ڤلادیمیر زیلینسکی و سەرکردەکانی کورد
Monday, 28/02/2022, 18:39
1248 بینراوە
مرۆڤ کاتێک مێژووی گەلی ڕووس دەخوێنێتەوە ، باوەڕ بەچاوەکانی ناکات کە ئەم گەلانە چ میراتێک لەقوربانی دان لەهەگبەکانیاندایە ؟ بۆیە ئۆکرانیەش بەشێکە لەو میراتە لەخوێن هەڵکێشراوە و ئەو ووڵاتە ئاسان نابێتە خۆراکی ورچە سپێکە ، باخاوەنی بۆمبی ئەتۆمیش بێت.
لام باشە بەراوردێک بکەم لەمابەینی ، سەرکردەیەک کە پاشخانێکی ئەکتەرێکی کۆمێدیە ، لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا ، کەخۆیان بادەداو لەڕیفراندۆمەکەدا هاواریان دەکرد ، "حسابی یەک ئەمەندە بۆ ڕەئی خەڵکی ناکەین ، کەچی کە کۆمەڵێک پلاس بەدەستی عەفەج و سەید حاجی هاتن لەترساندا کەرکوکمان جێهێشت ، بەڵام لەبەردەم مایکرۆفۆن و کامێراکاندا لەچەنەبازی نەکەوتین . بۆیە هەرکەسێک سەری بۆیاخکرد باشترە لەبۆردێلدا ئیشکات نەک لەسیاسەتدا .
فلادمیر زیلینسکی لەسەرەتادا ووتی "ئێمە ڕووتان تێدەکەین و دەجەنگین ، ئەوەنین کە پشتان تێبکەین و هەڵبێین"
من هیچ گومانم نییە کە ڕوسیا ئۆکرانیا داگیر دەکات ، بەڵام دەیان لێنینگرادی تر ئەچێتە سەر مێژووی گەلی ئۆکرانیا. ئاخر لەلێنینگرادا بۆ ئەوەی تەسلیمی نازیەکان نەبن ، لاشەی مردۆکانی خۆیان خواردو شارەکەیان نەدایە دەست نازیەکان و هەڵنەهاتن . بڕواننە کتێبی "مردووخۆرەکان".
ئێمە کۆمارێکمان هەبوو کە لەو دەمانەدا دوژمنێکی لەرزۆکمان هەبوو ، هەر کە کۆماری ئازرباینجان خۆیان تەسلیم کرد ، سەرانی کۆمارەکەی ئێمەش کە دوژمن حەوت فرسەق دووربوو لێیانەوە ، بەبێ ئەوەی پرسیارێک راوێژێک گفتووگۆیەک بەرگریەک بکات ،چون بەرەو پیریان و خۆیان تەسلیم کردن .
لە ساڵی ١٩٧٤دا کە زیاتر لە ١٠٠٠٠٠ چەکدارمان هەبوو ، هەر کە ڕێکەوتنی جەزائیر مۆرکرا ، یان خەریک بوو مۆردەکرا ، سەرانی کورد بەر لەخەڵک ئاشبەتاڵیان کرد و هەریەکەیان بەرەو وولاتێک رایانکرد ، نەداوای لێبوردنیان لەگەل کرد نەڕوونکردنەوەیەکیان دا بەجیهان و گەلی خۆیان ، لەوکاتەدا ئەوت باوکم بڕیاری ئاشبەتاڵی داوە هۆن هۆن دەگریا ، من منداڵ بووم نەم دەزانی چی بووە بەڵام دەمزانی کەتێک شکاوین و باوکم کەلای من ئازاترین پیاوی جیهان بوو لەدایکم زیاتر لوشکە لوشکی بوو . دوایی زانیم کە ئەمە بۆتە کەڵچەرێک بۆمان . کەشەر دەبێت یان کەچاومان لێبزدەکەنەوە لە هونەری هەڵهاتن و گریان و کڕوزانەوەو تەسلیمبوون شتێکی تر نازانین .
بەڕاستی ئەم سەرانی کورد تەنها بێنەو بمدەرێ دەزانن ، کاتێک مرۆڤ بیرەوەری ئەو بەرپرسانە دەخوێنێتەوە کە مامەڵەیان لەگەڵ سەرانی کوردا هەبوە ، حەزدەکات بەناخی زەویدا بچێتەخوارەوەو شەرم لەمرۆڤ بوون و کورد بوونی خۆی دەکات .
من خۆم شەرم دەکەم کە گەلەکەم مرۆڤی ترسنۆک بە سەرکردەی خۆی قبوڵ دەکات . سەرکردەکانی کورد هەر بۆنی ڕووداوەکە بکەن کوردترین ڕێگە بۆ هەڵهاتن دەگرنەبەر ، بەڵام سەیری گەلێکی بچکۆلەی وەک ئیسرائیلێکان بکە ، هەموو موسڵمانی جیهان دوژمنیانە ، بەڵام کاتێک سەرکردەیەکی وەک گۆلدەمایەر لە مانگەکانی کۆتایی جەنگی جیهانیدا لە جنێفی سویسرا ، هاوڕێکانی بانگ دەکات دەڵێت :" بەسە سەردەمی کڕوزانەوە بەسەر چوو".
کەسەیری چاوپێکەوتنی سەرانی کورد دەبینی کە ٢٠ملیۆن کورد هیوایی پێدەخواست و دایکم هەموو ژەمێک سینێکەی هەڵدەگرت و نزای دەکرد کە لەتەمەنی ماڵ و منداڵی هەڵگری بیخەیتە سەر تەمەنی سەرکردە بۆئەوەی ئازادمان بکات .. لەچاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت" ئێمە میللەتێکی مەزڵومین" . ئەوەیە فلادمیری کورد .
کەڕاپەڕین کرا رژێمی عێراق سوپاکەی هەڵوەشایەوە ، هەر کەووتیان هات ...ئیتر چوارملیۆن خەڵک بەرەو تورکیاو ئیران هەڵهات بۆ باوەشی ئێران و کڕوزانەوەو وەرگرتنی سەمونەڕەقەو شەق و سوکایەتی جەندرمەو ئیتلاعات و پاڕانەوە بۆ نان و ئاو مەسینەو کەمپوتی ترشاو .
وەک چۆن باوکو دایک پایەیی خێزانە سەرکردەش گەورەترین پایەی هەموو میللەتێکە ، ئێمە کە داعش هات بە کۆمەڵی منداڵ و مەزنەوە ٧٠٠٠ چەکداری کورد هەڵهات و گەلی خۆمان دایە دەست بەربەرێکانی ئیسلام ، دواش بازرگانیمان لەگەڵ دەکردن ودەمان ووت : دراوسیەکی ئامانتان دەبین .
تا جیهان لەو ناخپیسانە هاتنەدەنگ، ئێمەش هەمیشە خۆمان بەخەڵکەوە بادەدەین و لەوێنەگرتن بەچەکەوە نمونەمان نییە و پەستا پەستا سەرکردەو ئەولادەکانیان بەرەڵاو منداڵەکان و گۆرانی بێژو شایەرو مۆدێلەسلیکۆنەکانمان و پیرێژنەکان و بەرپرسەکان بەقات و ئەستۆبەست و چاویلکەی ڕەشەوە دەچوون لەسادرەکاندا وێنەیان دەگرت بێئاگا لەوەی ئەو وێنانە لەڕووی سەربازێوە بۆهێرشی پێچەوانە دەسکەوتە بۆداعشەکان .
سەرکردە گەر ترسنۆک بوو ئیتر گەلێک دەبێتە کۆپێ ، بۆیە تائێمە سەرکردەکانمان ئاوا ترسنۆک ڕارا و پێش ڕووداوەکان هەڵبێن دوودەیەی تر دەبینە قەرەج و لەهیچ شوێنێک جێگەیەکمان نابێت بۆی بگەڕێنەوە .
ئەوەتانێ بەغدادی تاوان ئەو هەموو هەڕەشيیەمان لێدەکان ، نازانم ئەم سیاسیە ترسنۆکانەی ئێمە باشترین چەکیان بەدەستەوەیە بۆ بەکاری ناهێنن ، هەرچی عەرەبە لە هەرێمە لاقەکراوەکەدا بیانکەنەدەرەوە و هەموو ئەو شتانە فەرز بکەن کە دەکڕوزێنەوە بۆی . ئێمە سەرکردەمان نییە خۆشمان سەرگەرمی ئەوەین گوێ لەمەلا چڵکنەکان بگرین تا نزامان بۆ بکەن ، ئاخر نزا بەرامبەر هۆردوی تورک و فارس و عەرەب چیمان بۆدەکات؟ من دڵخۆشم بە ڕۆژئاڤا لەگیانی ئەو بەرگریەی ئۆکرانیادا خوێنی گەشی شەهیدانی ڕۆژئاڤاکەم دەبینمم لە شەڕکەرەکانی ئۆکرانیادا دەڕوات . ئەوان دەزانن جیهان پشتی تێکردوون بەڵام ئەوان نیشتمانی خۆیان هەراج ناکەن و هەڵنایەن بۆ پەتاتە خواردن لەسنورەکان . بەتایبەتی سەرکردەکانیان .
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نووسراوە