پەیامی ڕۆژ،... میراتی مستەفای حەسەنە گەورە بوو
Tuesday, 05/11/2024, 19:01
92 بینراوە
کاتێک کە خەریکی نۆژەنکردنەوەی کوردستانپۆست بووین، کاکە مستەفا داوای لە کاک کەمال جەمال مختارکرد کە گۆشەیەکی بۆ دابنێت و هەفتانە بەپێی ڕووداوەکان ووتاری کورت و قسەی ڕۆژی تیا تۆمار بکات و بڵاو بکرێتەوە
دوایی گفتوگۆ کردن ناومان نا " پەیامی ڕۆژ " ستونێک، کە ئیتر ماڵێک بێت بۆ کاکە مستەفا و لەوێوە قسەکانی بکات لەسەر هەموو کۆی ئەو ڕووداوانەی کە لە نیشتمان ڕوودەدەن
دەڵێن هەستی ڕاستە قینەی مرۆڤ دەتوانێت دارئاسا بنوێنێت، ئێستا من نامە دەنوسم بۆ کۆچکردوویەک، دەزانم ڕەنگە بڵێن گەمژانەیە، بەڵام من هەر دەینوسم، چونکە هەست بەوە دەکەم کوردستانپۆستیش ماوەیەکی تر رەنگە دەرگاکەی کڵۆم بدات و لەناو پرسیاری ڕابردوودا فەنا دەبێت
هەموومان دەزانین کە ماڵئاوایەکی دڵسۆزانە هێندەی خۆشەویستی گەورەو جوانە. من گەیشتومە تەمەنێکەوە هیچ شتێک سەرسامم ناکات لەم ڕۆژگارەدا، هەست دەکەم دنیا لەسەر کەڵەکە بازیەکی ناشرین بەڕێوەدەچێت.
بیرمە لە کاکە مستەفام پرسی لەپەیامی ڕۆژدا ئێمەش بۆمان هەیە بنوسین ؟
لەوەڵامدا ووتی: کەی جەنگەکەی من کۆتایی هات، ئەوسا بۆتان جێدەهێڵم دیسان زەردەخەنەی کرد بەنیازی ڕازی بوون.
دوای کۆچی مستۆی برا بۆم دەرکەوت کە ژیان وەکو ئامێرێکی گرامافۆن وایە، تەنها بەیەک ئاراستەدا دەسوڕێتەوە . بۆیە ژیان پڕە لە ڕێکەوتی نامۆ و چاوەڕوان نەکراو، ئاخر دەبەنگی ئەوەیە پلان دابنێت بۆ داهاتوو ئێستا فەرامۆش بکەیت.
گەر سەیر بکەین تەنانەت باڵندەش لەسەر درەختی وشک نانیشێتەوە، مرۆڤ گەر بیەوێت بەقەدبڕەکاندا ڕێبکات دەبێ بەرگەی سەختی و تەنگاوی ڕێگە بگرێت . هیچ کەسێک ناتوانێت گرەو لەکات بباتەوە، هەربۆیە کاتێک چاوەڕێی هیچ شتێک ناکەیت ئەوکاتە نائومێدیش نابیت.
مستۆ دەیگووت: تاخەونەکەت گەورە تربێت خۆشت لەگەڵیا گەورە دەبیت، بۆیە پڵنگ تەنها نانەڕێنێت بەڵکو پارچە پارچەشت دەکات.
ئەم میراتە جوانەی مستۆ نامەوێت کوێر بێتەوە و ڕۆژێک بێت لە بیرەوەری کەسدا نەمێنێت . بۆیە ئەم ستونە دڵتەنگم ناکات، چونکە هەر شتێک من دڵتەنگ بکات جێیی دەهێڵم و ئاوڕیشی لێنادەمەوە
هێواش هێواش من بوومە میراتگری ئەم ستوونە و نازانم تاکوێ دەتوانم لەپەنجەرەکەیەوە سەیری خۆر هەڵاتن و خۆرئاوابوونی بکەم! دڵنیام ڕۆژێک دێت جارێکی تر گوێم لەدەنگت دەبێت کە ماملێ دەڵێتەوە . چەندێک کەمتەرخەم بووین هەر نەمان کرد دەنگت تۆمار بکەین تا جاربەجارێک زارمانی پێشیرین بکەین .
دەڵێن بکوژەکان پێویستیان بە زانیاری و هۆکار نییە . دەشزانم کە ئێستا زۆر بێدەسەڵاتم بەڵام سنورێکم هەیە بۆ بەرگە گرتن .
ڤێتنامییەکان دەڵێن : برنج بەپێی پلانی جوتیارەکە دەڕوێت، مستۆ هاوڕێ برا ببورە، کە لە زەویە پاراوەکەی تۆدا بوومە میراتە بەشت و لەزەویەکەتدا تۆوی بەدبەختییەانی گەلەکەم دەکەم کە کۆتایی نایەت و سەری هەموومان دەخوات .
منیش وەک تۆ لەخەمی لەناوبردنی زبڵەکەدام وەک خۆت ووتت ؛ گەر زبڵەکان ڕانەماڵین خەڵک دەبێت بەژێرییەوە.
مردنی بێ ئازار وەک چاکەکردن وایە، بەڵام تۆ بەئازارەوە مردیت، هەربۆیە مرۆڤ دەبێت بەوەی بیری لێدەکاتەوە .
"پەیامی ڕۆژ" بەردەوامە، بەڵام بەو گەرم و گوڕیەی تۆ نا کە هەتبوو . بیرتە کە باسی جاشەکانمان دەکرد پێت ووتم
" دەزانی تاوانبارەکان بەرگەی ڕق دەگرن، بەڵام بەرگەی گاڵتەکردن ناگرن". یادت بەخێر مستۆ.
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە