پێشمەرگە سەربازێکی بێناسنامە
Monday, 06/12/2021, 20:44
1071 بینراوە
من سەیرم لێدێت تۆ چەکت هەڵگرتبێت بەڵام خەونت نەبێت و بێ ئامانج ڕێگەببڕیت ......!
لەم ڕۆژانەدا لەچەند ڕووداوێکدا چەند چەکدارێکی کورد ، کەناویان ناون" پێشمەرگە "یەو بەجلی سەربازی سوپایی عێراقەوە نمایش دەکەن ، لەچەند لایەکەوە خەڵتانی خوێن کران یان کوژران بەدەستی چەتەکانی داعش ... ئێمە دەزانین جەنگ هەموو کاتێک بەویستی خۆمان نییە .. بەڵام هونەری جەنگ ئەوە نییە کە تۆ چ جۆرە چەکێکت هەیە ؟ بەڵکو ئەوەیە تۆ هەڵگری چ باوەڕێکی... !؟
ئەوە بڕوابوونە شەڕ دەکات ، نەک چەک ... ڕاستە ئێمە لەسەردەمێکی زۆرپێشکەوتوداین و چەک دەتوانێت لەدورەوە بمان کاتە ئامانج . بەڵام ئەی ئێمە پلان و لەناو بردنی ئەوان و ئامانجمان بۆ شەڕەکە چیییە ؟
دەبێت بزانین ڕێگەی ڕاستەقینەی سەرکەوتن ئەوەیە کە خاڵی لاوازی ڕکەبەرەکەت بدۆزیتەوە ... من گومانم نییە کە چەتەکانی داعش تورکە فاشێکان پشتیوانیانە و ئەوان بەردەوام هێز بەبەر ئەو چەتانەدا دەکەنەوە ، لەگەڵ کۆمەڵێک حیزب و مزگەوت و ڕێخراوی بەد کە نیشتمانی ئێمەیان کردۆتە بازاڕی هەراجکردنی خوێن و خاک و سامانی ووڵات ، ئەم دەسەڵاتە بەدە بەهۆی شانازی کردن بەخۆیانەوە خەریکن هەموومان لەناو دەبەن .
جگەلەوەی کە چەکدارەکان هەڵگری هیچ باوەڕێک نین ، مێدیا زۆرو زەوەندەکانیش بەشێکن لەڕێگە نیشاندانی چەتەکانی داعش دیارە مێدیاکانیش هەمان پڕۆژەی دەسەڵاتەو ئەوان ڕێگەو ئاسانکاریان بۆکردوون و هەریەکەیان سەر بە حیزبێکی هەڵکێشراو لەنادادی و خیانەتە ...سەدان نمونەهەیە و ئێمەش لەکاتی خۆیدا هەم بە دەسەلاتدارانمان ووتوە ،هەم لەڕێگەی نوسینەوە ئاماژەمان بەو کارە خراپەداوە کە کەناڵەکان دەچن وێنەدەگرن و بەرپرسە سەربۆیاخ و هیچ لەبار نەبوەکان یان جەنەڕاڵە بێئەستێرەکان دەچن لەسەنگەرەکاندا بەئۆتۆمبێلی گولە نەبڕەوە خۆیان نمایش دەکەن و وێنەدەگرن و بەنیشتمان پەروەری شەولەکەناڵە زۆڵەکانەوە پێمان دەفرۆشنەوە دوایی درامای تورکی وعەرەبێکان ... لەهەمووی خراپتر کڕوزانەوە باسکردنی نەبونی جۆری چەک و جبەخانەیەو پیشاندانی دوژمنە بەبەهێز ... کە بەدرێژای شەڕەکانی جیهان نمایشی وا ترسنۆکانە و هۆکاری وا نایفانە نەباس کراوە نە ئاماژە بەلاوازی هێزکراوە تەنانەت لەناو خێڵەکانیشدا شتی واپوچ ڕووی نەداوە .. هەندێک ڕووداوی مێژووی شایەنی باسکردنە .... جارێک لەشەڕی ڤێتنامدا گەریلا ڤێتنامێکان دەچنە لای "هۆشی مین " دەڵێن بۆردمانی ئەمەریکێکان و تۆپەکانی بواری بەرگری نەهێڵاوەتەوە بۆمان ... ئێمە چیبکەین؟ هۆشی مین لەوەڵامدا دەڵێت : هێندە لەئەمەریکایە داگیرکەرەکان نزیک ببنەوە چەکانیان خۆیان بکوژێت ...
لەوسەردەمەی کە لە چیابووم بەتایبەت ساڵی ٨٥ بۆ ٨٦ بەعسێکان هەموو ڕۆژێک تۆپبارانیان دەکردین ، هەندێک جاسوس لەڕێگەی" مجاهیدی خەڵقەوە" دەهاتن دەیان پرسی تۆپەکان لەکوێ داوە ....؟
کەزانرا ئەم هەواڵانە دەچێتەوە لای بەعسێکان مەڵبەندی دوو بڕیاری دا هەرکەس بڵێت گولە تۆپەکە لەکوێداوە دەگیرێت ... ئیتر ببڕای ببڕای کەس جێگەی پیاکێشانی گولەتۆپەکانی نەدەوت...
ئێمە سێ دانەمانگ جبەخانەمان گواستەوە بۆ بەری قەرەداخ و چەمی ڕێزان زۆربەی شەوەکان ئەمە کارمان بوو هەرچی تراکتۆرو ئاژەڵی بارکردبوو یان کرابوو یان جوتیارەکان دابویانە شۆڕش .. باری تفەنگ و گولەی تۆپ و هاوان و کاتوشای پێدەگوێزرایەوە بەعسێکان کە دڕترین مخابەراتیان هەبوو نەیان توانی پلانی چون و مۆڵکردنی ئەو هەموو گولەتۆپ و تەقینەوەیە بزانن چییە ...چونکە کەس باسی نەدەکرد باوەڕێک هەبوو...ئێستا هەرچی هەڵدەستێت قسەدەکات ، بەباش و خراپ پێشمەرگە بەرگ سەربازێکانیش دەڵێن فیشەکمان نییە ..داعش بەقەناس لێمان دەدەن ئۆتۆمێلەکانمان گولە دەیبڕێت ، موچە دواکەوتوە هتد...
دەبێت لەوە بگەین کە تر مەترسی هەزارانجار خراپترە لەترس خۆی .
سن تزوو لەکتێبی هونەری جەنگدا دەڵێت :" جەنگاوەرە سەرکەوتۆکان سەرەتا دەیبەنەوە پاشان دەچنەجەنگەوە ، بەڵام جەنگاوەرە دۆڕاوەکان دەچنە جەنگەوە بەدۆراوی پاشان بە دۆڕاوی بەدوایی بردنەوەدا دەگەڕێن"
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگاررانگور"ەوە نوسراوە