یادێک له داستانی ئه‌زمڕ ١٩٩١
Saturday, 04/04/2015, 14:55
پێشه‌کی
شاخی ئه‌زمڕ زنجیره چیایه‌کی به‌رزه و ده‌که‌وێته پشت شاری سلێمانییه‌وه و ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر شاردا. شوێنێکی ستراتیژی گرنگه له رووی سه‌ربازییه‌وه، کاتی رژێم زنجیره‌یه‌ک ره‌بییه و مۆڵگه‌یه‌کی سه‌ربازیی لێ بوو، قوله (بورج)ێکی به‌رزیش له‌سه‌ر لوتکه‌ی ئه‌زمڕ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان دروستکرا بوو. شاری سلێمانی له باكووری ڕۆژھه‌ڵاته‌وه به زنجیره شاخی ئه‌زمڕ (١٧٠٠م)، گۆیژه (١٥٢٥م) ده‌وره دراوه. رێگای سه‌ره‌کی سلێمانی – چوارتا به دامێنی شاخه‌که‌دا به کۆمه‌ڵێک لۆفه‌ی سه‌خت و چڕدا سه‌رده‌که‌وێ و له که‌لی ئه‌زمڕه‌وه ئاودیوی پشته‌وه، واتا دیوی قه‌ڵاچوالان و چوارتا ده‌بێت.
کاتی کۆڕه‌وه‌که شاخی ئه‌زمڕ له ناوچه‌ی سلێمانی و دهبهندی کۆڕێ له نێوان مه‌سیف و شه‌قڵاوه، ئه‌و دوو شوێنه بوون، که شه‌ری سه‌ختیان تێدا کرا و پێش به سوپای به‌عس گیرا و ته‌رازوی هێزیان گۆڕی، ئه‌و دوو داستانه جگه له‌وه‌ی هاوکێشه‌ی هێزی کوردیان تا ڕاده‌یه‌ک راستکرده‌وه، هۆکارێکیش بوون، که هێزه‌کانی دوژمن زیاتر پێشره‌وی نه‌كه‌ن و خه‌ڵكێکی زۆرتری سیڤیل شه‌هید و بریندار نه‌بن، هه‌روه‌ها بوونه یه‌کێک له‌و فاکته‌ره کاریگه‌رانه‌ی رژێمی به‌عسی ناچاری دانوستانکردهوه له‌گه‌ڵ کورد. شایه‌نی باسه ئه‌و شاخانه ئێستا بوونه‌ته شوێنی گه‌شتیاری گرنگ.
پێشمه‌رگه‌یه‌کی نه‌شاره‌زا
ساڵی ١٩٩١ خوێندکاری قۆناغی یه‌که‌م بووم له کۆلیژی زانسته‌کان (علوم) له زانکۆی رومادی (ئه‌نباڕ)، که راپه‌ڕین به‌رپا بوو، منیش وه‌ک گه‌نجێکی خوێنگه‌رم حه‌زم کرد تێیدا به‌شدار بم، ئه‌وه‌بوو لای که‌رتی رێکخستنی به‌کره‌جۆ وه‌ک پێشمه‌رگه خۆم ناونوس کرد، ئێمه‌یان به‌ره‌و به‌ره‌کانی جه‌نگ نه‌ده‌نارد، چونکه ده‌یانگوت: نه‌شاره‌زان و ئه‌زمونی پێشمه‌رگایه‌تیتان نییه و ئه‌هلی قه‌ڵه‌من!! بۆیه کاری ئێمه زیاتر پارێزگاری بوو له ناو شاری به‌کره‌جۆ له پاشاگه‌ردانی و (پاشماوه‌کانی رژێم). له راستیشدا ئه‌وه‌ی که هانی دام چهکههڵگرم، وه‌ک گه‌نجێکی کورد، ته‌نها هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و حه‌ماسه‌تی کوردایه‌تی بوو.
رۆژی حه‌شر یان کۆڕه‌وه مه‌زنه‌که
که راپه‌رین شکستی خوارد و کاتێک هێزه‌کانی رژێم به تانک و تۆپ و فڕۆکه به‌ره‌و سلێمانی هاتن، خه‌ڵکی شار و شارۆچکه‌کان ده‌ستیان بهکۆڕه و کرد. به‌نده له سه‌ره‌تای نیساندا، گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم شه‌وی ١/٢ی ئه‌و مانگه بوو، پێش گه‌یشتنی هێزه‌کانی رژێم بۆ ناو شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له پ. م ه‌کانی که‌رتی رێکخستنی به‌کره‌جۆ به‌رێکه‌وتین و له که‌سوکارمان دابڕاین، یان ڕاستر بڵێم به‌و هیوایه‌ی به‌رگری بکه‌ین به‌ره‌و جاده‌ی سه‌ره‌کی که‌رکوک - سلێمانی به‌رێکه‌وتین. رۆژگارێکی پڕ له دڵه‌راوکه و تاڵ بوو، له فیلمێکی تراژیدی ده‌چوو، کورد واته‌نی ( رۆژی حه‌شر بوو) ژن و مناڵ و پیر و نه‌خۆش و بریندار، به ئۆتۆمبیل و ته‌راکتۆر و لۆری و پیاده، گاوگۆتاڵ و رانه مهر به‌ره‌و سنوری ئێران به‌رێگاوه بوون. تۆپیش له سه‌رجاده‌که و ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر و ده‌وروبه‌ری شاری ده‌دا. ده‌یان شه‌هید و برینداری مه‌ده‌نی و پێشمه‌رگه هه‌بوون. به کورتی ئێمه‌ش رۆیشتین و به پشتی قلیاساندا له دۆڵهرووتهوه ئاودیوی چوارتا بووین، به‌ره‌و پێنجوێن و دواتر به‌ره‌و ماوه‌ت و ئینجا هه‌ناره و ئاوه‌کورتێ، که دوا گوندی سهرسنورهکه بوون، له‌وێ گوتیان له ئه‌زمڕ شه‌ره و دوێنی پێشی سوپای به‌عس گیراوه، کاتێک گوێمان له ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستانی سه‌ر به یه‌کێتیش گرت، بانگه‌وازی ده‌کرد، که ئه‌وانه‌ی چه‌کیان پێێه و توانایان هه‌یه بگه‌رێنه‌وه بۆ سه‌ر شاخی ئه‌زمڕ، ئیتر دڵنیا بووین که ئه‌و هه‌واڵه راسته.
هاورێکانمان له و رێگایه تا سه‌رسنور به نیازی دۆزینه‌وه‌ی که‌سوکاریان یه‌ک به‌دوای یه‌کدا لێمان جیابوونه‌وه، ، تا گه‌یشتینه سه‌رسنوری ئێران - ئێراق له ئاوه‌کورتێ من و به‌رزانی حاجی ته‌های زاوای کۆچکردوو (حاجی برایمی ره‌سولی به‌کره‌جۆ) ماینه‌وه، که‌سوکارمان نه‌دیته‌وه، هیچ ههواڵێکیشیانمان نه‌زانی!!! بارزان (خۆشبه‌ختانه ئێستا له ژیاندایه و له‌به‌کره‌جۆ ده‌ژیت و دوکانداره) کورێکی تا بڵێی ئازا و چاونه‌ترس بوو، گوتی هیوا بۆ نه‌گه‌رێینه‌وه بۆ ئه‌زمڕ، تازه ئێمه هه‌ر که‌سوکارمان ونکرد و کێ ده‌ڵێت ماویشن!!؟ پێشنیازهکهیم په‌سه‌ند کرد.
به‌ره‌و شه‌ڕی ئه‌زمڕ
رۆژی ٦ی مانگی نیسان بوو، به کورتی رێکه‌وتین بگه‌رێینه‌وه بۆ ئه‌زمڕ بۆ شه‌ره‌که، ئۆتۆمۆبیلمان دهستناکهوت به‌ره‌و چوارتا بڕوات، دواجار ئه‌و لۆریانه‌ی به زمانی خه‌ڵکی ئاسایی پێیان ده‌ڵێن سه‌ره‌مێکوته (که سه‌ره‌که‌ی لۆررییه و عه‌ره‌بانه‌ی لۆری لێ ده‌به‌سترێت و رایده‌کێشێت، بێ عهبانهکهی) مان دۆزیه‌وه، له پشتته‌وه وه‌ک مریشک به چه‌ک و تاقمه‌وه له‌سه‌ری ههڵنیشتین و هه‌ڵته‌ک هه‌ڵته‌ک به‌و جاده پڕ له چاڵی و چۆڵییهدا به‌ره‌و پێنجوێن و دواتر چوارتا، له‌وێشه‌وه به پێ به‌ره‌و قه‌ڵاچوالان هاتین. باره‌گای سه‌ره‌کی و پشتی به‌ره‌ی شهر له‌وێ دانرابوو. له باره‌گاکه مام رۆستهممان بینی، گوتی: بمێننه‌وه تا ئێواره، هه‌ندێک تاریک دابێت له‌گه‌ڵ وه‌جبه‌ی تر ده‌تاننێرم، دیار بوو خۆی سه‌رپه‌رشتی شه‌ره‌که‌ی ده‌کرد و ده‌هات و ده‌چوو، پێویستییه‌کانی دابین ده‌کرد. تۆپه‌کانی رژێم به‌رده‌وام سه‌ری زنجیره شاخی ئه‌زمڕ و پشته‌وه و دیوی چوارتای ده‌کوتی. له باره‌گای پێشمه‌رگه‌کان تا خۆرئاوابوون ماینه‌وه، دواتر من و بارزان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌دا به پیکابێکی (تۆیۆتا فه‌لاحی) پڕ له سندوقی ته‌قه‌مه‌نی و خواردن ناردیانین به‌ره‌و لوتکه‌ی ئه‌زمڕ. تۆپ به‌رده‌وام ده‌یکوتا، سه‌رجاده قیره‌که‌ی چوارتا به‌ره‌و ئه‌زمڕ به جێگه‌ی تۆپه‌کان چاڵ و چۆڵ ببون.
له چاخانه کۆنه‌که‌ی لۆفه‌کانی پشتی ئه‌زمڕه‌وه دایان گرتین و به پێ له‌گه‌ل ئه‌وانی تردا به‌ره‌و ره‌بایه‌کانی سه‌ر شاخه‌که به‌رێکه‌وتین. من که قاتێکی شینی کورێنی و گه‌نجێتیم له‌به‌ردا بوو، کاسکێتێکی مغاویریم له‌سه‌ردابوو، ته‌جروبه‌ی شهر و ناو تۆپبارانم نه‌بوو، شه‌و گه‌یشتینه رهبابهی بن بورجه‌که‌ی ئه‌زمڕ، له‌وێ کاک (ئه‌نوه‌ر دۆڵانی) مان بینیت، نزیکی ١٥ - ٢٠ پێشمه‌رگه‌ی له‌گه‌ڵدا بوو. ئه‌و که‌سێکی خاراو و ئهزموندیدهی نێو شه‌ڕ و داستانه‌کان بوو، به‌خێری هێناین و خۆشحاڵ بوو، تۆپباران به‌رده‌وام بوو، باران نم نم ده‌باریت. ئه‌و خانوه‌ی ئه‌وانی تێدابوون سه‌قفه‌که‌ی له چه‌ند شوێنه‌وه گولله هاوان کونی کردبوو، ئاو ده‌هاته خواره‌وه، به‌خێرهاتنی کردین، لێمی پرسی ئێوه پێشمه‌رگه‌ی کێن، من گوتم پێشمه‌رگه‌ی کوردستانین و هاتووین بۆ به‌رگری! گوتی باشه به‌خێربێن، به‌ڵام ئه‌وه بزانن ئێمه یه‌کێتین!
شاخی ئه‌زمڕ قه‌ڵایه‌ک بۆ به‌رگری
وه‌ک ده‌رکه‌وت رۆژی ٣ی نیسان واته سێ رۆژ پێش گه‌ێشتنی ئێمه، کاتێک هێزه‌کانی رژێم پێشره‌ویان کردبوو، مامۆستا جه‌مال محه‌مه‌دی هه‌ڵه‌بجه‌یی و مه‌فره‌زه‌که‌ی له لۆفه‌کانی خواره‌وه خۆیان له بۆسه نابوو، ئه‌وان شه‌ریان دامه‌زراندبوو، تانکێکیشیان سوتاندبوو، یه‌کێتی تریش به‌جێمابوو، دواتر سوتێنرابوو، واته ئه‌وان شه‌ره‌که‌یان ده‌ست پێ‌کردبوو، ئه‌گینا هێزه‌کانی رژێم به‌ره‌و دیوی چوارتا و پێنجوێن به‌شوێن خه‌ڵکی مه‌ده‌نیه‌وه ده‌هاتن. شایانی گوتنه، مامۆستا جه‌مال پێش ده رۆژێک له‌و رووداوه برایه‌کی له که‌رکوک شه‌هید ببوو، هێشتا برینی براکه‌ی سارێژ نه‌ببوو، که‌چی له‌و شهرهشدا وه‌ک سه‌رکرده‌ی مه‌یدانی ئه‌وێ، نمونه‌ی ئازایه‌تی و قاره‌مانی و له‌خۆبوردوویی بوو.
هێزه‌کانی رژێم که به هه‌زاران مغاویر و هێزی تایبه‌ت (قوات خاسه) و سه‌رباز ده‌خه‌مڵێنران، له لۆفه‌کانی خوار ئهزمڕهو و سه‌ربازگه‌کانی پشت سلێمانییه‌وه، له گرده‌کانی خواره‌وه و ناو دۆڵه‌کان و ده‌باشانه‌وه سه‌نگه‌ریان گرتبوو، به پشتیوانی تانک و کۆپته‌ر و تۆپی دوورهاوێژ و هاوان به‌رده‌وام هێرشیان ده‌هێنا و ده‌یانوسیت شاخه‌که داگیر بکه‌ن. له‌وێ بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداری راسته‌وخۆی شهر و پێکدادانم کرد. ئه‌نوه‌ر دۆڵانی که تا بڵێی که‌سێکی ساده و ئازا و چاونه‌ترس و سه‌رکرده‌یه‌کی کرده و مه‌یدانی بوو. به تفه‌نگه‌که‌ی خۆی شه‌ری ده‌کرد و جاروبار ئارپیچیشی ده‌ته‌قاند!
من که گه‌نجێکی خوێنگه‌رم و بێ ئه‌زموون بووم، به‌ڕاستی به چاونه‌ترسی و ئازایه‌تی ئه‌و قاره‌مانه سه‌رسام بووم. (بارزان)ی هاورێشم زۆر ئازا بوو، ئاربیکهیهکی پێ بوو گوێی به گیزه‌ی گولله نه‌ددا، ئیتر وای لێهات دوای یه‌ک دوو رۆژێک منیش له‌گه‌ڵ زرمه‌ی تۆپ و بۆنی باروت و گیزه‌ی گولله‌ی دۆشکا و بیکه‌یسی راهاتم.. له‌وێ مه‌فره‌زه‌یه‌کی شویعی عێراق (ئه‌وسا شویعی کوردستان هێشتا دانه‌مه‌زرا بوو) به‌شداربوو، لە ڕێکخراوی سلێمانییان و پێشمەرگە کۆنەکانیان پێکهاتبوون، لە ڕۆژی دووەمی شەڕەکەدا لە دیوی شارباژێرەوە گەیشتبوونە ئەزمڕ بریندارێکیشیان هه‌بوو، هه‌روه‌ها ده‌سته‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌ی پاسۆک و پارتیشی لێ بوو، به‌سه‌ر ره‌بایه‌کاندا به جیا جیا جێگایان گرتبوو، دابه‌ش به‌سه‌ر شاخه‌که‌دا ببوون، لێپرسراوێکی به‌رزی پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) به‌ناوی مام برایم له شه‌ره‌که‌دا بوو، دوای چه‌ند مانگێک به رووداوێکی تر شه‌هید بوو.
ڕەبییەی سەر شاخی ئەزمەڕ واته ده‌سته‌که‌ی مامۆستا جەمال بریتی بوون له کاک ناصر ئێستا بەڕێوەبەری ئاسایشی شارە، دکتۆر موحسین ، ئاوات محمد نەجیب، ڕزگاری محمد نەجیب، نەبەزی محمد نەجیب هەرسێکیان برا بوون، عەطا محمد غەفور، وەستا محمدی بەنا و سۆرانی کوڕی، شەمێرانی شێرزاد شەوقی ( ئه‌م به‌رێزه ئێستا له سوید ده‌ژی) ئەرکان، یاسین ناسراو بە (پەژار) ، شێخ عەطا، .محمود ناوێک، محه‌مه‌د خالید ناسراو به حه‌مه بیکه‌یسی، ئه‌رده‌ڵان و کۆمه‌ڵێکی تر. هێزه‌که‌ی ئێمه واته مه‌فره‌زه‌که‌ی کاک ئه‌نوه‌ر دۆڵانی ئه‌وه‌نده‌ی بیرم مابێت بریتی بوون له (مام چالاک، عه‌طا ناوێک که پورزای مام چالاک بوو، برایه‌کی کاک ئه‌نوه‌ر دۆڵانی، هه‌روه‌ها کاک قادر خه‌ڵکی گوندی باخانی قه‌ره‌داخ بوو، ئێستا عه‌میده له سوپای کوردستاندا، بارزانی شێخ ته‌ها و من و چه‌ند که‌سێکی تر. مه‌فره‌زه‌که‌ی ئێمه له ره‌بییه‌ی ژێر بورجه‌که‌دا بووین له بینایه‌یه‌کدا، وادیاربوو له ماوه‌ی مانگی ئازادی و راپه‌رینه‌که‌دا باره‌گای رادیۆی ده‌نگی گه‌لی کوردستانی تێدا دانرابوو، چه‌ندان پارچه‌ی ده‌سگای چاپ و رۆنیۆ و کۆپیکردن، ده‌یان کتێب، سه‌دان لاپه‌ڕه، ده‌فته‌ر و به‌یاننامه‌ی ئه‌رشیفه‌که به‌وناوه‌دا په‌رش و بڵاوببوونه‌وه و سوتابوون و ژێرپێ که‌وتبوون.
ته‌رمی شه‌هیدێک له خوار رهبیکانهوه جێمابوو، دیاربوو هێزی مغاویر و قوات خاسه‌ی رژێم گه‌یشتبوونه سه‌ری و سوکایه‌تییان به‌ته‌رمه‌که‌ی کرد بوو، شه‌وێک مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه نێردرا و ته‌رمه‌که‌یان هێنایه‌وه، که ئه‌مه ئاشکرا بوو، بۆ شه‌وی دوایی وه‌ک تۆڵه‌یه‌ک بۆ ئه‌و کاره قێزه‌ونه هێزێکی بژارده له پێشمه‌رگه‌کان کۆکرایه‌وه و به لێپرسراوێتی مام رۆسته‌م و مامۆستا جه‌مال هێرشێکی به‌ربڵاو بۆ گرده‌کانی خوار شاخه‌وه کرا، هێزی دووژمن خۆی نه‌گرت و شکا، ئه‌و شه‌وه تا نزیکه‌ی ده‌باشان پاککرایه‌وه، به‌ڵام دواتر له سهکردایهتییهوه بروسکه کرا و به بێته‌ل راگه‌یه‌ندرا که هێزه‌که‌ی پێشمه‌رگه بکشێته‌وه چونکه ئاگر به‌سته و دانوستاندن ده‌ستی پێکردوه!
شه‌هیده له‌بیرکراوه‌کان
له شه‌ره‌كه‌دا رژێم به ده‌یان کوژراو و برینداری لێکه‌وت، چه‌ند تانک و زریپۆشێک سوتێنرا. هێزی پێشهرگهرش به گشتی ده شه‌هید و نزیکه‌ی سی تا چل برینداری هه‌بوو، یه‌که‌م شه‌هید کورێکی هه‌ڵه‌بجه‌یی بوو به‌ناوی (ئاری). زۆر هه‌وڵمدا ناوی سه‌رجه‌م شه‌هیده‌کانم ده‌ستبکه‌وێت، تا له‌م وتاره‌دا یادداشتیان بکه‌م ، به‌داخه‌وه نه‌متوانی، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌ستم که‌وتن بریتین له (ئاری، مه‌حمود، مسته‌فا، که‌مال، مامۆستا عه‌بدوڵا)، هه‌ندێکی تر که به‌شداری شه‌ره‌که بوون و دواتر شه‌هید بوون (مام برایمی پاسۆک) هه‌روه‌ها شەهید محمد خالد واته حه‌مه بیکه‌یسی یەکێک بوو لەهەرە کوڕە ئازاکانی داستانی شاخی ئەزمەڕ، بە خۆی و دۆشکە ١٤.٥ ملیمیهکەی له ره‌بیه‌که‌ی ته‌نیشت ئه‌وه‌ی بورجه‌که‌وه چاونه‌ترسانه شه‌ری ده‌کرد، بەڵام بەداخەوە لە ڕاپەڕینی سێهەمی شاری سلێمانی لە گرتنی مەعسکەری سارداودا بوو بە یەکەم شەهید ڕاپەڕینی سێ.
من که ئێستا هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی حزبایهتێم به یه‌کێتییه‌وه نییه، بۆ مێژوو ده‌لێم، هێزه زۆره‌که هی یه‌کتی بوو، زۆربه‌ی شه‌هید و برینداره‌کانیش له‌وان بوون. سه‌یر ئه‌وه‌یه ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی یه‌کێتی به گشتی و به‌تایبه‌ت که‌ناڵی کوردسات ساڵانه ریپۆرتاژی تێروته‌سه‌لیان له‌سه‌ر ئه‌و داستانه قاره‌مانانه‌یه بڵاوده کرده‌وه و مامۆستا جه‌مال و مام رۆسته‌م و ئه‌نوه‌ر دۆڵانی و چه‌ندان که‌سی تریان ده‌دواند، که به‌شداری شه‌ڕه‌که ببوون، به‌ڵام دوای دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و چوونه پاڵی گۆران له‌لایه‌ن ئه‌و به‌رێزانه‌وه، ئیتر به هیچ جۆرێک باسی ئه‌م شه‌ره قاره‌مانانه‌یه ناکه‌ن، یان بچوکی ده‌که‌نه‌وه و ده‌چن لێدوان له که‌سی وا وه‌رده‌گرن، که یان به‌شدار نه‌بووه، یان به‌شدارییه‌کی لاوه‌کیانه‌ی هه‌بووه تێیدا، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانن، له باسکردنیدا شانازیی یه‌که‌م به‌ر ئه‌و به‌رێزانه ده‌که‌وێت!
