ڕەمەزان و گەڕان بەدوایی ناسنامەدا
Tuesday, 12/04/2022, 1:32
1157 بینراوە
ئۆشۆ لەکتێبی بەقورس مەیگرە دەڵێت:"دۆزەخی ئەڵمانی ، ئیتاڵی ، هندی ، یابانی بەڕووکەش هیچ جیاوازیەکیان نییە ،ئاگر هەریەکسانە ، سوتان هەریەکسانە ، ئازار هەریەکسانە "
هاوڕێیەکم ووتی : لەیەکێک لەشەقامەکاندا چاوەڕێی برادەرێکم دەکرد لەوکاتەدا ئارەزووم بۆ کێشانی جگەرەیەک هەستا و جگەرەکەم پێکرد و نەفەسێکی قوڵم لێدا و چاوەکانم نوقاند تا چێژ لەتاڵی جگەرەکەم ببینم و ئەو چەند چرکەیە دورکەومەوە لەوهەمووژاوەژاو داماویی و هەژاری و پۆخڵیەی ئەوشەقامە ... لەناکاو دەنگی پیرێژنێک بەئاگای هێنام و پرسیاری کرد لێم تۆ خاوەنی "حەیاو حورمەتی ، هەی بێ حورمەت" بە ڕاستی هاوڕێکەم ووتی ئاوڕم دایەوە بۆ دواوە وام زانی لەگەڵ بوکەکەیدا بەشەڕ هاتووە ...! کەچی کەسم نەدی ژنە لەجوێندان بەردەوام بوو ، منیش لەکێشانی جگەرەکەم . ووتی بەرەڵا من لەگەڵ تۆمە جگەرە بۆ دەخۆی... !؟
ووتم بۆچی دایەگیان خۆ ئێرە بەنزینخانە نییە، پاشان جگەرە ناخورێ دەکێشرێ ؟
ژنە دەهری بوو بەقسەکەم ووتی: خۆئاژەڵ نیم دەیبینم بەرەڵا نازانی مانگی ڕەمەزانە ، تۆ کافری ؟
منیش جگەرەیکم بۆ ڕاگرت و ووتم: کەڕۆژۆکەت قوپان جگەرەیەک داگیرسێنە با هێندە جوێن لەدەمت نەیەتە دەرەوە ..
لەڕەمەزاندا تامی ژیان لەدەست دەچێت ، کە منداڵ بووم لەشەقامی مەولەوی لەڕەمەزاندا کەبابخانەکان پەردەیەکی سپیان هەڵدەواسی خەڵکی دەچوو کەبابیان دەخوارد شەقامەکە پڕدەبوو لەبۆنی ژیان ، ئێوارانیش کەس خۆی نەدەکردە خاوەنی سینیە پاقلاوەو ڕەحەتەقومەکان ، ڕۆژوان و بێڕۆژۆکان مافی ئەوەیان هەبوو لەوێ چێژ لەشیرینی و خۆراکەکان ببینن کە کەس نەیدەزانی کێ ئەم کارەی کردوە .
ئێستا هەموویان وون بوون بۆیە لەڕێگەی ڕەمەزانەوە دەیانەوێت خۆیان و ناسنامەیان بدۆزنەوە ، دزەکان پیر بوون مزگەوت دەکەنەوە زەرفی خۆراکی تورکی و خەیارو تەماتە بەسەر هەژارەکاندا دابەش دەکەن ، زۆرکەس هەر پێی خۆشە سواڵ قبوڵکات گەرچی پێویستیشی پێی نییە . چونکە ناسنامە لەنیشتمانی ئێمەدا لەدوایی ئەنفالەکان وونبووە . هەمووان بەدوایی ناسنامەی خۆیاندا دەگەڕێن و وێڵن .
ئێمە هەموو خۆمان داوە بەدەستەوە ، ئەوانەی هەمووشەوێک دەخۆنەوە لەو مانگەدا خۆیان دوورە پەرێز دەگرن ، دوایش دەست دەکەنەوە بەخواردنەوە ، ئەمە لوتکەی ترسنۆکیە ، ئەمە تێنەگەشتنە لەگەشتی مردن . ئەوەی لەم مانگەدا دەمرێت لای خەڵکی ئێمە بەختەوەرترین کەسە ، ئەوان پێیان وایە ئەو بەدبەختەی لەم مانگەدا مردوە بەهەشتیە ، جا ڕێکەوتی ڕۆژی هەینیش بێت ئەوە بەختی لەسەر دەبڵ داناوە. ئەمە داڕزانی هزر نەبێت ناوی دەنێیت چی؟
دراما پوچەکانی هەمووساڵێک لەڕەمەزاندا لەکەناڵەکانەوە بڵاوی دەکەنەوە ، هیچ پەیوەندی بەکۆمەڵگای ئێمەوە نییە ، ئەوانە بەو دەم و چاوە قەبیح و ورگەزل و دەمودانە جوانەیانەوە کە نمونەیەکی داڕزاوی کۆمەڵگایەکە کە لەلێوارمەرگدابێت ، جگەلەوەش ناوەڕۆکی ئەم درامایانە پڕە لەبێڕێزی کردن بەکۆمەڵگای کورد ..بەڕاستی کەسەیرم کرد هەستم کرد هەمووشتێک لەنیشتمانی ئێمەدا هەرەسی هێناوە؟
وەرە میستەر بین کۆمێدیا بکات و شاپلین لەڕێگەی کۆمێدیاوە عەرزی هێتلەر بهەژێنێت ، ئەمانەی ئێمەش کۆمێدیا دەکەن کە مرۆڤ نازانێ بگری یان پێبکەنێ بەم هزرە بەتاڵەی کە لەم مانگەدا خۆیان نمایش کردوە ؟
دواجار هەتا ئێمە خۆمان نەدۆزینەوە ناتوانین ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ژیان .شەربەتی هەنارەکەتان جوانە زەهر دەخۆنەوەو دەڵێن شەربەت نۆش دەکەین . ئێمە لەناجێگریەکی بەردەوامداین ، لەناجێگیریدا ماندووین بۆیە بەدوایی ناسنامەیەکدا دەگەڕێین ، دەمانەوێت هەرچۆنێک بێت بڵێن هەین ، ڕوولەمزگەوت دەکەین بەڵام داڵغەمان لای شفتەو کفتەکەیە و بیرمان لای دراما پوچەکانی تورکی و کوردێکانە کە وێرانی کردووین .
ڕەمەزان مانگێکە هەموو شتێک تێدا وێران بووە وونبووین دوای ڕەمەزان دەکەوینەوەسەر ڕێچکە خواروخێچەکەی ژیان دەخۆینەوە دانە کەلەکانمان نمایش دەکەینەوە و چکلێت دەجوین ، تاڕۆژێک ناسنامەی خۆمان دەدۆزینەوە .
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە