مەرگی دوو پیاوە خانەنشینەکە بە بێدەنگیی ڕۆی
Tuesday, 29/03/2022, 5:48
985 بینراوە
سەربەرزی وەک ژیانی مرۆڤ گرنگە ، لەماوەی ئەم ٣١ساڵەدا لەسایەی حوکمی خۆماڵیدا ، ئێمە لەسەر کۆمەڵێک ڕووداو ڕاهێنانمان پێکراوە و هێواش هێواش و نەرم نەرم لەگەڵ ستەم و بێدادی و خیانەت و خاکفرۆشی و شکۆشکاندی کەمەرشکێندا ڕایان هێناوین . مرۆڤ گەلێکین وادەزانین کە لەچارەنوسمان نوسراوە و بەرنەفرەتی ئەهریمەن کەوتووین . تەنها لێرەدا پردێکی داتەپیو هەیە لەمابەینی دەسەڵات و خەڵکدا ، یاسای ژیان وایە دژەکان هەرگیز یەک نابینن .
چونکە ئەوان دژی یەکترن ، دژەکان یەکتر ڕادەکێشن ، جوێن بەیەکتر دەدەن ، لەکاتێکدا کەسیان گوێ بەجوێنی یەکتر نادەن . ئێمە هیچ کاتێک لەمردن نەترساوین ، بەڵکو لەو فەنابوونە ترسمان هەبووە کە بەلاشەکا نەوە سوکایەتی بکرێت .
ئەم هەموو کەناڵە زۆڵە کە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکاندا گفتووگۆ لەگەڵ ڕێبواراندا دەکەن ، پڕۆژەی دەسەڵاتە ، تاخەڵکی خۆیان بەتاڵ کەنەوە . جارێک لە کەمپی هاوینەدا لەڕاهێنانی کاراتیدا یەکێک لەڕاهێنارەکانی هونەری جەنگی سمیناری هەبوو ،ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەکرد کە دەسەڵاتداران بۆیە کۆمەکی ئەوەدەکەن لۆکاڵی ڕاهێنان زیاترو زیاتر بکرێتەوە ، تاگەنجەکان و خەڵک بێت ڕاهێنان بکەن و ووزەی خۆیان لەوێدا سەرف بکەن ، گەر وانەکەن ئەوە لەسەر شەقامەکان و ناو خەڵکدا گیروگرفت بۆ دەسەڵاتداران و سیستەم دروست دەکەن .
هەربۆیە ئەو کەناڵە زۆڵانە بەدیوێکی ناشریندا هەمان ڕۆڵ دەبینن ، لەسەر شەقامەکان توڕەیی خەڵک دادەمرکێنەوە ،تەنانەت تۆڕەکۆمەڵایەتێکان پڕە لەقسەی پوچی ژنی پیرو پیاوی پیرو دوعاو نزا کردن و جوێندان .
سەمەرە لەوەدایە ئەوانەی بڵاوی دەکەنەوە دەڵێن یان دەنوسن ، ئەم پیاوە یان ئەم ژنە قسەی دڵی هەموومانیانکرد . لەکاتێکدا وەک ئەوەی فەیلەسوفێک تێزێکی گەورەی دۆزیبێتەوە ؟
پرسیارەکە لێرەدایە چی گۆڕی ئەم هەموو قسەکردنە کەکراوە !؟
بەدڵنیایەوە هیچ ناگۆڕێت و هیچی نەگۆڕیوە ، دەیان و سەدان ڕووداوی پڕ تراژیدیا لەماوەی ئەم سێ دەیەیەدا ڕووی داوە هەموو ئەو کارەسات و موسیبەتانە نەیان توانیوە بچوکترین گۆڕانکاری دروست کەن .
تەنها شتێکی قێزەونیان کردۆتە ئەدەبیاتی گەلەکەمانەوە، ئەویش لیژنە دروستکردنە . ئەمەش تەنهافریودان و خۆلادانە لە باسە سەرەکێکە .
مەرگی ئەم دوو پیرە پیاوە زۆر شتی پێووتین ، بەڵام ئێمە کەڕو کوێرین نەئەبینین نەئەبیستین . سی ساڵە لەبەر خاتری ترسنۆکیەک ئێمە ئەم هەموو تاوانە بەدامێنمان هەڵدەگرین . لەکاتێکدا ئێمە بێدەنگین و بەبەر چاومانەوە مەڵۆو خەرمانی دراوسێ یان براو خوشکەکانمان دەسوتێت ، چونکە مەڵۆو خەرمانی خۆمان نییە کارمان پێیانەوە نییە ، کەئەم دوو پیرە پیاوە ڕۆحیان لەبەردەم بانکێکی بێپارەدا کێشرا ، کەسمان نەماووت : ئەمە باوک و باپیرەو مام و خاڵمانە ، بەڵکو ووتمان دوو پیاون گەر دەزانن نەخۆشن بۆ دێن بۆ موچەوەرگرتن !؟
ئێمە تاکە گەلین لەو هەرێمەدا هەمیشە چاوەڕوانین بەیانی هەستین و گۆڕانکاری ڕووی دابێت و ئەوەی ئەمانەوێت وابڕوات و بکرێت ، بەڵام خۆمان ئامادەنین دڵۆپێک ئارەقی بۆ بڕێژین یان خوانەکردە ژیانمان بخەینە ناو ریسکێکەوە کە هیوایەک هەبێت بۆ گۆڕانکاری ، یان بمانەوێت ئەم نادادپەروەریە قڵپکەینەوەو لەجێگەیدا شکۆ و کەرامەت و بەختەوەری بگەڕێنینەوە . ئەو دوو پیرە پیاوە بەچبێدەنگیەکی سەختدا گوزەریانکرد ، لەبەر ترسنۆکی ئێمە ؟
هندێکان دەڵێن :"بەردلەسەر بدەیت ، یان سەرت لەبەردبدەیت ، هەرسەر دەشکێت " بۆیە ئەمەی ئێمە دەیکەین یەکێکیانە ئەو بێدەنگیەی دەستمانداوەتێ هەر سەرشکانمان بۆ دەمێنێتەوە .
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە