کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

هەستانەوە بەتامی شکۆمەندیی

Friday, 29/04/2022, 19:42

1074 بینراوە


عەزیز نەسین دەڵێت: " مرۆڤ تەنها لە قسەکانی بەرپرس نییە، بەڵکو لە بێدەنگییەکەشی بەرپرسە"
بە بڕوای من کاتێک ئەم دەسەڵاتە دەڕوات، ڕوبارێک خوێن لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت، چونکە بێکەرامەتی ئەم دەسەڵاتە گەیشتۆتە لوتکە، کە ٣٠ساڵە ئێمە لەناو بێکەرامەتیەکی ترسناکدا  گوزەردەکەین ، ئێمە  لەسەر ئەژنۆکانمان ڕێدەکەین، ڕاستی ژیان ناکەین، وا دەزانین کە لەناو بلوارداین و ئۆکسجینی نایەن هەڵدەمژین، ئێمە دووا تیرمان دووا لێکدانەوەمان ئەوەیە کە هەمیشە خەریکین بەراوردێک دەکەین، لە نێوان ئێستاو ڕابردوودا ،خۆمان خەمۆک و گیرکردوە بەڕابردوەوە، خەیاڵ هەموومانی لەناو بردووە.. 
خەیاڵی پوچ، مردنی کەسەکان نەک فێری هیچمان ناکات، بەڵکو مویەکیشمان ناجوڵێنێت .
ئێمە کۆمەڵێک دەستەواژە و هیمای تازە دەوری داوین وێرانی کردووین.
ژنی سوتاو، خۆکوژی، دزیکردن، نیشمان هەراج کردن، ڕێپیشاندانی داگیرکەران، ڕێزگرتنی خائینان و خاکفرۆشان، موچەی بندیوار، پێشمەرگە بە سیما و بەرگی قواتخاسەوەی بەعسەوە، پەرلەمانتاری درۆزن و موچەی خەیاڵی و دزی  نووسەری ستایشکەر و ترسنۆک، سیاسی نەزان، هەڵەوەڕی لەجێگای بیرەوەریی، ڕاوەکۆپتەر، گۆڕستانی بێکەسەکان، منداڵی بێباوک، ئاگربەردان لە سنەوبەرەکانی شار، سەرو سمێڵی وەک پێلاو بۆیاخکراو، هەڕەشە لەدوژمن لەبەرچاوی کامێراکان و کڕنوشبردن بۆیان لە ژوورە تاریکەکاندا و پانکردنەوەو ماستاوکردن بۆ داگیرکەرو دوژمنانی گەلەکەمان.بەکورتی، شێری ناو خۆمان و ڕێووی گەڕی دەرەوە.
چەنەبازی ناو تۆڕە جەنجاڵەکەی سۆشیال مێدیا، دەرکەوتنی تۆپەڵێک هەرچی و پەرچی بێخاوەن لە ناو تۆڕیی مێدیادا، لەشفرۆشان بۆ میت و ئیتڵاعات.سیاسی پوچ ودرۆزن، کە سیاسەت لای ئێمە بۆتە دوکانداری و بەمیرات بۆ خزم و خوێش و کوڕان و کچانیان جێدەهێڵن.سەیرکەن  بەڕەو کوڕی سەرۆک جاش، کە لەسەر مێژووی قوربانیدان هەڵتۆقیون و بونەتە دەم ڕاستی گەلێکی ماندوو.  زیندوکردنەوەی ناوی عەشرەت و گوند، مێدیای زۆر زەوەند، کە خەڵکی هەموو گێژکردوە بە فیشاڵ و بەرنامەی پوچ.درامای تورکی، کە کەرامەتی نەهێشتوە لە نیشتمانی ئێمەدا، مێدیای ئەخلاق سزیی سەر شەقامەکان کە کۆمەڵێ خەڵک لەڕێگەی میتەوە بەڕێوەی دەبەن و بەرۆکی خەڵک دەگرن تا بکڕوزێنەوە.
کاتێک گۆردن براون " سەرەک وەزیرانی بەریتانیا بوو "عەبدول واحید مەقرەحی" ئەو تیرۆریستە لیبیایەی فڕۆکەیەکی تەقاندەوە کە تاوانەکەی بەسەردا ساغ بۆوە  لە ئینگلستان زیندان بوو گۆردن براون، بڕیاری بەردانی دەرکرد، پەرلەمانتاران هەڵایان نایەوەو ووتیان:" تۆ خیانەتت لەنیشتمان کردوە " گۆردن براون لە ناو پەرلەمانتاندا ووتی: هاوڕێیان هێواش، هێواش.ئەو بەشەرە پیسە تیرۆریستە توشی ژێرپەنجە بووە، گەر لێرە لە زیندان بمرێت ئەوە دەبێتە پاڵەوانی لیبیا، بەڵام گەر لە لیبیا بمرێت وەک خائینێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆیە واژۆم لەسەر بەربونی کردووە.
لەتاریق ڕەمەزانەوە تا هاشمی و سەدان تاوانباری ئەنفال و بەعسی و فایلدارو ئەنفالچی  ، ئێمە نەک پێیان ناڵێین خائین بەڵکو پەرلەمانتارە خوێڕییەکانمان وێنەیان لەگەڵدا دەگرن و گەلیش لە مردۆکان خۆش بوون و زیندۆکانیش وەک پاڵەوان سەیردەکەن و لەسەر گۆڕەکانیان دەڵێن: بێتۆیمان پێوە دیارە هەستەوە توشی قەیرانی موچە بووین و چوینەتە تونێلێکی داخراوەوە .

مێژووی ووڵاتان پڕە لە نمونەی هێندە زیندوو، کە مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەکات، بەڵام مێژووی ئێمە پڕە لە خاکفرۆشی و خیانەت و سوکایەتی کردن بە تاکی کورد لەگەڵ تێکشکانی هەموو بەهاکاندا.
جاران کاتێک مێژووی نیشتمانم دەخوێندەوە، هەمیشە لام سەیر بووە کە چۆنە خەڵکی ئەم هەموو خیانەت و ترسنۆکیەیان بە دامێنیان هەڵگرتوە و دەم پرسی ئەی چۆنە قبوڵیان کردوە ئەم نەهامەتیە بەسەریاندا بڕوات  ؟
کەچی ئێستا ئێمە لەناو نووسینەوەی لەو مێژووە پیستر و ترسناکتردا دەژین و دەینوسینەوە و قسە ناکەین، بەڵکو هەریەکەمان بچوک و گەورەمان پاڵەوانی ناو ئەو دیوارە داتەپیوەی  ناو مێژووین، کە بەناوماندا دێت و دەچێت.
دەڵێن : "ئامانجی جەنگ سەرکەوتن نییە، چونکە نرخی سەرکەوتن زۆرگرانە" ئامانج بەدەستهێنانی شکۆیەکە، کە مرۆڤ هەست بەکەرامەتی خۆی بکات.یاریکردن بە شکۆ ڕاگەیاندندنی مردنێکی قێزەوندە، چونکە کڕوزانەوەی ئەو خەڵکانەی سەر شەقامەکان پێمان دەڵێت چۆن شکۆی تاک بە تاکمان شکاوە.
ئاخر چ گەلێک هەیە سوپای داگیرکەران لەنیشتمانەکەیدا تەراتێن بکات؟ بەڵام ئەو پۆشاکی ئەو ووڵاتە و ماستی ئەو ووڵاتە بکڕێت و بیخوات بکات،  شەویش بەدیار دراما فاسیدەکانیەوە دانیشێت و بترەقێتەوە.
خەڵکی ئێمە هێندە سەیری درامای تورکی کردووە ناتوانێت دوو دەقیقە بیربکاتەوە، چونکە هزرە چۆلەکەکەی پڕ بووە لە درامای تورکی و قسەی پوچی چەنەبازەکانی ناو تۆڕە مێدیاکان و تیکتۆک و نێرگەلەی چایخانەکان . 
هەمیشە دەڵێن مرۆڤ تاکە بونەوەرە لە شکستەوە فێردەبێت.
 ئەم هاوکێشەیە لای ئێمە پێچەوانەیە، چونکە ئێمە نەک شکست فێری نەکردووین، بەڵکو هزریشی بەتاڵکردوین، خەڵکی هێز لە قۆڵەکانیانەوە دەبینن نەک لەمێشکیاندا.من نیگەرانم چونکە ئەوە ئازارە، کە گەلانی فێری هەستانەوە کرد، کەچی ئێمە نە کۆچ و ڕەوکردن، نە شەڕی ناوخۆ نە هەژاریی و داماویی و بایکۆت و ستەم ، فێری هیچی نەکردووین، بەڵکو لە ناوی بردووین .
دواجار نازانم کامە زانابوو ڕووی لەگەلەکەی کرد و ووتی: گەردەتانەوێت وەک خۆر هەڵبێن، پێویستە وەک خۆر گڕتان هەبێت و سوتێنەربن.هەستانەوە محاڵ نییە، چونکە ستەم لەهەموو جێگەیەک و لە هەموو ماڵێک دەبینرێت .

پەیامی ڕۆژ  لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە