من نامەوێت ببم بە زاوای مەسعود بارزانی
Friday, 04/05/2012, 12:00
ئەم نوسینە پێشكەشە بە رۆحى پاكى شەهیدى قەڵەم وهەقبێژ (سەردەشت) كە لەیەكێك لەنوسینەكانیدا نوسیبوى من عاشقى كچەكەى بارزانیم ،بەهۆیەوە جامانە سوورە رووزەردەكان زۆر نامرۆڤانە شەهیدیان كرد.
ئەگەر عومرى نوحیشمان هەبێت،نەك بەتەنها كچەكەى سەرۆك بگرە تاقە یەك مێینەى بنەماڵەى بارزانى لەهیچ كۆڕ و كۆبونەوە مەراسیمێكدا نابینین. جا من كە كەسێكم بە حەیاتى نەدیتبێتم چۆن عاشقى دەبم؟! من نازانم ئەو كچە جوانە؟ ناشرینە؟ چیەو چى نییە؟ پور و ئامۆژن و خوشكەزا و برازاكانى كێن؟ خوێنەوارە، یان وەکو باوکی نەخوێنەوارە، ئاستی رۆسنبیری چ ئاستێكدایە، تا ئەوانە نەزانم چۆن حەزم ئەچێتە سەر كچێكى نەدیو و نەناسراوا؟ بەهەرحاڵ ئەگەر زەواجەكەش لەبەر خاترى ئەوەبێت كە دەبمە ئاوەڵزاواى نێچیرەڤانى بەحساب سەرۆك وەزیرانە و دزی گەورە و نەوت هەڵڵوسی کوردستانە، یان دەبمە زاواى سەرۆكى هەرێم و حیزبێک، کە ئەم کابرایە گەورەترین خائین و درۆزن و ناپاک و هەموو شتێکی تر، شورەییە بۆ من توخنی بنەمالەیەکی ئاوا بکەوم،بۆچى و لەبەرچى ؟ هەموو حەزدەكەین ماڵە خەزورانمان نموونەى رەوشت وپاكى و ناوبانگى باش بن و كەس پەنجەى تۆمەتیان بۆ درێژنەكات و نەڵێن بنەماڵەیەكى ئاوهان ئەو عەیب و خراپەیان هەیە ! كێ هەیە بەناو ئەم سەرۆكە نەناسێت و نەزانێت چ پیاوێكە و باوك وبراو بنەماڵەكەى چین و چ نەگبەتى و کارەسات و قوربەسەریان بەسەرهێناوین؟ كەس بەوە قایلە خەزورەکەی كەسێكى ئەوها نەفرەت لێكراو بێت ؟ باشە تو ویژدانتان شورەیى نییە بۆ من دەستى قرێژ وبەخوێن سوربووى كەسێكى وەك مەسعودى خائین و جاش و هیچ لەبارانەبوو ماچ بكەم؟.من هەموو تەمەنم لەگەڵ رۆژنامە و گۆڤار و كتێبدا بەسەربردووە، ئەویش تەواوى ژیانى لەنێو خیانەت و پیاوکوشتن و ئامرازى ئەشكەنجەدان و ئەتككردن سەرفكردوە، من هەموو كاتێك دووسێ برادەرى ئەهلى قەڵەم و رۆشنبیریم لەگەڵدایە بۆخۆمان باسى ئەدەب و هونەرو رۆشنبیرى دەكەین،ئەویش بەردەوام رەوەیەك گەلەگورگ و پاشەڵپیسى دواى خۆى خستووە و بەتیلەى چاو ئیعاز ئەدات بۆ لەناوبردنى رۆژنامەنووس و كەسانى نەیارى. من لەوەتى هەم بیرم دێت خراپە و ئازارم بۆتاقە مێروولەیەك نەبووە ، قەت بیرم لە ناڕەوایى زوڵم وناهەقى وستەم و خیانەت و وڵات فرۆشى نەكردۆتەوە و هەمیشە ویژدانم ئاسوودە و سەرم بەرز و سەرفراز خۆم راگرتووە و كردومەتە ناو چاوى ئەوانەى یارى بە پیرۆزیەكانى گەل و وڵاتەکەم ئەكەن و خوێنى شەهیدان هەراج ئەكەن ،مەسعودێکیش لەپێناو مانەوە و پاراستنى پۆست و كورسیەكەى و بنەماڵەكەى ، هاورێی شەیتانە و دوژمنانی کوردە،خۆ چاوتان لێیە رۆژێك سوارەى حەمیدیە دێنێت، رۆژێك پاڵەوانانى قادسیە دۆڕاو، رۆژێكیش ئیمام و عەمامە بەسەرەكان داوەت دەكات هەمووى بۆخاترى سەلامەتى خۆى و لەدەست نەچوونى كورسیەكیەتى. من كە بۆنى مەرەكەب و كاغەز و رۆژنامە دەكەم ئاسودە دەبم و وادەزانم تەواوى دونیا موڵكى منە و لەو بۆنە خۆشتر نابینمەوە لە ژیاندا، ئەویش تا بۆنى خۆین نەكات ،تا فرمێسكى مناڵانى باوك و برا كوژراوى وەك (عبدالستار تاهیر و سۆران مامە حەمەو و زەردەشت عوسمان) نەبینێت خەنى نابێت و خەو ناچێتە چاوى ، بە دیمەنى گۆڤار و چاپەمەنى و بڵاوكراوە شێت و هار دەبێ و دووچارى هێستریا دەبێت. من نەك هەر گەلى كورد تەواوى قەوم نەتەوەكانى دیكەم خۆش ئەوێت و هیچ جیاوازیەك نابینم لەنێوانیاندا، ئەویش لە بنەماڵەى خۆی زیاتر و پەچەكانى مەلای باوكى زیاتر چاوى بەڕووى كەسى دیكەدا هەڵنایەت، وادەزانێت غەیرى ئەوان كەسى كە شایستەى ژیان نییە. من ساڵان و مانگانم بەبرسیەتى و بێ پارەى و دەربەدەرى بەسەر بردووە، هیچ خەم و خەفەتیشم بۆ فلسێك نەخواردووە پەنام بۆ هیچ كارێكى شەرمناوى نەبردووە ببێتە پەڵەیەك بەنێو چەوانمەوە تا توانیومە بەرەنج و بازوى خۆم ژیاوم ، ئەویش لەوەتەى هەیە و خوا خەڵقى كردووە نەیزانیوە برسیەتى و نەبوونى چییە، هەمیشە لە كەرەج و تاران و ئەوروپا لەناو شوێن و جێگەى گەرمدابووە، هەموو هۆش و بیرو خەیاڵى ئەوەبووە زۆرترین سەروەت و سامان پێکەوە بنێت و قووتى میللەت بدزێت حەواڵەى بانكەكانى دەرەوەى بكات و بۆچەند دەقیقەیەكیش ئاوێزانى قورسى ژیان و نارەحەتى نەبووە، من پێم ناخۆشە دوو مناڵى كۆڵانەكەشمان بەشەڕبێن، تا ئاشتیان نەكەمەوە و رێكیان نەخەمەوە وازناهێنم، ئەویش لەوەتەى هەیە لە باوكیەوە تا ئیدریسى براى تا خۆى، لەگەڵ براكوژى و كورد قڕكردندا مێژوویەكى رەشیان تۆماركردووە، بەندیخانەکانی ئاكرێ و حاجى ئۆمەران و سەرى رەش پەناگە نهینیەكانى پاراستن گەواهیدەرى ئەوەن ، جا عەزیزەكەم بە جەنابت دەڵێم هەرچی کەمێک ویژدانی هەبێت، نرخی مرۆڤبوونی خۆی لە لا گرانترین بەها بێت، چۆن خۆی دەکات بە خزمی ئێوە و کچتان دەداتێ، یان لێتان دەخوازێت، من هیچ ئامادە نیم لەگەڵ ئەو بنەماڵەیدا خزمایەتیى بكەم و ببمە زاوایان ولەپشت سەرى مەسعود بارزانیەوە راوەستم و لەو تاوان و ناپاكى و خیانەتدا بەشدار بم!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست