کرانەوەی شانشین بە ڕووی دیموکراسی
Friday, 26/02/2021, 23:37
324 بینراوە
شانشینی سعودیە لەو کاتەوەی دەسەڵات کەوتە دەست نەوەی نوێ، دیتمان کرانەوەی زۆری لەخۆ گرت هەروەك پێدانی مۆڵەتی لێخووڕین بۆ ئافرەتان و چوونە دەرەوەیان بۆ دەرەوەی ووڵات بەبێ بوونی پیاوان و چوونیان بۆ گەلێ شوێنانی گشتی بەبێ چاودێری و سانسۆری نێرینە و مافی دەنگدان و زۆری تریش لەوانەش چوونیان بۆ سینەما و شانۆکان،، ئەمانە هەمووی یاساغ و قەدەغە بوون لەوەتەی ئەم شانشینە دامەزراوە.
شای گەنج(موحەمەد سەلمان) توانی جگە لەو دەرفەتە بۆ ئافرەتان، بچێ بەگژ گەندەڵکاران و زۆربەی ئەوانەی یاریان بە پارەو سامانی سعودیەوە، ئەکرد. دەستی نەپاراست لە گەورەترین و نزیكترین کەسانی خانەوادە و توانی جێ پێی خۆی قایم بکا. ئەمە جگە لەوەی سیاسەتێکی ئابووری بەهێزی داڕشتوە کە ڕاستەخۆ ووڵاتی سعودیە بکاتە ووڵاتێکی پیشەسازی کە چیتر تەنها پشت بە فرۆشی نەوت ، نەبەستێ. گەلێ پیلانی باش و تۆکمە و درێژخایەنی بۆ سعودیە خستۆتە ئەژندای کابینەکەی خۆی و پێ ئەچێ وەك ڕیفرۆمستێکی گەنج و بەتوانا و بلیمەت ووڵات بەرەو پێشکەوتن و بووژانەوەی ئابووری گەلێ بەهێزتر لەوەی ئێستا هەیە، ببات.
دیارە لەتەك ئەم هەموو پیلان و کارانەش،هەندێ ڕێکاری تووند گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی هیچ کەس نەبێتە ڕێگر لەم چاکسازی و ڕیفۆرمانە، هاوەڵەکانی و خزم وکەسە نزیکەکانی هەرگیز ئارەزووی ئەو هەموو گۆڕانکاریانەیان نیە کە ئەم بە نیازە بیانکا، بۆیە ئەبینین هەندێ کاری کوشتن و زیندانی کردن و تیرۆر لەسەر دەستی ئەم پاشا گەنجە ، کرا. بۆیە ئەبێ خەڵکی سعودیە ڕێگا نەدەن کاری لەو جۆرە ببێتە کەلتووری ئەم دەسەڵاتەی شاسازدە گەنجەکە.
هەر ئەمڕۆ سعودیە بڕیاریدا کە سوپا دەرگاکانی واڵا بکا بۆ ئافرەتان، لەبەرئەوەی بەبێ بوونی ئافرەت پێشکەوتنی ووڵات مەحاڵە، هەروەك چۆن ئەووترێ؛ پێوەری پێشکەوتنی هەر ووڵاتێك بەستراوەتەوە بە پێشکەوتن و گەشە کردنی مافی ئافرەت تێیدا. وە ئەم هەنگاوە لەوە کاتەوە کەوتە خولیای شاسازادە کاتێ بینی شەڕڤانانی ڕۆژئاڤا سەرکەوتنی مەزنیان بەسەر چەتەکانی ئەردۆگان و داعش هێنا و ڕۆڵی ئافرەتیان گەلێ بەبەرزی، نرخاند.
بەداخەوە، بەپێچەوانەی سعودیە کە کانگای ئاینی ئیسلامە ئەو کرانەوەیە بەدی ئەکەین ، لە باشوور چۆن چۆنی پاشەکشە بە ڕۆڵی ئافرەتان کراوە و تەواو پێچەوانەکەی ئەبینین. لەژێر دەسەڵاتی جووت بنەماڵەی کلك گرێدراوی تورکیا و ئێران وە دوو ڕوویی پارتە بەناو نەیارەکان و دوکانە سیاسیەکانی درۆزنە ئیسلامیەکان، ئافرەت بەتەواوی مافەکانی خوراوە و ئەو توانایەی نیە بتوانێ بەرگری لەخۆی بکا.
پەیامی رۆژ لەلایەن کاک حەمە سوسەیی ئامادەکراوە