کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی بەرپرسەکانی باشور واژوو بۆ ئازادبوونی ئاپۆ دەکەن؟

Tuesday, 28/05/2013, 12:00


هەموومان دەزانین کردەوەی هەر کەس باشترین پڕووپاگەندەیەتی، چەند ڕۆژێکە بەناو سیاسی و بەرپرسەکانی باشور بەدەسەڵات دار و بە ئۆپۆسیسیۆنەوە لە بەردەم کامێراکاندا دەوەستن و واژۆ لەناو دەفتەرێکدا دەکەن بۆ ئازادبوونی سەرکردەی بەندکراو (عەبدوڵا ئۆجەلان) کە ماوەی 13 ساڵە لە لای فاشیەکانی تورک لە زینداندایە و هەموو ڕۆژێک ڕۆحی دەکێشرێت .
دەسەڵاتدارانی باشور دەیانەوێت بەم واژۆیە چیمان پێ بڵێن ؟
بێ هیچ دوو دڵییەک و بەوپەڕی خاکە ڕایەوە دەڵێم من لە جێگەی ئاپۆ بوومایە قەت سواڵی واژۆ کردنم لە و بەرپرسانە نەدەکرد کە غەرقی خیانەت بوون . من لەجێی ئاپۆ بوومایە 13 ساڵی تر، لە زیندان دادەنیشتم بەس نەم دەویست کورد کوژێک خائینێک و دزێک و نیشتمانفرۆشێک بێت و واژۆ بۆ ئازادیی من بکات.
من ستایش لە واژوویەکدا نابینم، لای من ستایشکردن داوای لێبوردنە لە مێژوویەک کە بەدەمی خۆیان دەیان ووت: ئاپۆ تیرۆریستە، پەکەکە ڕێگە خۆشکەرن بۆ ئەوەی باشوری ووڵات بۆردمان بکرێ، بڕۆنەوە بۆ ووڵاتی خۆتان، چەکەکانتان دانێن، کوا باوی چەک ماوە؟ ئەو کارانە هێندە نەشیاوبوون ئەو قسانە هێندە قێزەون بوون مەگەر مردن لەبیرمان بەرێتەوە. یەکەمین سەروەری پەرلەمانی باشور بڕیاری شەڕ بوو لەگەڵ پارتی کرێکاراندا، ئێستا هەموو ئەو بەرپرسە ترسنۆکانە، بێشەرمانە بۆ ئازادی ئاپۆ واژۆ دەکەن و بەکوردایەتی و سەروەریی پێمان دەفرۆشنەوە. سەمەرە لەوەدایە کەسێکی وەک ئەدهەم بارزانی دەڵێ دەبێ ئاپۆی هاوڕێم بە زووترین کات ئازاد بکرێت .
هەموو ئەم بەرپرسانە بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە گەشتەکانیاندا بۆ سوریا یان بیقاع وێنەیەکیان لەگەڵ ئاپۆدا گرتووە، بەدرێژای ئەو هەموو ساڵە وێنەکانیان شاردبۆوە، ئێستا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوکیان پڕ کردوە لەوێنەی خۆیان و ئاپۆ .
لە مێژە بڕیارم داوە کردارەکانتان لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵسەنگێنم، واژۆ کردنەکانی ئەم ڕۆژانەتان پەرجور و سەرنجی ڕانەکێشاووم، بەڵکو بەپێچەوانەوە دیوێکی تری ئێوەم بۆ دەرکەوت، کە لاتان وایە بەو واژۆ کردنە، ئاپۆ دێتە ڕیزی ئێوەوە، نازانن ئێوە هەمووتان بەتۆپەڵ وون دەبن لەناو کتێبەکانی ئاپۆدا .
ئێوە دەتانەوێت پێمان بڵێن ئێمە زێڕێکی خەوشدار بووین بەڵام دوای واژۆی ئێمە بۆ ئازادی ئاپۆ دەبینە زێڕێکی بێخەوش و خەڵکیش دەزانێ ئێمە چەندە بۆ نەتەوە سوتاوین؟
دووڕووی ئێوە هێندە دیارە لەماوەی ئەم 23 ساڵەی حاکمیتاندا لە باشوری ووڵات و ئەو هەرێمەی بۆیان دامەزراندوون، هەزاران تاوانتان بەرامبەر گەلەکەی خۆتان ئەنجام داوە، گەر ئازان فەرموون واژۆ بکەن بۆ دەرکرنی میت و ئیتڵاعات و سەربارخانەکانی داگیرکەران لە باشوری ووڵاتدا یان لەو هەرێمەی تێدا حاکمن .
ئێوە لە ماوەی 14 ساڵدا ئەو هەموو فشارە لە سەر ئاپۆ بوو ئازایەتی ئەوەتان نەبوو باسی ڕيوشی زیندانی ئەو پیاوە بکەن، ئێوە بەسەدان گەریلاتان زیندە بەچاڵ کردووە، ئێوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت چەندین گەریلا لاتان لە زیندانەکاندایە، ئێوە چێن ؟
مەسعود بارزانی دەڵێ هیوادارم، کە عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت، بەڵام دوێنی هەڕەشيی دەکرد و دەیووت ڕێگا نادەین حیزبێکی دیاری کرا و ڕەوشی ڕۆئاوا بگرێتە دەست و ماوەی چيند مانگێکیشە لێرەو لەوێ سنور لە کوردەکانی ڕۆژ ئاوا دادەخەن ئەمە چ دووڕوویەکە؟ ئەمە چ داڕمانێکی ئەخلاقییە؟ بیرمە یەکێک لەبەر پرسەکانی دەسەڵات لە کۆبونەوەیەکدا داوای لە ئەمەریکێکان کردبوو کە قەندیلیش وەک ئیسلامێکانی تەوێڵە بۆردمان بکرێت و ئاساریان نەهێڵن، ئەمڕۆش ئەو بەرپرسە بەتەمایە بێگۆڕێت.
من لەناخەوە حەز دەکەم هەموو کەسێک کە بۆ ئازادی مرۆڤایەتی تێدەکۆشێ بێتەوە ناو کۆمەڵگا، لەناخەوە ئاواتەدەخوازم زیندان هەر نەمێنێت، زۆر بە ئاواتەوەم ئاپۆش بەئازادیی ببینین. واژۆکانتان بۆ ئازادی ئاپۆ جگە لە ڕیاکاری و فریودان هیچی لێ سەوز نابێت، دەنا دەتان توانی بێدەنگ واژوو بکەن . دوا بیر هێنانەوە بۆ ئەو وێنەیەی سەرەوەی دادە هێرۆ ئەی چی دەڵێ کە کوڕەکەت لەپلانێکی جەهەنەمیدا بەشداربوو کە دەیوویست هەموو سەرکردایەتی پارتی کرێکاران بە کۆپتەرێکی شڕی تورکی بەرێتەوە بۆ تورکیا و کوردستانپۆست پەردەی لە سەر ئەو خیانەتە هەڵدایەوە، واژۆکەتان مێژووی خیانەتان ناسڕێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە