هەندێک مردن هەیە، کە دوایی قسەمان بۆ دەکات
Friday, 11/03/2022, 19:21
1405 بینراوە
کــاس بــووم لـەگــەڵ درۆ، کـاتێتی منیش ئەو درۆیانە بکەم، کـە ئـێـوە دەیکـەن (ماریا)
ئەمڕۆ گوێم گرت لە١٦ دەقیقە قسەکردنی ماریا ، ئەو مرۆڤێکی میان ڕەو تێگەشتوو ، پاشان پێشبینیشی کردوە کە دەیکوژن ، زۆرجوان باسی ئازادبوونی ژن دەکات ... کە دەڵێ خۆڕوتکردنەوەو جل و بەرگ ئازادی نییە ، بەڵکو ئازادی ئەوەیە کە هزرت ئازاد کەیت . ماریا ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە و قابیلی لەسەروەستان و ڕاڤەکردەنە ، ئەو فێری ئەوەی کردین کە مشورخوردنی مرۆڤ لە خودی خۆی و ڕەچاوی ئەوە دەکات کە سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئاینی کەچۆن بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنرێت ئەوکات ئێمە چۆن بەرخوردی لەگەڵدا بکەین.
گەلێک ٣٠ساڵە گوێ لەمەلاکانی دەگرێت کە سوکایەتی بەژن دەکەن ، سەیری درامای فاسیدی تورکی و عەرەبی دەکات . جگەلەمانە دەسەڵاتێکی خێڵەکیمان هەیە کە لەباتی دادگا ، کێشەکان بەسوڵحی عەشایەری چارەسەردەکات، لەم کاتەدا ئێمە چاوەڕوانی چی لەم دەسەڵاتەبکەین ؟ ئایە دەتوانێت مرۆڤ بگۆڕێت بۆ خودێکی ئاراستەکراو و گوێڕایەڵ و تەسلیمبوو بە میکانیزم و گوتارە باڵادەستەکانی دەسەڵاتێکی خێڵەکی .
ئەم سیستەمە دەیەوێت جگەلەهەموو ئەوانە کەڕۆژانە ئێمە بەرخوردی لەگەڵ دەکەین لەسوتان و کوشتن و مردن لەڕێگەو بانەکان لەسەرو هەموویانەوە ژن کوشتن کە بۆتە دیاردەیەکی هێندە قێزەون ،کەمرۆڤ شەرم لەکوردبوون و مرۆڤ بوونی خۆی دەکاتەوە . ڕاکشاوانە دەڵێم ئێمە تائێستا ئەنفالمان نەخوێندۆتەوە ...!
ئەنفال: تەنها کردەیەکی سەربازیی نەبوو کە گەرد و غوباری رۆژگار بیرمان بەرێتەوە . ئەنفال هەرچی گوندبوو هێنایە شارەکانەوەو جوتیاری نەهێشت ... کۆچی جوتیار لە مێژووی جیهاندا بۆ شارەکان ٢٠٠ ساڵی خایاندوە، لای ئێمە بەهەفتەیەک گوند نەماو گوندیان لەشارەکاندا دروستکرد.
ئێوە دەزان لەووڵاتێکی وەک کۆریادا هیچ گوندیەک بۆی نییە بچێت لەشارەکاندا نیشتە جێ ببێت، هۆکارەکەی تەنها سیاسی نییە بەڵکو ئابوری و کۆمەڵایەتیشە ، ئەمە باسێکە تەنها ئاماژەم پێدا لێرە جێگەی نابێتەوە .
بۆیە مزگەوت و مەلا برەویان هەیە و خەڵکی بۆشایی هزرو بیرکردنەوەی هەیە، ئەوان لەژیان دەترسن و بونەتە کۆیلەی مردن و کڕوزانەوە و مرۆڤی لەرزۆک . ئافرەت بەبەڵایەک و بەگوناهێک لەمزگەوتەکاندا وێنەدەکرێت ،هەرچی باوک و براهەیە لەجیاتی خۆشەویستی قین و بوغز لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتەوە لەمزگەوتەوە بۆ ماڵەوە .
مرۆڤ بەھۆیەوە بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی ئینسانبوونی خۆیدا نییە ، بەڵکو لەناو ترسێکدایە کە دوایی گەشتی مردن لەناو گۆڕو لێپرسینەوەدا گیری خواردوە . ماریا دوایی ڕۆحکێشانی ئێمە دەنگ و سەدا و قسەکانی دەبسیتین ، بەمەش ماناکانی کردەی بەرگریکردنەکەی گەورەتر و گشتیتر دەبێت و پێمان دەڵێت : من دوا قوربانی نیم ، من تەنها نیم کە وەک دیندارەکان دەڵێن ئاڵودەبووبم لەگەڵ گوناهدا ، ئێوە هەموو ئەوشتانە دەکەن کەمن دەیکەم ، بەڵام ئێوە بەدزێوە من بەئاشکرا ،
بۆیە گەیشتومەتە ترۆپکی پوچی و مرۆڤم وەک بێزراوترین و خراپترین جۆری بوونەوەر دێتە پێشچاو ، گەرچی ئەمەڕەشبینیەکی زۆر تۆخە ، بەڵام ڕاستیەکی حاسا هەڵنەگریشە ، کێ ناڵێ ڕۆژێک ماریا سەردانی گۆڕستانی ژنە بێناوەکانی نەکردوە لە سلێمانی .
دواجار ئەوەیە مرۆڤی ئازاد وەک ووتی : "من مردنم ناوێ،بەڵام بۆ ژیان ئەگەرێم،با لە مردنیش بێ" لەیەکێک لەپۆستەکانیدا ووتەیەکی مەسیحی داناوە کەدەڵێت: "یەکتریتان خۆش بوێت ،هەر وەك چۆن من خۆشم ویستن"
حسێن پەناھیان پرسی؛کاتێک لە ئاوێنەدا سەیرخۆت دەکەیت چ ھەستێکت ھەیە؟
دڵم بەحاڵی خۆم دەسووتێت،ھەست دەکەم، ڕۆحم ھیچ پەیوەندیەکی بە جەستەمەوە نییە
پەیامی ڕۆژ لەلایەن " رزگار رانگور"ەوە نوسراوە