ئوتێل پەپولە لەشاری شنۆ
Thursday, 10/08/2023, 0:25
602 بینراوە
مرۆڤی چاو چنۆک و بێئاگا هەرگیز ناتوانێت بیر بکاتەوە، بەئاگای کاتی دەوێت یان دەبێت خۆت تامی مەینەتێکان بکەیت . نائاگای تاقوڵایەکانی نێو خوێن ڕۆدەچێت .لەناو جەستەی مرۆڤی چاو چوو بێهەستدا ، باسی بازرگانێکی پیسکە دەکەم کەناوی محەمەد بوو خاوەنی تاکە ئوتێلەکەی شارە جوانەکەی شنۆ بوو ، ڕۆژێک ڕۆیشتم بۆ ئوتێلەکە کەدوایی ئەنفالەکان مەڵبەندی بادینانمان بردبوو بۆ شاری شنۆ و چەند پێشمەرگەیەکی کەلەڕەق مابووینەوەو کە بەلێبوردنە گشتێکەی سەدام متمانەمان نەدەکرد و شەرمان لەهاوڕێ شەهیدەکان و گەلەکەمان نیشتمانێکی جێهێڵراوی سوتماک دەکرد و بڕوامان وابوو ڕۆژگار ئێمەی بۆ شاهیدی مەینەتێکان هێشتۆتەوەو ئەنفال نەیتوانیوە دروێنەمان بکات . ڕۆژێک محەمەدی خاوەن ئوتێلەکەم بینی دەستی چەپی لە ناو قژە ماش و برنجیکەیدا دەگێڕاو سەرو ڕێشە بۆزەکەی مایەی مەینەتیەکی سەیربوو ئەوڕۆژە . بەندە گەلێ جار لەگەڵ هاوڕێکانمدا نیوەڕوان دەچووین ڕۆژهەلاتی ووتەنی نەهارمان لەئوتێلەکە دەخوارد ، ئەگەر لەبارەگاکە خواردنی دڵخوازمان نەبوایە . ئەوڕۆژە وام دەزانی محەمەد زکر دەکات ،لەگەڵ لەشکری دابووم کەهاوڕێیەکم بوو لەبارەگاکە ماوەیەک وەستاین ، من ووتم ئەمە زکرە ، ئەمەژیانە، ئەمەئاگای یە لەژیان ، چونە ناو خەڵوەتەوەیە و فەنابوونە بەیەکجاری .
ماوەیەک بەرامبەری وەستاین محەمەد سەیری دەکردین و نەدەجوڵا، دەووت پەیکەرێکی واقوڕماوە .
بۆیە بەرەو ڕووی چووم ووتم : کاک محەمەد خوانەخواستە چی بووە ؟
خاوەن هوتێل کێشای بەڕانیاو بەچەپۆک بەر بووە خۆی ، راستگۆبم وام دەزانی نزیک ترین کەسی لەدەست داوە ، بەنیاز بووم پێی بڵێم بڕۆ تادێتەوە من خاوەنداری لەئوتێلەکەت دەکەم و لەخەمیدا مەبە .
محەمەد ووتی : بریا ئایەتوڵا خومێنی لەباتی ئەو پەرداخەژەهرە ی خواردێوە تەنەکەیەک "...." بخواردایەتەوە ئەو ڕیش پیسە.
ئێمە دەمان زانی کە زۆری خاوەن ئوتێلەکان لەگەڵ دەسەڵاتداران کاردەکەن ، بەویست بێت یان بەخوایش . بۆیە ئاسان ئێمەی قاڵبووی ڕووداوەکان فریومان نەدەخوارد بەم هەڵچوونە لەناکاوەی خاوەن ئوتێلە چڵکنە.
ووتم ئێ پێت خراپە کەشەڕەکەی نێوان عێراق و ئێران وەستا و ماڵوێرانی کۆتاییهاتووە ؟
ووتی ئەرێ بەوخوڵایە هێندە ی هەموو دنیا لام ناخۆش بوو ؟
من لەخەیاڵی خۆمدا ووتم : ڕەنگە هۆکاری سیاسی هەبێت لەپشتی ئەم بیرکردنەوەی خاوەن ئوتێل.
ووتم بۆچی ، دەکرێ بۆم ڕوونکەیتەوە ؟
ووتی برالە کەشەڕ بوو لەبەر میوان ژوورەکانم خاڵی نەدەبوو هیچ ڕۆژێک ، هەموو ڕۆژێک بەبارستایی پەیکانێک شوتی و کاڵەک لە ئوتێلەکەم دەخورا .
هەر بەڕاستی زۆرپێکەنیم بەدەبەنگی ئەم کابرا چاوچنۆکە .
ووتم ئەی ئەم هەموو خەڵکە کەدەکوژراو ماڵ وێران و زامار دەبوو چی ؟
برالە تۆ نازانی هەرکەس لەخەمی خۆیدایە .
من لەو ڕۆژەوە ببڕای ببڕای نەچوومەوە بۆ ئەو ئوتێلە چلکنە ، کتێب فرۆشێک لەژێر ئوتێلەکەدا بوو کەئەوە تاقە کتێب فرۆش و تاکە ئوتێلی ئەم شارەبوو کەدەچووم بۆ لای مەلا ، بۆ کتێب کڕین سەیری پلیکانەی ئوتێلەکەشم نەدەکرد . تاڕۆژێک لوتم تەقی بەلوتی محەمەدی خاوەن ئوتێلدا ، ووتی سڵام کاکە گیان ،دیارتان نییە ، بۆ سەرمان لێنادەن ؟
ووتم کاک محەمەد گیان ، کەشەڕەکە ڕاگیرا ئیتر ئارەزووم لەخواردنی شوتی و کاڵەک نەما بەتایبەتی لەئوتێلێکدا کەناوی پەپولە بێت ....هەر لەبەر ئەوە یە دەڵێم ناو هیچ کاردانەوەی لەسەر ناوەڕۆک جێناهێڵێت .
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە