گەڕان بە دوای دادوەریی و موڕاڵدا
Monday, 01/05/2023, 22:04
475 بینراوە
ئەو کەسەی کە واتێگەیشتووە دادوەریی راستەقینە زیان لەبەرژەوەندییەکان و ئارەزووەکانی دەگەیەنێت، ئەو کەسە کەلێنێکی قوڵی ترسناک لە هزریدا سەقامگیربووە؛ تا ئەو رادەیەی بەجۆرێک نادادوەریی بە ڕەوا دەبینێت، کە لەگەڵ هاوڕێ و راوێژکار و هاوکارانی خۆیدا بۆ بۆ سەپاندن و پشتڕاتکردنەوەی تێگەیشتنەکەی، هەموو ئارگومێنت و هێزێک بەکار دەهێنێت. بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیی و ئارەزووەکانی خۆی، هەوڵی ئەوە دەدات فەرمانڕەوایی بگرێتە دەست و ببێتە رابەر و سەرکردەی وڵات.
کاتێک ئەم جۆرە کەسانە بە مەرامی خۆیان دەگەن، هەر خۆیان یاساکانی بەڕێوەبردنی شار و کۆمەڵگا دادەڕێژن، دەبنە پارێزگار بۆ بەهێزکردنی نۆرم و خووە خراپ و دزێوەکانی کۆمەڵگەکەیان، چونکە دەسەڵات وەک هێزێک بۆ بەجێهێنانی بەرژەوەندی و ئارەزووەکانیان بەکار دەهێنن، ئەمەش بەئاسانی بەدەست دەهێنن و بەمافی رەوای خۆیانی دەزانن. ئەم جۆرە کەسایەتییانە رێ خۆشکەرن بۆ ئەوانەی لێیانەوە نزیکن تا بیانکەنەگەندەڵ و دەشیانپارێزن، هەم بەهێزی یاسا داڕێژراوەکانیان و هەم بە هێزی مێدیا و پڕوپاگەندەکانیان، ئەگەر سەرکەشی و مەترسییەکیش بێتە رێگایان ئامادەن هێزی پۆلیس و ئاسایش بخەنە خزمەت خۆیان و بەکاری بهێنن، تا وای لێدێت (ناموڕڵی - دادوەریی) وەک نەخۆشییەکی ساری لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە، تەنانەت تاکی خێزانەکانیش دەگرێتەوە، دایک و باوک لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەونە ناکۆکییەوە، خوشک و براک دەکەونە دوژمنایەتی یەکتر، متمانە لە نێوان کەسدا مانێنێت، بەهاگرنگەکانی ژیان بێ مانا دەبێت، هەندێ جار راستییەکانی ژیانیش دەکرێتە گاتەجاڕیی و سوکایەتی پێدەکرێت.
ئەوانەش کە هێشتا توشی ئەو نەخۆشییە نەبوون، یان بەنەرمی ئەو نەخۆشییەیان گرتووە، سڵ لەیەکتر دەکەنەوە و گومانیان لەبەرامبەر بە یەکتر لە لا دروست دەبێت، خۆیان بەلاوز و بێتوانا دێتە بەرچاو. لەم بێچارەیی و بێدەسەڵاتییەیاندا، لە چاوەڕوانیدا خواستی ئەڵتەڕناتیڤێک دەکەن، وەک ئەوەی هێزێک دروست ببێت و بتوانێت بە زووترین کات ئەم گەندەڵی و نادادوەرییە لەو رەگە قوڵەی دایکوتاوە دەربهێنێت و بە (موڕاڵی - دادوەریی) شوێنی پڕبکاتەوە، بەڵام خۆی لەدەرەوەی هەموو گۆڕانکارییەکان دەبینێتەوە، دەیەوێت کەسانی دیکە ئەو کارە بکات و خۆی سەیرکەر بێت.
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (سمکۆ عەلی) نووسراوە