لە نێوان ئەو ژەهرەی بە ئێوە دراوە و ئەو ژەهرەی ئێوە بە ئێمەتان داوە
Sunday, 14/11/2021, 18:27
857 بینراوە
1- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە گوایە ماوەی سێ مانگە پێتان دراوە، بەڵام ئەو ژەهرەی ئێوە بەئێمەتان داوە ماوەی سی ساڵە و هێشتایش بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە هەست بە تاڵاوەکەی دەکەین.
2- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە دەڵێن سێ جۆرە، بەڵآم ئەو ژەهرەی ئێوە بەئێمەتان داوە سەدەها جۆرە وئاین وئەخلاق و ئابوری وئاسایش و ئایندەی خۆمان و نەوەکانیشمانی گرتۆتەوە.
3- ئەو ژەهرەی بە ئێوە دراوە لێی دەرباز بوون وچاک بونەتەوە، بەڵام ئەو ژەهرەی ئێوە بە ئێمەتان داوە جەستەی کۆمەڵگەی داڕزندوە وسەرجەم جومگەکانی لێک ترازاندوە و بەشێوەیک کاری تێ کردوین کە دانیشتوانی ئەم هەرێمە مەرگ و ئاوارەیی ودەربەدەرییان پێ گونجاو ترە لەمانەوە لەسایەی دەسەڵاتە گەندەڵە ژەهراوییەکەی ئێوەدا.
4- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە بە زووی بەدەمییەوە چوون بەپارەی ئێمە و لەباشترین شوێنی دونیا چارەسەرتان بۆ کراوە، بەڵام ئەو ژەهرەی ئێوە بەئێمەتان داوە دەرفەتی دەربازبوونی بۆ نەهێشتوینەتەوە وچۆن وبەچی ولەکوێ چارەسەری ئەم هەموو قەیرانە دەکرێت کە ئێوە بەسەر ئێمەتان هێناوە.
5- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە لەگەڵ کەمی ماوە و ڕێژەکەی هەڵایەکی گەورەتان بۆ ناوەتەوە، بەڵام ئەو ژەهرەی بە ئێمەتان دراوە سەرەڕای زۆری ماوەکەی و فرە ڕەهەندییەکەی بەبێ دەنگی بێ هیوامان دەکات ودەمان کوژێت وئەگەر ڕۆژێک هاوارێکیش بۆ لایەک بەرین بۆ چارەسەر بەوە تۆمتبارمان دەکەن کە لەخۆشیا هاربووین و هاوار دەکەین ودەمانەوێت سومعەی بکوژەکانمان لەکەدار بکەین.
پەیامی ڕۆژ لەلایەن "پڕۆفیسۆر خالد محمد ساڵح" نووسراوە