دوای ده رۆژێک شه‌ڕ وه‌ستا، گوتیان نوێنه‌ری به‌ره‌ی کوردستانی له به‌غدادن بۆ دانوستاندن (مفاوه‌زات). چه‌ند رۆژێک بوو ئاگر به‌ست راگه‌یه‌ندرابوو، پێنچ ئیڤای سەربازی سەریان لێ‌شێوا خۆیان کرد بە لۆفەکانی ئەزمەڕدا، ڕاستەو خۆ لێیان درا دوو سایەق کوژرا و کۆمه‌ڵێک سه‌ربازیش بە دیل گیران نزیکه‌ی حه‌وت کڵاشنکۆف دەستکەوت بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا رۆژێکیان ساماڵ و خۆرێکی خۆش بوو، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی شویعیم بینی له رهبایهکهیانهوه به‌لای ئێمه‌دا ده‌هاتن به‌ره‌و خواره‌وه، بۆ چایخانه‌که‌ی پشتی ئه‌زمڕ ده‌رۆیشتن، ئای که سه‌یر بوو! کاتێک بینیم، یه‌کێکیان قه‌یسه (قه‌یس عه‌لی) هاورێ خوێندکاری زانکۆم بوو ( ناوبراو ئێستا له هۆڵه‌ندا ده‌ژیت و په‌یوه‌ندیمان به‌رده‌وامه)، باوه‌شمان به یه‌کدا کرد، تومه‌ز ئه‌ویش له شه‌ره‌کاندا بووه و خۆشبه‌ختانه سه‌لامه‌ت بووه.
گۆشتی جه‌ژن!
چه‌ند مانگا و گوێره‌که‌یه‌ک له نێوان ره‌بییه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه و هێزی دوژمن‌دا گیریان خواردبوو، هێنده تۆپ و هاوه‌ن دابووی بهملاولایاندا وه‌ک شێتیان لێ هاتبوو، ژماره‌یه‌کی زۆر ئاژه‌ڵی تریش به‌رکه‌وتبوون و مردارببونهوه، مامۆستا جه‌مال هه‌ڵه‌بجه‌یی دوو پێشمه‌رگه‌ی خۆی بێ چه‌ک و ته‌نها به ده‌مانچه‌وه (تا هێزی دوژمن ته‌قه‌یان لێ نه‌که‌ن و وانه‌زانن که پێشمه‌رگه‌ن) نارده خواره‌وه تا ئاژه‌ڵه زیندوه‌کان بهێننه سه‌ره‌وه بۆ پێشمه‌رگه و گۆشته‌کانیان بخۆن، چونکه دوورنه‌بوو سه‌ربازه‌کانی دوژمن سه‌ریان ببڕن یان بیانکوژن، یه‌ک له‌و پێشمه‌رگانه ی بۆ ئه‌و کاره چوون له‌م دواییه‌دا ناسیم و ئێستا له سوید ده‌ژی، کاک شه‌مێرانی شێرزاد شه‌وقی بوو، یه‌کێک بوو له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی مه‌فره‌زه‌که‌ی ناوبراو، ئەوە بوو 7 مانگا‌و 2 گوێره‌که‌یان سەرخستە سەر شاخی ئەزمەڕ، ئیتر وەکو جەژن وابوو یەکسەر یەک مانگایان سەر بڕی و ئاگری بۆ کرایەوەو بەهەموو ڕەبیەکانا گۆشت بەخشرایەوە، به‌شی ئێمه‌شیان لێدا، بەڕاستی شەوێکی زۆر خۆش بوو چونکە ماوه‌یه‌کی زۆر بوو جگه لە پەنیری سوێر و مرەبای گێزەرەکە زیاتر هیچی ترمان نەخواردبوو، ئەوە ناوساجییە چەورەکەش لەولاوە بوەستێت کەڕۆژانە له چوارتاوه ده‌نێردرا و بۆمان و به‌ساردی دهگهیشتە سەرشاخ، ناوسکی هه‌موومانی خوساندبووهوه و له‌به‌رچاومان که‌وتبوو!
دووای دوومانگێک، ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی به‌شداری داستانی ئه‌زمڕمان کردبوو، یه‌کی جوتێک کاله‌ی ئه‌دیداس و بڕی سه‌د دینار (که بۆ ئه‌و کات، که گه‌مارۆی ئابوری و قه‌یرانی دارایی بوو، که‌م نه‌بوو) یان داینێ و گوتیان ئه‌وانه دیاری مام جه‌لالن بۆتان.
