تا لە نوێژ نەچویت، باوەش بە سەلەفییەکدا بکە
Wednesday, 15/02/2023, 15:31
1066 بینراوە
هەموو ڕۆژێک کارەکتەرەکانی ناو دەسەڵات، وێنەیەک، قسەیەکی پوچ، خۆبادانێک، درۆیەک، ڕووداوێکی تەماوی، مردنێکی لەناکاو، قردێلە بڕینێک، کۆبونەوەیەکی دەم بەخەندە، هەڕەشەيەک، دوایش سەردانێکی تاران، ئەنقەرە، بەغدادی تاوان دەکەن...ئێمەش تۆڕەمێدیاکان پڕ دەکەین لە قسەی پوچ و وێنەی پوچ و هەواڵی پوچی ئەمانە.
بەداخەوە ئێمە خەونێکمان لەبار برد و خەونێکی ناخۆشمان هێنایە شوێنی، ئێستا هەرەمی باشور بەدەست پەروەردەی خراپەوە هەژارترین جێگەیە. ئێمە لە ئاشوبی سیاسییدا نقوم بووین، دام ودەزگاکان وێرانکراون، خێزانەکان لەبەریەکتر هەڵوەشاونەتەوە، ووڵاتەکەمان هەمووی خاپور کراوە، تاکە کەسانێک کە سودیان لەم مەینەتیە بینیوە، چەند خێزانێکی بەگومان دەوری ئەو دەسەڵاتە نەفرەت لێکراوەیان داوە، ئەمانە شەیتانیان بەرجەستە کردوە.
کارل مارکس وتەیەکی جوانی هەیە، کە دەڵێت: "ئاین تلیاکی گەلانە " من زۆر بیرم لەم قسەیە کردووە، تا دوایی گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە بڵێم هەر بەڕاستی وایە و ئاین خەڵکی خستۆتە حاڵەتێکی بێهۆشییەوە و وەکو ئەوەی تلیاکیان خواردبێت، خەوێکی وای لێهێناون کە نەدەتوان بەرگەی هەبوونێکی بەرگە نەگیراو بگرن، بەرەوە هەمووجۆرێک لە کۆیلایەتی، لەبرسامردن بچن و قایل بن بەوەی کە دەسەڵات چییان پێ دەکات بە چارەنووسی خۆیان بزانن، مینبەری مزگەوتەکان هیوایەکی درۆی پێ بەخشیون، تا هیوای سبەینێکی باشتر بخوازن وا بیربکەنەوە گوایا: لەجیهانی پاش مردندا سبەینێکی باشتر چاوەڕوانیان دەکات.
ئێمە هەرگیز ئازایەتی ئەوەمان نەبووە پرسیار لە ئاینبازەکان بکەین، ئەوانەی کە خۆیان ناونانەوە مەلا و پیاوی ئاینی لێیان بپرسین: ئەرێ بە ئەرک نەبێت دەزانن پێش مردن چی ڕوودەدات ؟
بەلای منەوە ئەومەلایانەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئاین دەکەن، هاوڕێ ودۆستی ئاین نین، بەڵکو گەورەترین دوژمنی ئاینن، چونکە لە ڕاستیدا ئاین پێویستی بەناوبژیوان نییە، لەنێوان باوەڕبوون و هەبووندا. لەڕاستیدا ئێمە لەم ژیانەدا نامۆ نین، کە ئەوان بە دوای ژاینی داهاتوو ئاشنامان بکەن، چونکە ئێمە لەجێگەیەکی ترەوە نەهاتووین، ئێمە لەناو هەبوونەوە گەشەمان کردوە، تا ڕاستر بڕوانینە بەشێکی جەوهەری هەبوون، جا شەرم نییە بڕۆین گوێ لە نمایندەیەکی ئاین بگرین کە جگە لەترس لەمردن هیچی ترمان پێناڵێ و سۆزی دنیایەکی باشتر و بەهەشتمان دەداتێ، بەڵام ئێمە ناپرسین کاکی نمایندە تۆ خۆت کە هێندە دڵنیایت لە بەهەشت بۆ ناڕۆیت و لەکۆڵمان بیتەوە و چاوەڕێ چی دەکەیت.
گۆتە دەڵێت: "ئەوکەسەی لە مێژووی سێ هەزارساڵی خۆی ئاگادار نەبێت، تەنها بۆ ورگی دەژی" سەرانی دەسەڵاتداران نەک لەمێژووی سێ هەزار ساڵ، بەڵکو لەمێژووی هەفتەیەک لەوەوپێشیش ئاگادارنین. ئەمڕۆ ئەم دیدارە و ئاوێزان و باوەشە، دەبەنگی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی میسری بیرهێنامەوە، کە باوەشی بە ئیخوانەکاندا دەکرد و دەیلاواندنەوە، تا لە نمایشێکدا ناردیان بۆ جەهەنەمەکەی خۆیان. دەسەڵاتداران کاتێک ئەم هەموو رێزلێنانە پیشانی ئاینداران دەدەن وسبەینێیەک کە دەسەلاتیان هەبوو یەکەمین نێزە بەچاوی دەسەڵاتدارانە دەکەن.
ئیخوانەکان بەهەموو بەرگ و لق و پۆپەکانیانەوە، راستییان لە ئێوە سەندۆتەوە، پێتان دەڵێن : ئێوە پێویستان بە گەڕان نییە، ئەوەتانێ ئێمە بۆمان دۆزیونەتەوە و ئێمە دەزانین، تەنها ئێوە ئیمانتان هەبێت.
مەلاکان کە خەڵکیان چارەڕەش کردووە، رقیان لە هەموو جوانیی و راستییەکە. دەسەڵاتدارانیش بۆ مانەوەی خۆیان ڕێگەیان پێداون کە سوکایەتی بە ژن و خاک و نیشتمان و قوربانییەکان بکەن. چیرۆکە پڕوپوچەکان هێندە کاریگەریان لەسەر خەڵکی داناوە لەم ڕۆژانەدا لە یوتوب سەیری دکتۆرێکی گەنجم دەکرد، لەپرێکدا ووتی دەچینە دەرمانخانەکەی پێغەمبەر.
ئێمە دەمێکە هەستمان بەوە کردوە کە سیاسییەکان هزریان بەتاڵ و عەقڵیان بۆشە، نیشتیمان و خەڵکەکەیان لە رێگای ئاینەوە بە هەدەر بردووە، چونکە لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا ئێستا ئاین سەرنج ڕاکێشە، ئەوەتانێ کەرتڕە سیاییەکان لە پەستا دەچنە عەمرە و وێنە بڵاو دەکەنەوە، بۆیە تەواوی کەسایەتیان ساختەیە. لەڕاستیدا بەندە بەو لێشاوە خەڵکەی کە دوایان دەکەوێت، لە نیشتمانی ئێمە هەرەسیان بە هەموو شتێک هێناوە، ئەوەتانێ هونەرمەندان، نوسەران، مۆسیقاژەنەکان، هەموویان بۆ کڕوزانەوە سەردانی سیاسییەکان دەکەن. ژمارەی ئەوانەی کە بەلایاندا بەکێش دەبن دەری دەخات کە ئەمە سیاسەتی ژمارەکانە. مەلا و هونەرمەند، کە بەتاڵن لە هەموو هزرێک پێویستیان بەوەیە ناو وێنەیان هەموو ڕۆژێک لە ڕۆژناو کەناڵەکاندا هەبێت، چونکە دەزانن ئەگەر راگەیاندنەکان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا وێنە و ناویان دەرنەخەن ئەوا خەڵکی زوولە بیریان دەچنەوە.