چەند وانەیەك دوای شەش ساڵ
Saturday, 30/01/2021, 0:01
253 بینراوە
لەیادی ٦ ساڵەی تێكشکاندنی چەتەکانی داعش و هاوپەیمانەکانی
(تورکیا و بنەماڵەی مەسعود بارزانی)، ئاوڕێکی خێرا ئەدەینەوە لەو ڕۆژانەی کە بوون
بە مێژوویەکی پرشنگدار بۆ مرۆڤە ئاساییەکان کە توانیان نەهێڵن خەونی دڕندەترین و
تاریکترین بوونەوەری ئەم سەردەمە،سەربکەوێ..
کاتێک ئەبینی دیاردەیەکی وەك داعش لەم
سەردەمەدا هەڵئەتۆقێ و خەڵکانێك لێی نزیك ئەبنەوە، ئەبنە جەنگاوەری و شەڕی مان و
نەمانی بۆ ئەکەن، کاتێك ئەبینی ئەم هێزە لەلایەن چەندین هێزی دەرەکی و هەرێمی و
لۆکاڵی پشتگیری لێ ئەکەن و ڕەوایەتی پێ ئەدەن، ئێدی زمان و بیرکردنەوە و هزرکردن و
تێفکرین لای مرۆڤی ئاسایی بە تەواویی ئەوەستێ و هیچ بەرخورد و لێكدانەوەیەکی نامێنێ
بۆی.
لەم کاتەدا، هەوڵ دان بۆ تێك و پێك دانی ئەم جۆرە هێزە، ئایدۆلۆژیایە، ئایینیە ،
ئەبێتە کاری سەرەکی و پێویستیەکەی یەکجار مەزن بۆ بەرەنگاربوونەوەی و سەنگەر گرتن
لێی و پاشان سڕینەوەی لەسەر نەخشەی جیهان.
لەم ڕوانگەیەوە ، کورد و خۆشبەختانە چەند هێزێکی تر پشکی شێریان بەرکەوت لەو ئەرکە
پیرۆزە مرۆڤایەتییەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم چەتە و ڕێگر، نەخۆش و سەرلێشێواو و
بەکرێگراوانەی ئەردۆگان و عەلی قەرەداغی و مەسعود بارزانی و هاوشێوەکانیان. ڕۆڵی
ئەمریکا وەك گەورەترین هێزی سەربازی ئەم جیهانە و پشتگیریە ماددی و لۆجستی و
سەربازی بۆ کورد بەگشتی و ڕۆژئاوا بەتایبەتی جێگەی دیار و دەست خۆشیە، لەبەر ئەوەی
نادیدە کردنی ڕۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان جگە لەوەی فەرامۆشکردنی هێزێکی گەورەیە،
لەهەمان کاتیشدا لا سەنگکردنی هاوکێشەکەیە و غوبنێکی گەورەیە دەرهەق بە ڕۆڵی ئەوان.
بێ ئەو هێزە ئاسمانیە بەهێزەی ئەمریکا و چەکە پێشکەوتوەکانی ، ڕەنگ بوو سەرکەوتن
کات و قوربانی زیاتری لە کورد، داوا بکردایە.
ئەو بەرخوادانە مەزنەی گەلی کوردمان لە ڕۆژئاوا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە هەرگیز
سەرکەوتن لە ژمارەی سەرباز و چەکدارەوە نیە بەقەد ئەوەی پەروەردە و چۆنێتی تێگەیشتن
بۆ ئەو ئایدۆلۆژیا و پەیڕەوی کردنە لەسەر زەوی. کاتێ (بەرخودان ژیانە) بەرجەستە
ئەکرێ، ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ چ هێزێك لەپاڵ ئەم دێرەوەیە.
چ ئەفسانەیەك لەم دوو ووشەیەدا خۆی مەڵاس داوە و هەر کات بیەوێ سەرکەوتن تۆمار
ئەکا..کەواتە ئەوەی ڕۆژئاوای سەرخست تێگەیشتنیانە بۆ ژیان و خۆشەویستی مرۆڤایەتی،
دەنا هیچ جیاوازیەك بەدی ناکرێ لەنێوان کیژێکی ڕۆژئاوا کە چەتەکانی داعش لەناو ئەبا
لەگەڵ کیژێکی باشوور کە تەنها خەریکی خۆجوانکردن و چەکوشکاریە لووت و گوپ و
برۆیەتی! ئەوە چیە وا لەوەی ڕۆژئاوا کردوە سڵ لەهیچ نەکاتەوە و بە زەردەخەنەوە ڕوو
دەکاتە بەرەکانی جەنگ و دوژمن لێی ئەترسێ، کەچی ئەوەی باشوور هەموو ژیانی لەخەمی
دەم و چا و ڕووخساری بڵحیدایە.
بەسەرکەوتنی کۆبانی مرۆڤایەتی هەمووی سەرکەوت، خوێنی ئاڵ و گەشی ئەوانەی لەوێ
گیانیان بەختکرد،هەمیشە بەختەوەرترین مرۆڤی ئەم جیهانەن و توانیان لەبری هەموان
بەرگری لەهەموان بکەن.
پەیامی رۆژی ئەمجارەمان، لەلایەن (حەمە سوسەیی) نووسراوە