بانگه‌وازی ئیزگه بۆ دۆزینه‌وه‌م
بۆ دوو مانگێک ده‌چوو هه‌واڵێکی ته‌واوی که‌سوکارم نه‌بوو، دیاربوو ئه‌وانیش هیچ زانیارییه‌کیان له باره‌ی منه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام به هه‌واڵپرسین له‌م و له‌و، زانیم که ئه‌وان به‌ره‌و دیووی ئێران چوونه. ئه‌و کات باو بوو، ناوی که‌سوکاری بزربوویان ده‌دایه ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان (یه‌کێتی)، تا هه‌واڵیان بزانن. رۆژێک هاورێیه‌کی پێشمه‌رگه ناویم بیرنه‌ماوه، رادیۆی پێ بوو، بانگی کردم، گوتی (کاک هیوا شتێکی سه‌یر!) به‌سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم: چی؟ گوتی: ده‌زانی ئه‌مرۆ به‌ناوی باوکت و دایکته‌وه له ئیزگه‌وه بانگه‌واز بۆ تۆ کرا و ده‌ڵێن ئێمه سه‌لامه‌تین و له ئۆردوگای گه‌یلان غه‌ریبی ئێرانین، بگه‌ره لامان!!!) ئای که سه‌یر بوو، چاوم پڕ بوو له فرمێسک، زۆر بیری خوشکوبرا و باوک و به‌تایبه‌ت دایکم کرد، به‌نده ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت گهیلانغهربم نه‌دیوه‌و نازانم به‌ته‌واوی که‌وتۆته کوێوه!
پاش کۆتایی شهر و گه‌رانه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ شاره‌کان. دوای زیاتر له سێ مانگ، که‌سوکاری خۆم بینییه‌وه. ئه‌و هێزه‌ی کاک ئه‌نوه‌ر دۆڵانی دواتر بووینه زیاتر له دوو سه‌د پێشمه‌رگه و ناونرا (به‌تالیۆنی ١٣٧ به‌کره‌جۆ)، به‌نده بووم به رابه‌رسیاسی له لایان. له ١٣/٩ ئه‌و ساڵه‌دا، له هۆڵی ئاماده‌یی پیشه‌سازی به‌کره‌جۆ پیشانگای تایبه‌تی پۆسته‌ر و وێنه‌م کرده‌وه. له‌ده‌فته‌ری یاداشته‌کاندا، که ئێستاش ماومه، کاک ئه‌نوه‌ر دۆڵانی باسی ئه‌و شه‌ره‌و به‌شداری منی نوسیوه، هه‌ندێک ستایشی کردوم، سوپاسی ده‌که‌م.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، ئه‌و رووداوه یادهوهرهییهکی زۆر خۆشه بۆم، هه‌رچه‌نده ساڵێکی خوێندنی زانکۆم (١٩٩١-١٩٩٢) به هۆی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه له کیس چوو.
سه‌رنج و تێبینی:
- بۆ نوسینی ئه‌م وتاره سودم له دوو هاورێی ئازیز، که خۆشیان به‌شداری داستانی ئه‌زمڕ بوون، وه‌رگرتوه، ئه‌وانه‌ش به‌رێزان کاک (شه‌مێران شه‌وقی و قه‌یس عه‌لی) ن، سوپاسیان ده‌که‌م.
- داوای لێبوردن ده‌که‌م، که ناوی شه‌هیده‌کانم به ته‌واوی نه‌نوسیوه، یان گه‌ر رۆڵ و خه‌باتی که‌سێکم له‌و شه‌ره‌دا له‌بیرکردبێت.
- ئه‌م دوو وێنه‌یه چه‌ند مانگ دوای شه‌ڕه‌که و به‌ته‌واوی له ده‌ی مانگی حه‌وتی ١٩٩١دا له سه‌ر شاخی ئه‌زمر و له جێگه‌ی شه‌ره‌که گیراوه، له وێنه‌ی یه‌که‌مدا بورجه‌که‌ی ئه‌زمڕ ده‌رکه‌وتوه له پشته‌وه.
١/٤/٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست