گەمە بە کڕۆنا مەکەن
Thursday, 20/01/2022, 12:44
745 بینراوە
پاش ئەوەی کە میکڕۆبی کڕۆنا دونیای گرتەوە وبڵاو بۆوە،هەر وڵاتێک بە پێی لێهاتووی وهەڵسەنگاندنی باری ئابووری خۆیان هەوڵیان داوە، کە وڵاتەکەیان لە پەتای کڕۆنا دوور ڕابگرن.ئەو پەتایە وازوو بەرۆکمان بەرنادا.ئەوەی کە زۆر گرینگە ئێمە چۆن دەگەڵی بسازێن وچۆنی دەگەڵ بجەنگین.
لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا، بەتایبەتی کەپیتاڵیسیەکان وەک دەبینرێت هەر کەس بە مەیلی خۆی تیف تیفەی دەدا و بڕیاری لە سەر دەردەکا. مرۆڤ کاتێک رێژەی گیانلەدەست دانی مرۆڤەکانی سەرگۆی زەوی دەبینێ سەری سووڕ دەمێنێ لە بەر گیان لە دەستدانی ئەو خەڵكە هەژارە. مرۆڤی کورد لە هەندەران فێری لاسایی کردنەوە بووە، وێنەی (تووتی) ئەوەی بیستوویە وەک خۆی دەیگێڕێتەوە.بە بێ ئەوەی لە ناخی بابەتەکە تێ بگا!
بۆ نموونە با باسی دوووڵات بکەین. وڵاتی سۆئێد ووڵاتی فەنلاند.هەردووک وڵات مرۆڤگەلی جۆراوجۆری تێدادەژین.هەر دووک وڵات خاوەنی سیستەمێکی پەروەردە و ڕاهێنانی خۆیانن. رۆژ دەگەڵ رۆژ بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێن، بەڵام لە پرسی کڕۆنادا ئەو دووڵاتە دەکەونە جیاوازییەکی تەواو! هۆیەکەشی روون و ئاشکرایە. لە وڵاتی فەنلاند خەڵک بە زۆرینە یاساکانی پاراستنی خۆیان بە دژی کڕۆنا بەکار هێناوە و زۆربەی هەرە زۆری خەڵك ڤاکسێنی دژە کڕۆنای وەرگرتووە، بۆیە لەو ماوەیەدا تەنیا ١٠٠٠ کەس بە کڕۆنا گیانی خۆیان لە دەست داوە.
بەڵام لە وڵاتی سۆئێد یاسایەکی سەیر هەیە کە بە مرۆفەکان دەڵێ: تۆ خاوەنی فکر و ڕامانی خۆتی وخاوەنی ژیان وجەستەی خۆتی دەبێ بۆخۆت بڕیار بدەی کە ئایا ڤاکسێنی کڕۆنا بەکار دێنێ یان بەکاری ناهێنی. هەر ئەو شێوە بیرکردنەوەی سیستەمی دژە کڕۆنایە کە بە جیددی دەگەڵ ئەو پەتایە هەڵسوکەوتی نەکرد،هەر ئەو سیاسەتە خراپە بوو بەهۆی ئەوەی کە ١٥٠٠٠ کەس لەووڵاتە بە کڕۆنا گیانی خۆیان لە دەست بدەن! لێرەدایە جیاوازیی ئەو دوو وڵاتە (سۆئێد و فەنلاند ) دەردەکەوێ کە لە وڵاتی فەنلاند ١٤٠٠٠ کەس کەمتر لە وڵاتی سۆئێد خەڵک مردون!
بەڵام لەناو دەستەیەک لە بنەماڵەی کورد کە وەک پەنابەر دەژین و تازە دەستەواژەی دێمۆکڕاسیان بە گوێ گەیشتووە دەڵێن: باوەڕمان بە کڕۆنا نییە، یان دەڵێن، کڕۆنا کارمان تێناکا! یان بێ گوێی و کەمتەرخەمن. ماوەیەک لەوەی پێش خەریکی پیاسە کردن بووم تووشی چەند کەسی کورد هاتم، باسی کڕۆنا کرا، یەکیان کە مرۆڤێکی دیندار بوو گووتی: من دەزانم خودای گەورە تاقیمان دەکاتەوە بۆیە پرس پرسی کڕۆنا نییە ومن هیچ باوەڕم پێی نییە!
کڕۆنا بە جیددی وەربگرن. گەر وانەکەن ئێوەن کە بڵاوی دەکەنەوە. باهیچ کەس لە ڕێگای ئێمەوە تووشی کڕۆنا نەبێ و گیانی خۆی لە دەست نەدا.