کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی هیوایەتی واژو کردنە

Thursday, 14/06/2012, 12:00


یەکێک لە سیما دیارەکانی پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی، بریتییە لەو ڕێنمایی و فەرمانە نابەجێیانەی کە بەردەوام لەکاتی ناوەخت و بۆ مەبەستی نا ئاشکرا جەنابی بەڕێوەبەر ئیمزایان لەژێردا دەکات.
لە ڕابردوودا چەندین بڕیاری کۆمیدیمان بینی بە ئیمزای مامۆستا کەمال، کە دواتر خۆپیشاندانی خویندکاران و ناڕەزایەتی زۆریان لێکەوتۆتەوە، هەڵبەتە هۆکاری یەکەم بۆ ئەم کێشە یەک لەدوای یەکانەی کە بەهۆی بڕیارە نابەجێکانی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانیەوە دروست دەبێت، لاوازی ئاستی بەڕیوەبردنی خودی بەڕێوەبەرە، چونکە ئەوەی کە لەکۆتایدا واژووی فەرمانەکان دەکات بەڕیوەبەری مەڵبەندەکەیە.
لە نوێترین مەزهەلەی ئەم بەڕێوەبەرەدا کە داواکارییەکی زۆر کۆمیدییە لە مامۆستایانی وەرزش و هونەر و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان، کە لە ڕێکەوتی ٦ ی ٦ ی ٢٠١٢ بە ژمارە ٢٢٨٣٤ بە واژووی مامۆستا "کەمال نوری غەریب" دەرچووە و بڕی ٦٥٠ چاپی لێ گشتاندن کراوە بەسەر خوێندنگاکاندا و داوا دەکات مامۆستایانی وانەی هونەر و وەرزش و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان لە پشوی هاویندا لە قوتابخانەکانیاندا دەوامی فەرمی بکەن. لە نووسراوەکەدا فەرمانی بەڕێوبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی بەوە کۆتایی هاتووە کە لانی کەم دەبێت مامۆستایان ئەو ڕۆژانە دەوام بکەن کە بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی لە قوتابخانە دەوام دەکەن.
ئەم بڕیارەی بەڕێوبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی بە شێوەیەکی نائاسایی توانای لاوازی بەڕێوەبردنی مامۆستا کەمال و ستافەکەی ئاشکرادەکات، چونکە لەسەرەتاوە فەرمان بە دەوامکردن دەکات و پاشان بە خاترگرتنی مامۆستایان کۆتایی دێت کە دەتوانن تەنها لەو ڕۆژانەدا دەوام بکەن کە بەڕێوەبەرەکانیان دەوام دەکەن، ئەمە با ئەو گاڵتە بازاڕییە بووەستێت کە لەدەستپێکی فەرمانەکەدا نووسراوە "دەوامکردن لە ڕۆژانی پشودا"، چونکە ڕۆژانی پشوو لەبەر ئەوە ناو نەنراوە پشوو کە خۆرەتاوە یان هەوای سەیرانی هەیە، بەڵکو بۆیە بە ڕۆژانی پشوو دەوترێت پشوو، چونکە دەوامی فەرمی تێدا نیە. لێرەوە ئەبێت ئومێدی چیمان بە بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی هەبێت لە پێگەیاندنی نەوەیەکی ڕەوانبێژ و کامڵ گۆ کە خودی بەڕێوەبەر نافامێت کوردییەکی ساغ بدوێت و بنووسێت و واژۆبکات!!
ئەمانە سەرەڕای ئەوەی کە جەنابی بەڕێوەبەرەکە داوای دەوامی فەرمی لە ڕۆژانی پشوو دەکات کە لەکاتێکدا هەتا ئێستاش هیچکام لە وانەکانی وەرزش و هونەر خاوەنی پڕۆگرامێکی ستانداردی پەروەردەیی نین و مامۆستا بەڕێزەکانی ئەو دوو وانەیە بە سەلیقەی خۆیان کاتی خوێندکاران دەکوژن و بەڕێیان دەکەن، واتا لە خوێندنگەیەکەوە بۆ خوێندنگەیەکی دی وانەکانی وەرزش و هونەر جیاوازیی گەورەیان هەیە و تا ئێستا مەنهەجێک نیە تا مامۆستاکان لە سەرجەم خوێندنگەکاندا لەسەر یەک پڕۆگرام و بابەتی خویندن وانە بڵێنەوە، ئەمەش لەکاتێکدا خویندکارانی قۆناغی ١٠ کۆنمرەیان بۆ پۆلی ١٢ بۆ ئەژماردەکرێت و سەرلەبەری ئەم بێسەروبەرەیەش تەنها بە زیانی خوێندکاران تەواو دەبێت.
یەکیکی تر لە کەلێنەکانی ئەم بڕیارە کۆمیدیەی جەنابی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی ئەوەیە کە لە پشوی هاویندا فەرمانی فەرمووە، بیری چۆتەوە کە لە ئێستادا خوێندکاران لە ماڵەوەن و لە پشودان و سەبارەت بەم بڕیارە ئاگادارنین.
من وەک خۆم هیوادارم جەنابی کاک "کەمال نوری" قەڵەمەکەی بخاتەوە گیرفانی و ئەوەندە دەست و برد نەبیت لە واژو کردنی هەر بیرۆکەیەکی سەقەت کە بە مێشکی هەر کەسێکدا هاتووە، چونکە ئەمە سەرەڕای ئەوەی زیان گەیاندنە بە ڕۆحی خوێندکار و عیشقی خوێندکار بۆ خویندن، زیان گەیاندنە بە کەسایەتی و پێشگری ناوی مامۆستایەتی خودی خۆی، چونکە لانی کەم ئەبێت جەنابی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی ئەوە بزانێت کە ئەرکی مامۆستا و بەڕێوەبەری بەشە ئیداریەکان دوو ئەرکی جیاوازە، بۆ دەبیت بەیەکەوە دەوام بکەن؟
لێرەوە ئاسانتر دەتوانیت ئەو شکستە گەورەیە ببینین کە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بەهۆی نمونەکانی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانیەوە دوچاری دەبێت و تا هەنوکەش پرۆسەی پەروەردە وەک بەلەمی شکاو لەناو زریانی بەڕێوەبەر و فەرمانە سەیرەکانیاندا سەوڵ لێدەدات و ناگاتە هیچ ئەنجامێک.
هیوادارم مامۆستایانی وەرزش و هونەر هەروا بەئاسانی نەچنە ژێر باری فەرمانی لەم جۆرەوە کە تێیدا بەئاشکرا سوکایەتی کردنە بە کات و پشووی ئەوان.
هیوادارم جەنابی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی لەبری ئەم بڕیارە بێسەروبەرەیەی، بیر لەوە بکاتەوە سود لە نوخبەی مامۆستایانی وەرزش و هونەر ببینێت و داوایان لێبکات پێکەوە پڕۆگرامێکی پێشکەوتوو بۆ ئەو دوو وانەیە دروست بکەن.
دڵنیاشم کە هیچ خوێندکارێک ئەم بڕیارەی جەنابی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی قبوڵ نییە و ناچن بەدەم فەرمانەکەیەوە، چونکە زۆربەی خویندکاران دەبێت لە پشووی هاویندا، لە سایەی حکومەتی نەوتفرۆشی پارتی و یەکێتیدا، کار بکەن و پارە پاشەکەوت بکەن تا بتوانن بەردەوامی بە خوێندنەکەیان بدەن.
لەکۆتایدا لەچاوەروانی واژووی زیاتری بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانیدابن لەسەر فەرمانێکی سەقەتی تر، خوا ڕەحم بکات.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی بڕیاره‌که‌ی به‌ڕیوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی/ سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی ده‌وامکردن له‌ پشوودا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە