پێویستە بیر لە بە کانتۆن بونی خانەقین بکرێتەوە؟
Thursday, 02/04/2015, 0:09
دیارە خانەقین وەک ناوەندی قەزاکە بۆ دوازدە ساڵە بە کردەیی و لەسەر ئەرزی واقیعدا کورد فەرمانمرەوایی دەکات و، بە رەسمی سەر بە پارێزگای دیالەیە و زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن و ئامانجیان ئارامی و ئاسودەیی و گەرانەوەی قەزاکەیە بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو ناحیانەی سەر بە قەزای خانەقینن تا دوا هەناسە تەعریب کاری تێکردوون و زۆرینەیان تا رادەیەک لەدەست کورد دەرچون و تەنانەت خاک و خۆڵی ئەو شارانە گۆرینی بەسەردا هاتووە . لەبەر ئەوەی بەرەسمی سەربە ناوەندی عیراقە، بۆیە تا ئێستا ئەگەر بودجەکەی لە لایەن دیالەوە بە کەموکورتی دابین کرابێت، ئەوە لەلایەکی ترەوە بە هەوڵی تاکە کەسی وحزبی وبەشێکی زۆر کەمیش لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە وەک خێر و سەدەقە یارمەتی نیوە ناچڵی ئەم شارە دراوە و، هیچ حسابێکی تایبەتیان بۆ شارێکی دێرینی خێر لەخۆنەدیوی دەیان ساڵەی کوشتەی تەعریب و تەبعیس و تەهجیر و تەسفیر و ململانێی حزبی و تا رادەیەک کاریگەری سنوربون و، زەرەرمەندبونی لە شەری نەگریسی ئێران عێراق، زیاتر لە شارەکانی زیانی پێگەیشتووە و لە مێژوەکەی خۆی دابراوەو، وەک کەلاوەیەکی جێگای گیاندارێکی بێ دەرەتان لە گیانەڵادا دەژێت و،خەمخۆرانی کەمن و تا رادەیەکیش بۆتە قوربانی ململانێی نێوخۆیی خۆی و ناشارەزایی هەندێکی و نا دڵسۆزی ئەوانەی تر لەو بەپرسانەی کە هاوردەکراون بۆ حوکم کردنی شارەکە و ، دوور لە خواست و ویستی خەڵکی ئەم شارە بە ئارەزوی خۆیان تەراتێن دەکەن . بۆیە تا دێت نارازیبونی خەڵکەکەی بەرەو لوتکە هەڵدەکشێت و دەستێوەردانی مەبەستداری ناوەوە و تەنانەت دەروەی سنوری عیراقیش تێیدا بە زەقی دەردەکەوێت و، ئەگەر پێشتر ململانێی مەزهەبی بونی نەبوو ئەوا ئێستا لەبەر چەندین هۆکار تا رادەیەک لەدوورە وە سیمای دەردەکەوێت و، نەداری و نا عەدالەتی و ململانێی شەخسی و حزبی و ئەگەر زۆر راشکاوانە باسی بکەین تا رادەیەک مەزهەبیش، خەریکە وەزعی ئەم شارە بەلارێدا دەبات و لە بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و ئاینی و کەلتوری و تەنانەت ئابوریش بەرەو ئاڵۆزیەکی سەیر دەچێت . لەم نێوەندەشدا نە حکومەتی هەرێم خۆی بە خاوەنی راستەقینەی دەزانێت و نە حکومەتی عیراقیش و، تا دێت بارودۆخی شاری خانەقین ئاڵۆز و خرابتر دەبێت لەسەرجەم بوارەکاندا، سەرەرای ئەوەی بۆ زیاتر لە دوانزە ساڵی رەبەقە لە دەستی دکتاتۆرەکەی بەغدا رزگاری بووە . بۆیە حەقی خۆیانە خەڵکی شاری خانەقین بپرسن تاکەی ؟ تا کەی خەمساردی لە ئاست ئەم شارە؟ تاکەی نەبونی خزمەتگوزاری پێویست و نەبونی مرجەعیەتی ئیداری راستەقینە؟ تاکەی نەبونی خاوەندارێتی سیاسی و فەرمانرەوایی ؟ تاکەی دواکەوتویی هەمەلایەنی شارەکە لەسەرجەم بوار و ئاستەکاندا؟ تاکەی بەرەڵایی ؟
بێگومان وەک شارێکی دێرینی سنوری نێودەوڵەتی خاوەن مێژویەکی پرشنگدار، تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی وئابوری خۆی هەیە و، بێگومان ئەم شارە بە نوخبەی پر توانا و زیرەک لە سەرجەم بوارەکاندا ناسراوە و لێرە جێگەی باسکردن و ژماردنی نابێتەوە . بۆیە خەڵک بیر لە چارەسەری ریشەیی دەکنەوە و لەو بوارەدا تا ئێستا بۆ قوتار بون لەم قەیرانە قوڵەی ئەمرۆی خانەقین چەندین بیرۆکەیان باس کردووە و دەرخستوە . ئەوەی شایانی باسە، کە دەکرێت لێرەدا باس بکرێت، زۆرێک لە خەڵکی بێ لایەن و خەمخۆری ئەم شارە بەدوای رێگەچارەدا دەگەرێن و لەو نێوەندەشدا بیرورا دەگۆرنەوە و، باس لە ئامرازە کانی خۆدرەبازبون لە قەیرانی هەمەچەشنی باری نالەباری شارەکەیان دەکەن . لێرەدا ئەگەر باس لە چارەسەرێکی گونجاو بکەم کە خەڵکی لەم قۆناغەدا لێی دەدوێن، ئەویش بەکانتۆن بونی خانەقینە، کە وەک هەموو تاقیکردنەوە سەرکەوتوەکانی تر لە شوێن و جێگەی تردا پێهەڵساون بۆ خۆ رزگاربون لەو سەرسورمانەی کە لەو نێوەندەدا باڵی بەسەر خەڵکی دڵسۆزی ئەم شارەدا کێشاوە؛ بەکانتۆن بونی خانەقین و دواتر بە هەڵبژاردن و راپرسی، رێگەی گەرانەوە بۆ باوەشی هەرێم ئاسانتر دەکات و لەو کەمتەرخەمیەی حکومەتی بەغدا و هەرێمیش رزگاریان دەبێت و هەنگاوی یەکەمی ئاسایی بونەوەی وەزعی خانەقین بە قەزا و ناحیەکانیشیەوە دەکەوێتە سەر سکەی خۆی و دواکەوتنی جێبەجێکردنی مادەی 140 کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر ئەم شارە نامێنێت و، خەڵکی ئەم شارە بریاری راست و دروستی خۆیان دەدەن و رێگەی سەر بەهەرێمبونیان کورت دەبێتەوە و پێویست بە بریارە ناوەندیەکانی بەغدا ناکات بەشێوە یاساییەکەی وا دارێژراوە کە مینرێژکراوە . بۆیە بەکانتۆن بونی خانەقین وەک شەنگال و شوێنەکانی تر پێویستیەکی حاشاهەڵنەگری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بارودۆخی ئەم سەردەمەی ئەم شارەیە، بۆیە پێویستە بژاردەی ئەم شارە دەبێت هیمەتێک بکەن و رێکارە ئاساییەکانی بگرنە بەر و خۆیان لە چەقبەستنی حاڵی ئەم شارە رزگاربکەن و گوێ بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی هیچ کەس و لایەنێک نەدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست