سەردەمی ڕەخنەگرتن گوزەشت
Saturday, 24/06/2023, 19:13
767 بینراوە
بەلای منەوە شكۆی مرۆڤ پەیوەندی بە پۆست و پارەوە نییە، بەڵكو شكۆی مرۆڤ هەڵوێست و راستگۆیی و دڵسۆزیی و پابەندبوونە بە بەهای بەرزی مرۆڤایەتی و کەسایەتی تاکی ئازادەوە .
دەبێ مرۆڤ باڵاتر بێت لەهەموو ئەو کۆت وپێوەندەی کە دەوری داوە ، لە نیشتمانی کوردا بەهۆی دەستبەرداگرتنی شکۆی مرۆڤ و بێنرخ بوونی مرۆڤ و سەرگێژکردنی تاکی کۆمەڵگاوە بە کۆمەڵێک شتی بێ کەڵک و بێبەهاوە زۆرجار تاکی کورد نازانێت بۆ دەنگ هەڵدەبڕێت ؟ یا ئەو کاتانەشی دەنگ هەڵدەبرێت زۆر جار ئامانجەکەی نادیارە و داواکەی دە چێتە خانەی کڕوزانەوەیەکی داماوێوە ، کەمرۆڤایەتیت لە پێش چاودەکەوێت ،هۆکاری ئەم دۆخەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرداشە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە زەمەنێکە لەم کۆمەڵگەیەدا پەیڕەودەکرێت ، بۆ بێنرخ کردنی تاکی کورد و هەر ساتێک بەجۆرێک بیر لە کۆیلەکردن و شکۆ شکاندنی کورد دەکرێتەوە . سەمەرە لەوەدایە کە کورد خۆشی ڕۆڵی سەرەکی وازیدەکات لە کۆیلەبوونی خۆیدا و ئەوانەی دەسەڵاتدارن زیاتر شکۆیان لەبەردەمی داگیرکەراندا شکاوە . هەموو ئەو دیاردانە پێکەوە بونەتە هۆکار بۆ ونبوونی ئەو کێشە سەرەکییەی کە دەروونی گەلی ئێمەی هەلاهەلاکردوە و هەموو شتێکی لا بێ بەهابووە تەناتەن بەهای خۆشی نازانێت کە چییە؟
گەلی کورد و کۆمەڵگەکەی زۆری چەشتووە بەدەست حکومەتەکان هەر لە پێش راپەڕین و دوایی راپەڕین و ئەو ٣١ ساڵەی حوکمرانی کوردییش وای لە کورد و تاکەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەتی باشوری کوردستان کردووە کە متمانەیان بە حکومەت و دەسەڵاتی کوردی نەمینێت و ئاواتەخوازی ئەوە بن بێگانەکان حکومداریان بکەن لەبری ئەم دەسەڵاتدارانە .وەلایان ئاسایی بێت ،ڕاستی ئەوەیە ئەوان بەدوایی شکۆدا ناگەڕێن ،بەڵکو هیچ مەرجێکیان نییە و ئاواتیان لە داهۆڵی داگیرکەراندا دەبیننەوە و پێویستیان بەوەیە کۆیلە بوونی خۆیان نوێبکەنەوە ، بەزمانی ئەم سەردەمە خۆیان ئوبداتێرە بکەنەوە .
لەو ٣١ساڵانەی رابردووشدا کێشەی ئازادی رادەربڕین و گرفتی موچە بەزەقی رەنگیدایەو و زیاتر لە متمانەی هاوڵاتی کەمکردۆتەوە بەرامبەر بە حکومەت و دامو دەزگاکانی ووڵات ، زۆری موچەخۆرانیش خەڵکانی بێ بەرهەمنن و هیچ ئینتامەیەکیشیان نەماوە بۆ نیشتمان و خاک و تەنانەت خۆشیان . بۆیە موچەش وەک شڕەخۆری سەیردەکەن و سامانی نیشتمان بەکەلاکێک دەزانن کە هەریەکەیان دانی لێگربکات و بەشی خۆی بەرێت و لە ماڵەداماوەکانیشیاندا گلەیی و گازندە بکەن و خۆیان بەتاڵ بکەنەوە لەخەمەکەڵەکەبووکانیان کە هەیانە .هاوڵاتی بە چاوێکی زۆر خراپ و گوماناوییەوە سەیری هەموو کارێک و هەنگاوێکی حکومەت دەکا، تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی هاوڵاتیشدا بێت.
ئەمەش وایکردوە داواکاریەکانی هاوڵاتی سەرەتایی بن و بۆ تێرکردنی سک و دابینکردنی پێداویستە هەنوکەیەکانیان بیر لە پڕۆژەی درێژخایەن نەکەنەوە و نیشتمان ببێتە تراویلکەو سوکایەتی بەهەموو پیرۆزێکان بکەن و جوێن بەخاکو مێژوو داهاتوو بدەن. لەسەرو ئەمانەشەوە واشکۆیان شکاوە ئامادەن دەرۆزە قبوڵ بکەن و وێنەی گریان و کوڕوزانەوەکانیشیان نمایش بکرێت لایان سانایی بێت و حورمەت بۆ تەمەن و ڕابردووی خۆشیان دانانێن . جگەلەوەش نەخۆشی وداماوی و بێبڕوایی و ڕقلێبونەوە هەموو کۆمەڵگا ی خستۆتە تونێلێکی ترسناکەوە .
فێڵ و پاشقولگرتن و سیخوڕی و دزی بۆتە پیشەی زۆرایەتی و کەس شەڕم لەو کردەوانە ناکات ، لای خەڵک بەگشتی کتێب و نوسین و هزر بایەخی نەماوەو مزگەوت و دوعاو جادو نوشتەو شێخ و مەلا وئاینێکی سیاسی و فاحیشەیەکی ترسناک جێگەی بە هەموو بەهاکان گرتووە .
ئیتر سەردەمی ڕەخنە گرتن بەسەر چووە ، ئێمە لەبەر خاتری ترسنۆکێکەی خۆمان ئەو جیهانەمان خوڵقاندووە و لەخەوێکداین کە دەیجورێک بێت و دارئاسا هەمووشتێک بگەڕێتەوە دۆخێک کە تێیدا سکمان تێربێت و لەسبەینێیەکی پڕ ڕووداودا چاوەڕوان نەبین. ئەوە چۆن وادەبێت ؟
ئێمە دەمانەوێت لەژیان هەڵبێین ، بەڵام وەک لەرزۆکێک هەڵدێین و لەجێگەی خۆمان پایدۆس دەکەین ، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە دەبێت دێر یان زوو لەگەڵ کێشە ئاماندارەکانی ژیاندا ڕووبەڕوو ببینەوە . بەلای منەوە سەردەمی ڕەخنە گرتن بەسەر چووە ، ئێمە ئەوگەلەین لەسەر لێواری مەرگێکی حەتمیداین و وەک زۆری نەتەوەکانی تر ئێمەش لەسوچێکی مێژوودا باسمان دەکەن و نەمانمان بۆ تەحەتمی . ئازادی شتێکی زۆر ترسناکە هەمووان ئەوەدەزانین ، بەڵام لەوەترسناکتر کۆیلەبوونە ، لامان سەیرنەبێت کە مرۆڤی کورد ئازادیان پێقبوڵ نییە ، ئەوان بۆخۆیان کۆتو بەندەکانی خۆیان ئەچنن ، تاکی کورد خۆی زیندانەکان و زنجیرەکان دروست دەکات ، هەر سەیری تۆڕەکۆمەڵایەتێکان و کەناڵە زۆڵەکان بکە دەزانن چ جەهەندەمێک دروستبووە بۆ ژیانە کوت و کوێرەکانتان . یابانێکان دەڵێن" مرۆڤ تالەدەرگا نەدات هیچ دەرگایەک بەڕوویدا ناکرێتەوە" دواجار ئەم قسانە وەک ڕاستی وایەو هەموان دەیبینین ، وەک دەڵێن ڕاستی ناتوانێت بووترێت ڕاستی ئەزموون دەکرێت ، لەو ڕۆژەوەی مەلایەک ووتی دایکی کورد دەبێت بەعەرەبی بەزمانی قورئان لەگەڵ منداڵەکانیدا بدوێت و ئێمە هیچمان نەوت ، گەلی کوردم وەک ئاشورێکان وکلدانێکان هاتە بەرچاو ، کۆتایمان پێهاتووە . هەموومان بەرپرسیارێن لەو مێژوووە چونکە ئێمە لەناو هەناوی مێژوویەکی ترسناکدا دەژین و هیچ ناکەین و هیچ ناڵێن .
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە