هەموو تاوانبارین دژی کوردبوونی خۆمان
Sunday, 05/12/2021, 23:13
750 بینراوە
ئەگەر بۆ دوژمن و داگیرکەران کوردبوون تاوان بێت، خۆشمان هەموو رۆژێک لەو تاوانە دەکەین، کە ناتوانین ئەرکی کوردبوونی خۆمان بەجێ بهێنین. لەوە خراپتر ئەوەشیانە کە هەموو رۆژێک دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور بە هەواڵیکی ناخۆش ژارخواردمان دەکەن، چونکە خۆمان ئەو تاوانبارانەمان دروستکرد، تا وامان لێبکەن.
تۆش ئەگەر لە ماوەی ئەم 30 ساڵەدا رۆژێک پارتیی، یان یەکێتیی و گۆڕان و سەلەفی و ئیسلامی سیاسیی و هەر کامێکی تریان بووبیت، تاوانباریت، چونکە بە پاڵپشتی و دەنگی تۆ بوونە باڵابەرز و باڵادەست.
با کەسمان شانازیی بە خۆمانەوە نەکەین، کە لە بێدەسەڵاتی خۆماندا ئەمڕۆ دۆش داماوین، ناتوانین سزای ئەو فیرعەونانە بدەین، کە هەر رۆژەی لەسەر لاشەی دەیان رۆڵەی ئەم نیشتیمانە هەرەمی دەسەڵاتیان بەرز دەکەنەوە.
ئەوانەی خۆیان بە دەنگی ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆن دەزانن، تاوانبارترین مرۆڤەکانی ئەم نیشتیمانەن، چونکە تا ئیستا نەیانتوانیوە یەک زمانی هاوبەشیان هەبێت، لە یەکتر بگەن، بەرەنگاری ئەم خائینانە ببنەوە کە نیشتیمانیان کاول و خەڵکیان سەرگەردان کردووە.
کوردبوو هەرچەندە تاوانە، بەڵام ئەرکە! کەم کەس دەتوانێت بچێتە ژێر قورسایی ئەو ئەرکەوە، تا مرۆڤبوونی خۆی تێدا بدۆزێتەوە.
زۆربەمان لاواز و بێدەسەڵاتین، تەنیا زمانمان هەیە، نەک کردار. دەمانەوێت بێگانە و دەستی دەرەکی کارەکەمان بۆ بکات.