کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ئابڕوو چوون دوای ئابڕوو چوون!

Saturday, 02/05/2009, 12:00

2412 بینراوە


چوارهه‌م که‌س له‌ده‌ستی ڕاسته‌وه‌ فڕۆکه‌وان تاریق ڕه‌مه‌زان ڕۆژی ئازادکردنی 28ی ئه‌کتۆبه‌ری 2007 له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌یفه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی سلێمانی، ئاسایش ڕاستده‌کات و ئه‌م فۆتۆیه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ که‌ فڕۆکه‌وانه‌که‌ له‌ ده‌ستیان ڕایکرد!

ده‌زگاکانی ئاسایشی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ هاوشانی هه‌ردوو ده‌زگای به‌دناوی پاراستن و زانیاری له‌ کێبڕکێدان بۆ له‌ژێرپێنانی مافه‌کانی مرۆڤ و هه‌موو ئه‌و به‌ندانه‌ی که‌ له‌ جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤدا هاتون، هه‌ر ماوه‌یه‌ک و چیرۆکێکی ترسناکی نێو زیندانه‌کانی به‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێته‌ بابه‌تی باس و لێدوانی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و میدیای جیهانی، دوو جمکه‌که‌ش وه‌ک پیشه‌ی هه‌موو دیکتاتۆره‌کانی جیهان نکۆڵیده‌که‌ن و ده‌ڵێن شتی وا ڕووی نه‌داوه‌ و نابێت، که‌چی هه‌ر خۆشیان دوایی شه‌رمنانه‌ و له‌ژێر لێوه‌وه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێن وه‌ک له‌م ڕۆژانه‌دا حاکم قادر به‌ ئاشکرا و بۆ تاوانبارکردنی به‌‌رپرسه‌کانی ئاسایشی به‌ر له‌و ووتی به‌ڵێ شتی وا ڕوویداوه‌ و له‌مه‌ولا نایه‌ڵین ڕوو بدات! با بێمه‌ سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌ وه‌ک هه‌موومان بیستمان که‌ فڕۆکه‌وان تاریق ڕه‌مه‌زان له‌لایه‌ن خودی تاڵه‌بانیه‌وه‌ به‌ردراوه‌ و سه‌یفه‌دین عه‌لی فه‌رمانه‌که‌ی تاڵه‌بانی جێبه‌جێ کردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ نوسراوێکی ئابڕووبه‌ردا ئاسایشی گشتی دادگای باڵای تاوانه‌کانی عیراقی ئاگادار کردبوه‌وه‌ که‌ تاریق ڕه‌مه‌زان له‌ کاتی بردنیدا بۆ خه‌سته‌خانه‌ ڕایکردوه‌ و هه‌ڵاتوه‌ بۆیه‌ ئاسایش ناتوانێت ئه‌و تاوانباره‌ ئاماده‌ بکات له‌ دادگایکردنی تاوانبارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا، ئه‌وه‌ بوو دوایی ئاشکرا بوو که‌ ڕاست نیه‌ و درۆیه‌ تاریق ڕاینه‌کردوه‌ و به‌ فرمانی تاڵه‌بانی به‌ردراوه‌.


تا ئێره‌ ئه‌مه‌ نیوه‌ی چیرۆکه‌که‌ بوو، نیوه‌که‌ی تری که‌ زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ر و پێشبینی نه‌کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاریق ڕه‌مه‌زان هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌تده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌و تاونبار بێت له‌ بوردومانی هه‌ڵه‌بجه‌دا و دانپیانانه‌کانی پێشووی که‌ تۆمارکراوه‌ هه‌ر هه‌مووی ڕه‌تده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت ئه‌و دانپیانانه‌ له‌ژێر ئازاردان و ئه‌شکه‌نجه‌دا بووه‌ و له‌ ترسی ئه‌وه‌ی زیاتر کاربه‌ده‌سته‌کانی ئاسایش چی دی ئازارم نه‌ده‌ن بۆیه‌ ووتومن و من په‌شیمانم و هیچی ڕاست نیه‌، ته‌نانه‌ت ڕۆژانی 16 و 17ی مارسی 1988 ئه‌و به‌ هیچ جۆرێک هه‌ڵنه‌ستاوه‌ و نه‌فڕیوه‌ چونکه‌ کۆتایی هه‌فته‌ بووه‌ و تۆماری ئه‌وه‌شی بڵاوکردۆته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئاسایش به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌ که‌ ئه‌و هه‌ڵهاتبێت له‌ده‌ست ئاسایش به‌ڵکو ئاسایش خۆیان به‌ریانداوه‌ به‌ فرمانی تاڵه‌بانی و بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌ی وێنه‌یه‌کی خۆی و سه‌یفه‌دین عه‌لی بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ له‌م وتاره‌دا ده‌یبینن، ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌ که‌ تاوانبار بوو ئێستا ئه‌و ئاسایش تاوانبار ده‌کات و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ سکاڵا له‌ دژی حکومه‌تی هه‌رێم و ئاسایش تۆمار بکات چونکه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازاریان داوه‌ و وایان لێکردوه‌ عێراق به‌جێبهێڵێت و ده‌ربه‌ده‌ر بێت و ببێته‌ په‌نابه‌ر و بوونه‌ته‌ هۆی زیانێکی گه‌وره‌ بۆ خۆی و خێزانه‌که‌ی له‌ ڕووی مه‌عنه‌وی و مادیشه‌وه‌، دێته‌ سه‌رباسی ئه‌و مامه‌له‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی ده‌زگای ئاسایش له‌ ئاسایشی گشتی و گرتوخانه‌ی کانی گۆمه‌ که‌ چۆن 120 که‌سیان له‌ 42 مه‌تر دووجادا خزاندوه‌ و خراپی خواردن پیسی و ئاوی گه‌رم و نه‌خۆشی پێست و دزینی‌ بڕی 10 دۆلار له‌ کۆی ئه‌و 12 دۆلاره‌ی که‌ ڕۆژانه‌ ته‌رخانکراوه‌ بۆ خۆراکپێدانی هه‌ر به‌ندێک، هه‌روه‌ها مامه‌له‌ی هۆڤیانه‌ وئه‌و بێ ڕێزیه‌ی که‌ کارمه‌نده‌کانی ئاسایش رۆژانه‌ ده‌ینوێنن له‌به‌رامبه‌ر به‌نده‌کان، چۆن ئاسایش له‌ کاتی سه‌ردانی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گێراوه‌کان ده‌که‌ن که‌ نابێت هیچ بدرکێنن و بڵێن ده‌رباره‌ی باری خراپی ژیانیان و هه‌ڵسوکه‌وتی نامرۆڤانه‌ی ئاسایش له‌گه‌ڵیاندا، باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ چۆن ((دوو که‌س که‌ دادوه‌ر بوون یه‌کێکیان ژنێک بووه‌ به‌ ناوی هاوار حه‌مه‌ خورشید و دادوه‌رێکی پیاو که‌ ناوه‌که‌ی بێرچۆته‌وه‌ ئێستا داوایان لێکردوه‌ که‌ ده‌رباره‌ی دانپیانانه‌کانی بدوێت و ئه‌میش پێی ووتون ئه‌وه‌ دانپیانانی درۆ بوون false confession ڕاست نه‌بوون من بێتاوانم، ئه‌و دوو دادوه‌ره‌ چۆن توڕه‌ بوون و به‌گژیدا چوون و ووتویانه‌ گه‌ر دان نه‌نێت به‌وه‌ی که‌ ووتوته‌ جارێکی دی ده‌تنێرینه‌وه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ ، منیش ده‌مزانی ئه‌مه‌ یانی ناردنه‌وه‌م جارێکی دی بۆ ئه‌شکه‌نجه‌دان له‌ ترسی ئه‌و ئازاردانه‌ ڕه‌زامه‌ند بووم به‌ هه‌رچیه‌ک که‌ ئه‌وان لێیان ده‌ویستم و دادوه‌ره‌ پیاوه‌که‌ له‌ کۆتاییدا داوای لێکردم که‌ له‌و دانپیانانه‌ ساخته‌یه‌دا بنووسم که‌ من پارێزه‌رم ناوێت و ئیمزای بکه‌م)) ، ئا به‌م جۆره‌ دانپیانانیان له‌و فڕۆکه‌وانه‌ وه‌گرتوه‌ وه‌ک خۆی ده‌ڵێت! ده‌یه‌ها باس و خواسی تر* ، له‌ 25ی ئۆکتۆبه‌ری 2007دا تاڵه‌بانی فه‌رمانی ئازادکردنی تاریق ده‌دات به‌ڵام له‌ 28 ی ئۆکتۆبه‌ردا ئازاد ده‌کرێت، به‌ ووته‌ی تاریق له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ له‌ بارێکی ته‌ندروستی زۆر خراپدا بووه‌ چونکه‌ ماوه‌یه‌ک بووه‌ له‌ کانی گۆمه‌ مانی گرتبوو له‌ خواردن ئاسایش ویستویانه‌ ئه‌و 3 ڕۆژه‌ هه‌ندێک بێته‌وه‌ سه‌رخۆی، ڕۆژی 28 سه‌یفه‌دین عه‌لی ئه‌حمه‌د ده‌بینێ و سه‌یفه‌دین پێی ده‌ڵێت پیرۆزه‌ کاک تاریق! مام جه‌لال بڕیاریدا که‌ ئازاد بکرێیت، به‌ڵام پێویسته‌ سه‌رت بتاشیت و ڕیشت بتاشیت و هه‌ندێک شیریش بخۆیته‌وه‌! ئینجا ده‌ڵێت داوام له‌ سه‌یفه‌دین کرد که‌ نوسراوێکم بداتێ که‌ من بێ تاوانم و به‌ فه‌رمانی سه‌رۆک جه‌لال تاڵه‌بانی ئازاد کراوم، به‌ڵام ڕازی نه‌بوو ووتی: ئه‌مره‌کانی مام جه‌لال نوسراوی ناوێت! به‌ڵام تاریق زۆر زیره‌کتر ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی، له‌به‌ر ده‌رکی ئاسایشدا کوڕه‌ گه‌وره‌که‌ی و برازاکانی چاوه‌ڕێی ده‌که‌ن ئه‌م هه‌له‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت:به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ تکایه‌ ڕێگه‌ بده‌ن به‌ برازاکانم و خۆم که‌ وێنه‌یه‌ک پێکه‌وه‌ بگرین ، تاریق ده‌یزانی ڕۆژێک دێت که‌ پێویستی به‌ به‌ڵگه‌ ده‌بێت بۆیه‌ زیره‌کانه‌ ئه‌م گۆڵه‌ی له‌ شێره‌که‌ی ئاسایش کرد و ئه‌م فۆتۆیه‌ی بۆ ئه‌مڕۆ هه‌ڵگرت ، ئای که‌ شه‌رمه‌ میلله‌تێک خاوه‌نی ده‌زگای وا نا مرۆڤانه‌ و دژ به‌ مرۆڤایه‌تی بێت، ئای که‌ شه‌رمه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێکی ئاسایشی وڵاتێک ئاوا گه‌وجانه‌ به‌ڵگه‌ بداته‌ ده‌سته‌وه‌، ئای که‌ شوره‌ییه‌ بۆ سه‌رۆکێک که‌ ئاوا ده‌ستی ئاسایشه‌کانی واڵا بکات‌‌، ئای که‌ شه‌‌رمه‌زاریه‌ دادوه‌ری ئاوامان هه‌بن و زاده‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌ک بن که‌ هه‌زاران که‌سی کرده‌ قوربانی له‌ پێناو ئازادی مرۆڤی کوردا که‌چی ئێستا خۆمان ببینه‌ پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ، ئای که‌ مایه‌ی نابووتیه‌ میلله‌تێک ده‌نگ بدات به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ئاوا دژ به‌ مرۆڤ، لێره‌دا پرسیارێکی زۆر گرنگ سه‌ر هه‌ڵئه‌دات و ڕوو به‌ ڕووی ده‌سه‌ڵاتی مافیا ده‌بێته‌وه‌ ئایا ئه‌مانه‌ی ئه‌م فڕۆکه‌وانه‌ ده‌یڵێت ڕاستن یان نا؟ بۆ نایه‌نه‌ زمان و شتێک بڵێن؟ گه‌ر ئه‌مانه‌ ڕاست بن به‌ ڕاستی تاوانێکی گه‌وره‌تان کردوه‌ که‌ که‌سێکی بێگوناهتان له‌ تاوانێکی گه‌وره‌ی وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ گلاندوه‌، ئه‌مه‌ تاوانێکه‌ و لێخۆشبوونی نیه‌، گه‌ر واش نیه‌ باشه‌ بۆ وه‌ڵام ناده‌نه‌وه‌ و ڕاستیه‌کان یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌ و گه‌ردنی خۆتان ئازاد بکه‌ن.
*بۆ ته‌واوی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ و وێنه‌ و دۆکۆمێنته‌کان سه‌یری ئه‌م به‌سته‌ره‌ بکه‌:

http://www.eurokurd.net

بۆ دانپیانانه‌کانی تاریق ڕه‌مه‌زان سه‌یری ئه‌م به‌سته‌ره‌‌ بکه‌:

http://www.almalafpress.net/index.php?d=169&id=83786

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)