.
له‌ ئیَستاشدا له‌ سه‌روبه‌ندی به‌شداریكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ حكومه‌تدا، ره‌خنه‌یه‌كی زۆر، هه‌ندیَجار واقییعیانه‌و هه‌ندیَجاریش زۆر بیَ مانا، سیاسیانه‌ ئاراسته‌ی ئه‌م كه‌ناڵه‌ ده‌كریَت، به‌وه‌ی زمانی خۆی گۆڕیوه‌! به‌ڵام ئایا زمانی كه‌ی ئیَن ئیَن گۆڕاوه‌؟ .
به‌بروای من ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ ئیَستا نه‌زمانی خۆی گۆڕیوه‌و نه‌ چه‌مكه‌كانیشی ده‌ستكاریكردوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندیَك وا ده‌ڵیَن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها هیَوربونه‌وه‌ی دۆخیَكه‌ كه‌ ده‌بیَت هیَوربیَت، چونكه‌ له‌ ئیَستادا له‌ شه‌قامی سیاسی كوردستاندا هیچ بابه‌تیَكی گه‌رم هیَنده‌ی دروستكردنی حكومه‌ت له‌ ئارادا نیه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك مافیَكی ده‌نگده‌رانی گۆڕان بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌تدا ئه‌م كه‌ناڵه‌ ده‌بیَت جاریَك هیَوربیَت، خۆ ناكریَت تۆ باس له‌ گۆڕانی سیاسی بكه‌یت و فرسه‌تی ئه‌وه‌شت هه‌بیَت، له‌هیچی نه‌بوو بیَت تیَكیبده‌یت.
نازانم من وه‌كخۆم تا ئیَستا هیچم نه‌بیستوه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ تا دونیا دونیابیَ به‌م شیَوازه‌ی ئیَستای به‌رده‌وامبیَت، برواشم وانیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌به‌ر خاتری دوو سیَ كورسی وه‌زاری و چه‌ند بریكارو مدیر عامیَك، ئیدی ئاشبه‌تاڵی لیَبكات و هه‌موو خه‌ونی گۆڕانی خۆی و ده‌ستور و سیسته‌می په‌رله‌مانی و فره‌یی حزبی و دابه‌شكردنی عادیلانه‌ی داهات و زانینی داهاتی نه‌وت بكات به‌ قوربانی چه‌ند كه‌سیَك و چه‌ند به‌رپرسیَكی دیكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبكا.
به‌بروای من قۆناغی داهاتوی ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی دیكه‌ قورسترو سه‌ختر ده‌بیَ، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ ره‌خنه‌كانی هه‌ر به‌ته‌نها بۆ نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانی گۆڕان نیه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌و گۆڕانخوازانه‌شه‌ كه‌ ده‌رۆنه‌ حكومه‌ته‌وه‌ یاخود پۆستیَك وه‌رده‌گرن و ئیدی هه‌مان قه‌وانی وه‌زیرو به‌رپرسانی یه‌كیَتی وپارتی دوباره‌ده‌كه‌نه‌وه‌...
من وه‌ك كارمه‌ندیَكی ئه‌م كه‌ناڵه‌ بروام وایه‌ ئه‌م قۆناغه‌ی كه‌ی ئیَن ئیَن ، هه‌روه‌ك جاران قۆناغی هه‌ڵویَسته‌، نه‌وه‌ك هه‌ر به‌ته‌نها قۆناغی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵیَكی ساده‌، قۆناغی دادگایكردنی ئه‌زمون و ته‌جروبه‌ی به‌رپرسه‌ تازه‌ حكومیه‌كانی گۆڕانه‌، نه‌ك قۆناغی ستایش و پیاهه‌ڵدانیان، هه‌مومان كاروان ساڵح و 49 ملیۆن دیناره‌كه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانمان له‌بیره‌..هیواخوازم ئه‌م كه‌ناڵه‌ هه‌مان كه‌ناڵه‌كه‌ی جاران بیَت، هه‌رواش ده‌بیَ...........

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە