خەمێكى كۆن
Saturday, 17/04/2010, 12:00
زۆر جار كە بیر لە چارەى خۆم و ئەو خەڵكە ئەكەمەوە
ڕەشبینى بەرۆكم ئەگرێ و .. وا هەست ئەكەم
جارێكى تر
هەر گیز تروسكەى ئومێدێ
لەم ڕۆژگارە تاریكەدا
نادۆزمەوە
دەستەوستان دانانیشم
بەڵام چى بكەم ؟!!
كۆمەڵگەیەك
لە سەر پێَخەفى گەمژەیى چەند سەدەیەك
چوبێتە خەوى غەفڵەت و
نە لە خشەى هیچ مارێ بسڵەمێتەوە و
نە جارێ سەرى هەڵ ببڕێ
لە بەارمبەر هاڕە هاڕ و گرمە گرمى
هێزى هیچ بومەلەرزەیەك
دەى خودایە چۆن من خەبەرى كەمەوە
من بە هێزى چ ئەفسونێك
بیخەمەوە سەر پێكانى و
چاوەكانى بكەمەوە
دەى جا چۆن من ڕەشبین نەبم و
چاوەكانم شینى دەریا ...
سەوزى مێرگ و
ڕوونى كانى بناسنەوە
دنیا بۆ پێشەوە بڕوا
دەى لە تازەش وەڕز بووبن
لەلاى ئێمەش...
نوێ بە كۆنە ئەگۆڕنەوە
فەلسەفە و زانستى سەردەم
بە حەدیسێكى سواو و كۆن..
سەد قسەى نوسەرێكى حەقبێژ..
بە حەپەى جاش قەڵەمێكى مۆن
هەزار وشەى خۆشەویستى
بەیەك جنێوى عادەتى و كۆن
ئایندەى هەزارەها لاو
بە مێژووى پڕ لە گومانى پێشمەرگەى كۆن
مۆدى ئەم وڵاتە سەیرە و
گەلێ سەیرە
سروشتى ڕاپەڕین وایە
لە هەر كوێیەك ,
كۆنە لابەرێ و نوێ بێنێ
كەچى لێرە لەوەتەى ڕاپەڕین بووە
ئەم میللەتە
بە كۆنەوە گرتویەتى و
ڕۆژ لە دواى ڕۆژ كاڵاى كۆنتر
لە بەژنى داڕزاوى خۆى دەئاڵێنێ
ئاخ لە دەستى دەستەمۆیى ئەم گەلەى من
لەم خەوەى هەڵناستێتەوە
تا لە خوێنیا
ئەفیونى نەریتى كۆن و
بیرى كۆن و
سەرۆك و پێشمەرگەى كۆن و
عادەتى كۆن
لە دەمار دەمارى جەستەى
نەسڕێتەوە..
گەلێ ڕۆژان ..
لە كۆڵانە بێ شۆستە و پەڕپوتەكەمان
گوێم لە دەنگى پیرە پیاوێكى ماندووە
هاوار ئەكات :
یاڵڵا نیسك , بڕوێش , ساوەر
بە سۆندە و سەماوەرى كۆن
یاڵڵا وەرن .. بنێشتى كوردى بە نەعلە كۆن
كە ئەبینم وردە مناڵ
كچ و پیرە ژن و گەورە ساڵ
یەكى بە باوەشێكەوە
بە خەندە و خۆشییەكەوە
بۆلاى مامە پیرە ئەچن
پرسیارێكم لا دروست ئەبێ
ئاخۆ كامەیان باشتر بێ ؟
سۆندە و فافۆن و نەعلى كۆن
یان سەرۆكێكى بێ هەست و
(بۆرە عەنتەر) پێشمەرگەى كۆن ؟!
ڕێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ ئەو پێشمەرگە بەڕێزانەى كە پاكى خۆیان تێكەڵ بە پیسى ئەوانى تر نەكردووە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست