کورد بۆ هێرشی پێچەوانە ناکات!؟
Thursday, 21/09/2023, 14:10
508 بینراوە
ئێمە تەنها لەسەمانە قوربانێکان سەرژمێر دەکەین..!
ماڵئاوایەکی دڵسۆزانە ،هێندەی خۆشەویستیەکی گەورە جوانە ، هەستی ڕاستەقینەی مرۆڤ دەتوانێت دار ئاسا دروستبکات زانینی پێگەی خۆت لە ژیاندا شتێک نییە کە شەرمی لێبکەیت ، ئیتر لێرە ناتوانین هیچ نیگەرانێکانمان فەرامۆش بکەین هەمووشمان دەزانین پڵنگ تەنها نانەڕێنێت ، بەڵکو پارچە پارچەشت دەکات . مرۆڤ تاخەونەکەی گەورەتربێت خۆشی لەگەڵیا گەورەتر دەبێت .لەنیشتمانە کڵۆڵەکەی ئێمەدا، کوشتن بەدەستی دوژمنە داگیرکەراکانمان بووە بەئاوخواردنەوە و دۆزەخێکە پێایدا تێدەپەڕین . مرۆڤ کاتێک چاوەڕی هیچ شتێک ناکات ، ئەوکاتە نائومێدیش نابێت لەوەی کە هیچی ناوێت
بەڵام ئێمە هەموو شتێکمان دەوێت و هیچیش هەوڵی بۆ نادەین . باسی ئازادی دەکەین و کەچی چاوەڕوانین داگیرکەران پێمان ببەخشن ، لەکاتێکدا ئازادی دەسەنرێت ، نەک وەک بایەعی ئاردو ڕۆن دابەشکرێ و ببەخشرێتەوە.
دەزانن ماسی حەوزی ماڵان گەورە نابێت ، بەڵام ماسی لەڕووباری فراواندا گەورە دەبێت و وەک ماسیە ڕەشە بچوکەکەی سەمەدی بێهرەنگی بۆ خەوەکەی دەکەوێتە ڕێگا بۆناو دەریا.
دەمەوێ بڵێم ئێمە تاک بەتاکمان تاوانبارین لەو هەمووقوربانییە ، چەندمان لەوەتەی تورک هەواری هەڵداوەو ڕۆژانە دروێنەمان دەکات وازمان لەماستی تورکی و خەونی گەشتی تورکیاو درامای تورکی هێناوە ؟
کەسمان ..!؟
واتە ئێمە دۆڕاوین ،دۆڕاوین کاتێک بۆماوەیەکی کورت وەک شیر هەڵدەچین و دوایش بەدیار درامای تورکێ وە گڵۆبەڕۆژە دەتروکێنین .
دوودڵی باجی خۆی هەیە ، دنیایەکمان درووستکردووە کە تێیدا خۆپەرستی و ترسنۆکی تێدا دەگەڕێت
قوربانێکانمان هیچ ناگۆڕن تەنها بەپارچەپاچەکراوی لەگۆڕ دەنرێن لێرە ئەوەی دەیبینین تەنها لاشەی مردۆکانە ، ئەوانەی ئێستا ژیانیان دەبێتە قوربانی لەبەر شکۆ نییە ، بەڵکو مردنێکە هەرزان .
جاران لەدۆڕان نەدەترساین چونکە دەمان ووت کێشە نییە بدۆڕێین گرنگە شکۆ لەدەست نەدەین ،ئێستا لەگەڵ دۆڕانەکەشدا شکۆمان هەلاهەلا دەبێت.
جەنگ مانای ئەوە نییە کە کێشەی کەسێتی تێدا چارە بکەیت ، بەڵکو کێشيکە هی هەمووانە
خەڵات نیشانەیەکە یان دیاریەکە بۆ پێزانین ،خەڵاتی شەهیدبوون کە زۆرمان خەومان پێوە بینیووە ئێستا مانا نابەخشێت ، چونکە بێبەرهەمە، وەک چاندنی گەنمە لە سەحرایەکی ووشکدا .
کۆرێکان دەڵێن پێویست ناکات کونی زیاتر بکەینە ناو کەشتیەک کەخۆی نقم دەبێت ، ئەو دەسەڵاتە لەماوەی حوکمڕانیدا هەموو شتێکیان وەک خۆیان دزێوکردووە ،بۆیە گەر مرۆڤێک شەهید بێت کەس خۆی بەخاوەنی نازانێت ،بیرمان نەچێت هەمووان دەتوانین "ئاگرەکە بشارینەوە بەڵام دوکەڵە کە نا"بۆیە ئەم قوربانیانە بیرمان دەخاتەوە کە
"تەنها پەنیری بێبەرابەر بەتەڵەی مشکەوە هەیە" . وامان لێهاتووە زۆرمان ژیانێکی ئاست نزم بەسەر دەبەین ، هەر لەڕووی هەژارێوە نا بەڵکو لەڕووی بێشکۆیەوە ، بۆیە لەنیشتمانی ئێمەدا کەسێک کەدەمرێت دەڵێن : خۆش بەحاڵی ڕزگاری بوو .
سەرەتایی ڕاپەڕین پێمان وابوو گەشتووینەتە ئەو خەونەی کەپڕێتی لەڕووناکی . بەڵام دوایی بۆمان دەرکەوت کە هەمووڕۆژێک بەخوێن لەنوێژ دەچین ، هەر لەژن و کچ کوشتنەوە تادەگات بەسوکایەتی بە دایکوخوشک و مێژوو خاک و زمانمانەوە لەمینبەرەکاندا و ، ئێستاش لەکوێدا بیانەوێت بەدرۆنەکانیان درووێنەمان دەکەن .
واتێک شکاوین بەخەیاڵیشمانا نایەت هێرشی پێچەوانە بکەین لەو داگیرکەرانەی کە واهەرزان هەلاهەلامان دەکەن .
ئێمە دەزانین جیاوازی هەیە و دەیبینین ، جیاوازی لەهێز ، جیاوازی لەبۆچونەکانماندا ، جیاوازی لەپێگەی کۆمەڵایەتیدا ، بەڵام لەخۆمان ناپرسی ئەم هەمووجیاوازیە کێ دروستی کردووە؟
خەریکە دەگەمەئەو باوەڕەی ئەوپرسەی شەرمان بۆدەکرد ئێستا جێگەی پێکەنینە . دواجار تیرهاوێژی باش دەبێت بزانێت ئاراستەی باکە بخوێنێتەوە . باباش بزانین ئێستا کاتێکی گونجاو نییە لەبارەی دادپەروەری جیهانەوە هیچ بڵێین ، چونکە جیهان هەموو ئەو تاوانانەدەزان ودەبینن کەبەسەرماندا دێت، بەڵام ئێمە خۆمان دەتوانین ئەو نەهامەتیانە ڕاگرین ، ئیتر کاتی ئەوەهاتووە هێرشی پێچەوانە دەست پێبکەین. گەر نەیکەین ئەوە هەرزانترین بوونەوەرین کە شایستەین خراپترمان بەسەربێت .
خەریکە دیوارەکان هەرەس دەهێنن و بەم زوانە بنمیچەکەش دەکەوێت . ئێمەش تەنها قوربانێکان سەرژمێردەکەین .
ئەرێ ئێمە چیمان بەسەرهاتووە...!؟
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە