ئەوکاتەی مرۆڤ نایەوێت وەک ئەوانی تر بژی
Friday, 04/02/2022, 1:37
948 بینراوە
خانمێکی گەشبینی بەتەمەن, لەگەڕەکە کەمان دەژی، هیچ ئاو وهەوایەک ئەو ناوەستێنێت، هەموو دوای نیوەڕوانێک بەهەوای شان بە شەقامەکەدا، بەژێر سێبەری درەختەکاندا لەهاویندا نەرم نەرم ڕادەکات، هەندێ ڕۆژ سەگێکی بچکۆلانەی پێیە ئەویش بە قونە قون لەچەشنی کەروێشک بەدوایدا ڕادەکات.
کە سەیری دەکەم هیوایەکی زۆرم پێدەبەخشێت، تا ڕادەیەک بەو تەمەنە زۆرەیەوە، ئیرەیی بەو هەموو توانا و جوڵانەی دەبەم.
ماوەی ١٠ساڵ دەبێت ئەم خانمە دەبینم بێوەستان بەشەقامەکاندا ڕادەکات، گەڕەکەکەمان پڕە لەو دراوسێیانەی کە زۆریان سەرگەرمی راهێنانن، بەڵام ئەم خانمە تەمەنەکەی قسەمان بۆ دەکات.ڕۆژێکی هاوین ڕامدەکرد پاشان لای دیواری گۆڕستانەکە وەستام تا تۆزێک قاچەکانم ڕاکێشم خانمەکەش هات لامەوە وەستا و ئیتر کەوتینە گفتوگۆ کردن:
- ئەمڕۆ زۆرگەرمە..!
خانمەکە مەتارەیەکی سپی بچکۆلانەی دەرهێنا و چەند قوم ئاوی خواردەوە، دوایش کردییەوە بە پشتێنەکەیدا کە چەند مەتارەی تری پێوە بوو.
من وەک سەربازێک و هەڵگرتنی کۆگای فیشەک هاتەبەر چاوم، بەڕووە خۆشەکەیەوە ووتی : - خۆناڵێت ئەم ژنە پیرە بە دوایی چیەوەیە !؟
ووتم :
- ناخانمەکەم بگرە تۆ نمونەیەکی هێندە ناوازەی دەبێت هەمووکەس چاوت لێبکات.
پێکەنی ووتی:
- من تەمەنم 82 ساڵە، بەڵام بەردەوامم لە ژیان، ڕۆژانە ڕاهێنان دەکەم، ماوەیەک وانەی یۆگام دەووتەوە، بەڵام ئێستا ئەوە ناکەم، خۆم تەنها یۆگا دەکەم و ڕاهێنان دەکەم.هەر بەیانیەک لەخەوهەڵدەستم سوپاسگوزارم کە هێشتا دەتوانم لەپەنجەرەی ماڵەکەمەوە سەیری شەقامەکە بکەم، لەناو دارستانەکەدا گوێ بۆدەنگی باڵندەکان بگرم، سەیری ئاسمان بکەم کە هێشتا لەجێگەی خۆیەتی و نەکەوتۆتە خوارەوە بەسەرماندا.
منیش ئەمڕۆ بەفر دەباری بەفر کلوکلو لەئاسمانە وە بەردەبۆوە، منیش بە کاوە خۆ هەستم بۆ ڕاهێنان چوو، کە چوومە سەر شەقامەکە، خانمە گەشبینەکەم بینی هێواش هێواش بەناو بەفرەکەدا ڕایدەکرد، لەخۆم پرسی ئەی بۆ دەڵێن هەرگیز شەڕ لەگەڵ چارەنوسی خۆتا مەکە، بەیەقینەوە ووتم پێویستە ئێمە تێڕوانینمان بۆ ژیان بگۆڕین نەک بارودۆخمان.
ئەفەریقییەکان دەڵێن: " هەموو دەیەوێت بخوات، بەڵام ئەوانەی ڕاو دەکەن کەمن" ڕێک ئەوە تاکی گەلەکەمە کە نەخۆشی و داماوی تەنگی پێهەڵچنیوون، ڕۆژانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەیبینم کە بۆتە گۆڕستان و پەستا پەستا وێنە بڵاودەکەنەوە بەخەتێکی ڕەشەوە پرسەکان ڕادەگەیەنن.
- ئەرێ ئەم هەموو گەنجە چییە وا ئاسان مردار دەبێتەوە !؟
ئەم خانمە گەشبینە نمونەیەکە لەو مرۆڤانەی لە ژیاندا کە لەداماوی و نەخۆشی دەترسێت، نەک لەمردن.ئەم خانمە گەشبینە لەژیان دەترسێت کاتێک بەلەشێکی داهێزراوەوە دەیەوێت بژی بۆیە شەڕی بۆ دەکات، تا بەتەندروستەوە ئەم دنیایە جێبهێڵێت، هەست دەکەیت هیچ باکی بەمردن نییە، بەڵام ژیانی لاخۆشەویستە، چونکە تاکەجارێک شانست هەیە بژیت.لەتێڕوانیم بۆ ئەم خانمە هەزاران وردە هیوا دێتە پێش چاوم، من لەگەلەکەم دەگەم کە هیچ ئایندە و ئاسۆیەک دیار نییە لێیانەوە، بەڵام ئەگەر لەنێوان واقیع و هیوادا ڕامانگرن، چاکتر نییە مرۆڤ هیوا یەک هەڵبژێرێت کە لەڕێگەیەوە تەندروستیەکی باشی هەبێت ؟
وەک ئەم خانمە گەشبینە جوڵەیەک بکەن تا لایەنی کەم نەخۆشی تەنگتان پێهەڵنەچنێت، وەک موسیبەت و داگیرکاری و نەهامەتی تەنگی پێهەڵچنیوون.
من دەزانم دڵەڕاوکێ و قۆناغی پێش جەنگە گەورەکە و ساڵانی وێرانبونی ووڵات و برسێتی و بازاڕی ڕەشە، بەڵام باخۆمان هەڵنەخڵەتێنین، خەمخواردن بەو مەینەتیانە ئازارمان زیاتر دەکات، ئەی بۆ نەیەین وەک ئەو خانمە گەشبینەکە ئێمەش راکەین بەدوای بەختماندا، لایەنی کەم بەتەندروستەوە سەر دەکەینە سەر سەرینەکانمان و نابینە کۆیلەی حەب و دەرمانی لەزەهر دروستکراو.
هیوات بەهیواکانت هەبێت چونکە ژیان ئاسان و سادەیە.
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگار رانگور"ەوە نوسراوە