کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان
Tuesday, 09/07/2024, 20:33
785 بینراوە
کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان لە 01-05-1979 کۆبوونەوەیەکی کرد، کە ژمارەیەک لە کادیران و سەرکردایەتی کۆمەڵە و لە ئەنجامدا لە کۆبوونەوەکە بەوە گەیشتن کە ناوی ک.م.ل.ک. ببێت بە: کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان.
بۆیە لە ژمارە (4) ی وەرزنامەی کۆمەڵە، بەهاری (1979) ، نووسراوە: (کۆمەڵە، ئۆرگانی ناوەندی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان).
وە لە ژمارە (5) ی وەرزنامەی کۆمەڵە هاوینی (1979) دا نووسراوە: (کۆمەڵە، ئۆرگانی ناوەندی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان).
سەبارەت بە مێژووی بەستنی کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەمشێوەیە بووە
یەکەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە لە (01-05-1981) لە دۆڵی مالیمۆس لە نزیک دێی کانی زەرد لەتەک چیای بڵفەت بەسترا
دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە (21-08-1982) خڕی ناوزەنگ لە هۆڵی شەهید شەهاب بەستراکۆنفرانسی سێی کۆمەڵە لەنێوان (10-07 تا 22-07-1984) لە بناری کانی سێوی مێرگەپان بەسترا .
کاتێک لە چیایی دووبرا بووین گۆڤاری کۆمەڵە هات ،من هەمیشە لەسەرەتاوە دەستم دەکردە خوێنەوەی گۆڤارەکە ، کە بینیم داس و چەکوشەکە چاپنەکرابوو، یان سڕابۆوە ، سەرەتا ووتم ڕەنگە هەڵەی چاپ بووبێت ، سەیری گۆڤاری دووهەمیشم کرد هەروابوو .
لەگەڵ یەک دووهاوڕێم کە ئارەزووی خوێنەوەیان هەبوو پێم ووتن ، سەیرە داس و چەکوشيکە چاپنەکراوە ؟
شەڕگەی قەیوان ماوەت گەرم بوو ،پاسدار لە ناوچەکەدا تەراتێنی دەکرد پۆسکارتی مارکس و لێنین و گیڤارا بەدیوارەکانەوە کاڵدەبوونەوە .... لەپڕێکدا لەدوای گەڕانەوەم لە بادینان لەئەنفالی یەکدا کۆمەڵە نەمابوو هەمووی کرابۆ سەبەتەی یەکێتیەوە و ئیتر ئایدا و باوەڕ بوون وڕێخستن هەمووی بەرەو هەڵوەشانەوە دەچوو . لەئەنفالی یەکدا لەبارەگای نەوشیروان مستەفا .... شیخ عەلیم بینی،خولە کەشکۆڵ یادی بەخێر ، سپی ئەووت بەفرە ، ملازم عومەر و کۆسرەت .... لەوێ بوون ئێمەیان نارد بۆ لای شەهید غەریب هەڵەدنی لە شاخی دابان . شیخ عەلی ووتی بەر بووم ڕیشم سێ ساڵ بوو نەتاشیبوو ،برادەران بەزۆر ڕیشیان پێ تاشیم ...!
کۆمەڵە نەمابوو منیش بڕوام بەوە نەبوو کە لەناو یەکێتیدا خەبات بکەم . شەهیدەکان و مێژووی لەخوێن هەڵکێشراوی شۆڕشی نوێ ڕووداوەکان هەرهەمووی هاوڕێکانی کۆمەڵەبوون، ئێستا کە سەیری کۆمەڵێ سەرکردەدەکەم شەرم لەهاوڕێ شەهیدەکانم دەکەم و داوای لێبوردن لەنیشتمانەکەم دەکەم ، کە کۆمەڵێ داماو لەسەر مێژووی ئەو هەموو قوربانییە دانیشتوون.
چ فێڵێکمان لێکرا ؟
چۆن فریودراین ؟
چۆن بووینە پۆڕی خوراو ؟
چەند جار تەرمی شەهیدم ئەسپەردەکردووە لەگەڵ هاوڕێکانم و خەڵکی گوندەکاندا ، بەڵام قەت کۆمەڵی شەهید هەیە بیرم ناچێت ، کە بەرگە خوێناوێکەیمان داکەندووە ، یان فڵچەیەکی چڵکی دان یان وردە نانی تیری ، یان ڕەوشتی هاوڕێ کۆمەڵە ، یاخود شعرێکی عاشقانە بۆ نیشتمانمان دۆزیوەتەوە ... ئێستا کۆمەڵێ داماو کە جاشی خەفیفە بوون یان بۆ ئەمنەکان گۆرانیان دەووت ، خۆیان بە و مێژووەدا هەڵواسیوە جگە لە فایلدارو شتی تریش.
کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو بەمێژوو . ئیتر ئەندامە ساختەچێکانی کەدوای دزی وڕاوڕووت دەچن بۆ عەمرەو حەج ئەوە هەر لە ڕەگەوە کۆمەڵەنەبوون بەڵکو شتی تربوون دوورلەڕووتان.
گەورەترین تاوان کە بەرامبەر گەلی کورد لەباشورکرا هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو ، خۆزگە لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ دەکرا لەسەر ئەوپلانە خیانەتکاریە، چونکە کە ئایدۆلۆژیاو پرەنسیب نەما ، گەلێکی داگیرکراو وەک تەختەو داری پارچەی ئەو کەشتیە نقبومویەی لێدێت کە شەپۆلەکان بەئارەزووی خۆیان بەدەریاکەدا دەیبەن .
کۆمەڵە هێندە چوبۆ ناو خەڵکەوە دەیان مەلای ئاینی ئەندامی چالاک بوون لەناو ڕێخراودا ، دێتەوە یادم جارێک سێ مەلای ئاینی هاتن لای شێرکوژەوە زانیاریان داینێ بۆ گرتنی دوو پایگای داگیرکەران ، مەلاکان کۆمەڵەبوون ، دانەیەکیان لێی پرسیم گۆڤاری تازەتان نەهێناوە بۆمان ...!؟
ئێمە وەکو ئاوین بەتەسکترین شوێندا تێدەپەڕین و بەردەوام دەبین لەژیان.
عەیامێکە ئایدۆلۆژیا عەمبارە پۆ بووە ، بۆیە ئێمە هەمیشە چیرۆکی ڕابردوو دەگێڕینەوە . بەدوای خاکی موبارەکدا دەگەڕێن بۆ زیندۆکان ، دوای خاکەکە دەیکۆڵین بۆمردۆکان و ئەسپەردەیان دەکەین . مرۆڤ کاتێک بیەوێت دەست لەکارێک هەڵگرێت ، دەبێت سەرەتا بیر بکاتەوە بۆ دەستی بەو کارە کردووە ؟ ترسنۆکەکان دەمرن لەکاتێکدا بۆ ژیان دەپاڕێنەوە . هەناسەدان هەموو جارێک مانایی زیندۆتی نییە . ئێستا لەنیشتمان لەهەموو ماڵێکدا تفەنگێن دوان هەیە ، بەڵام هەمووی وەک خەنجەری قەدی پیاوەکەیە کە بۆلێقەومان بەقەدێوە گرتبوو، ئەگەر کۆمەڵە هەبوایە .... تفەنگەکان لە دۆڵابەکاندا شەرمەزار نەدەبوون و چەکدارەکانیش کەناویان پێشمەرگەیە بەرماڵیان بۆ سواڵکردن ڕانەدەخست لەمزگەوتەکاندا .... کۆمەڵەمان پێویستە زیندووی کەینەوە...
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە