دوژمنانی کورد یارمەتی بنەماڵەی بارزانیی و تالەبانی دەدن بۆ ئەوەی هەر بمێننەوە
Monday, 16/01/2023, 22:20
750 بینراوە
سیاسەتکردن لەناو کورددا، بۆ کەسانی وەکو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە بەردەوام دوژمنان یارمەتییان داون و رێکخراویان بۆ دروست کردوون، کە هەموو ئاسانکارییەک بە حازری خراوەتە بەردەستیان، پێویستیان بە پشتگیریی خەڵک نییە، تەنیا ئەو کاتانە نەبێت وەکو سوتەمەنی و کاڵا بەکاریان دەهێنن، بۆیە نە خۆیان پێویستیان بە عەقڵ و زیرەکییە، نە رێکخراوەکانیشیان پیویستیان بە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایە، تەنانەت پێویستیان بە نووسەر و روناکبیری کوردیش نییە، رێگایان پیشان بدەن، وەک ئەو تۆپەڵە فەیلەسوف و رۆماننوس و دکتۆر و پڕۆفیسۆرانەی کورد، ئەمانە پێشنیاریان بۆ دەکەن، رەخنەگرتن ئەو هێز و کاریگەرییەی نەماوە، دەسەڵات لە رەوشت شۆردراوەتەوە، ترسی لە رەخنە نەماوە، ئەوەی دەمێنێتەوە و گونجاوە، تەنیا پێناسەکردنیانە لە رێگای کردارەکانیان، تا بۆ مێژوو بنووسرێتەوە، بە جوانی نەچنە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە، کە هەمووی پڕە لە نمونەی ئەم جۆرە خائینانە، کە بە هەڵە مێژوو دانی خێری پێداناون. نووسەرانی کورد، ئەوانەی کە دەسەڵات دەیەوێت و بە دڵێتی ئەم جۆرە نووسەر و روناکبیرانەیە، دەسەڵات و نووسەرانی کورد لەم نمونانە، خاڵی هاوبەشیان زۆرە، هەردوو لا پێکەوە لەگەڵ ناوشیاریی و نەخوێندەواری کۆمەڵگادان، قازانجی ئەم نووسەر و فەیلەسوفانەی کورد لەوەدایە کە لە وشیاریی خەڵکدا خۆشیان وەکو دەسەڵات دەکەونە ژێر پرسیارەوە.
لەوێوە نووسەری کورد تایبەتمەندی خۆی دروست دەکات، ئەویش لوتبەرزیی، دوورکەوتنەوە لە خەڵکی، نەچوونە ناو خۆپیشاندان، ژیانی خۆش و رابواردن، کەشخەیی، تا ئیستا هیچ کام لەم نووسەر و روناکبیرانە بەرژەوەندی خۆیان نەخستۆتە مەترسییەوە، نەچوونەتە بەرەی گەلەوە و نەبوونەتە بەشێک لەو زیانەی کە بە خەڵکی پێی گەیشتووە، لە نووسینەکانیاندا خەڵکیان بەرەو نائومێدی و تەسلیمبوون بردووە، چونکە دەستی خیانەت یارمەتی داون، خەڵکی ساویلکەش تەنیا ملکەچی بۆ ماوەتەوە، خیانەتیش لەوێدا وەستانی بۆ نەبووە.
رەخنەگرتنی هەندێک لەو نووسەر و روناکبیرانەی، کە بە هۆی دەزگایەکی راگەیاندن و رۆشنبیری ئەم حیزبانە موچەخۆری ژێرەوەی دەسەڵاتن، ئەمیش فێڵێکی دیکەی هاوشانی ریفراندۆمە، کە بە دەمامکی بێلایەنی و دلسۆزی بۆ ئەو خەڵکە، بە نەرمی نوکی قەڵەمەکانیان دەخەنە سەر وشەکان، خۆیان لە خەڵک بە عاقڵتر دەزانن، بۆیە رێگاچارە پیشانی ئەم سیاسیانە دەدەن، لە مەودایەکی تردا بە دەوری ملکەچی ئەو خەڵکەدا خۆشیان بە دەوری دەسەڵاتدا دەسوڕێنەوە. ئەمانیش سنوری خیانەتیان تێپەڕاندووە.