روونكردنەوەى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى سلێمانى سەبارەت بەرووداوەكانى ئەمڕۆ
Monday, 18/04/2011, 12:00
ئێوارەى ئەمڕۆ 17/4/2011 لەكاتێكدا لەمەیدانى ئازادى شەستەمین رۆژى خۆپیشاندانەكانمان بەڕێدەخست هێزێكى زۆرى ئاسایشو پۆلیسى چالاكیە مەدەنیەكانو دەمامكدارەكان لەشەقامى پیرەمێردو دەوربەرى مەیدانى ئازادى بەچڕى كۆببوونەوەو ئەو شەقامەیان بەتەواوى كۆنترۆلأ كردبوو، سیماى شارو دەوروبەرى مەیدانەكە میللیتاریزە كرابوو، ئەمەش بووە هۆى روودانى پێكدادان لەنێوان بەشێك لەخۆپیشاندەران لەگەلأ ئەو هێزانەدا، تەقەكردنى هێزە چەكدارەكان لەخەڵكى توڕەو ناڕازىو پەلاماردانى خۆپیشاندەران توندوتیژى زۆرى لێكەوتەوەو سەرەنجام زیاتر لە 55 كەس بەگووللەو بەردو جۆرێكى تایبەت لەگازى فرمێسك رێژ برینداربوون..
دواتر هێزە چەكدارەكان هەروەكو چۆن بەشێوەى پێشوو لەهەوڵى دارشتنى سیناریۆى جۆراوجۆر بوون بۆ لێدانى مەیدانى ئازادى، روودانى ئەم پێكدادانەیان بەفرسەت زانى بۆ هێرشكردنە سەر مەیدانەكەو بەتەقەكردن لەخۆپیشاندەرانو تەقەى هەوایى زۆر لەمەیدانى ئازادى نزیكبوونەوەو بۆ نانەوەى ترسو دڵەراوكێو پشێوى چەندین بۆمبى گازى فرمێسك رێژیان بۆ بلاوەپێكردن لەدژى خۆپیشاندەران بەكارهێنا، لەئەنجامدا توانیان پشێوى لەمەیدانەكەدا دروستبكەنو سەدان كەس بەهۆى ئەو گازەوە لەو شوێنە بریندارببنو لەنێویاندا چەندین ئەندامى ئەنجوومەنى كاتى ئازادى تیادایە...
رووداوەكانى ئەمڕۆ بۆ جارێكى تر سیماى ئەم دەسەڵاتە دزێوەى بەهاونیشتمانیانى كوردستان نیشاندا. بۆیە ئێمە بۆ جارێكى تر سووربوونى خۆمان لەسەر خۆپیشاندانو كۆبوونەوە لەمەیدانى ئازادى دووپات دەكەینەوەو بانگەوازى هاونیشتمانیان و هەموو خەڵكى شارەكە دەكەین كەسبەینێ لەمەیدانى ئازادى كۆدەبینەوەو بەردەوام دەبین.
هەروەها داوا لەدەسەڵاتداران دەكەین دەست لەمیللیتاریزەكردنى شارو دەوروبەرى مەیدانى ئازادى هەڵگرنو ئیستفزازى خۆپیشاندەران نەكەنو وەلامى راستەقینەو دوور لەچەواشەكارى بەخۆپیشاندەران بدەنەوەو دەست لەپەلامارو پێشیلأكردنى مافەكانى هاونیشتمانیان هەڵگرن..
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
17 شوباتى 2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست