با هیچ کام لە پارتەکان دڵی خۆیان خۆش نەکەن
Monday, 11/10/2021, 21:33
814 بینراوە
سبەینێ رێکەوتی سێشەممە، وەکو راگەیەندراوە سەرەنجامی دەنگدانەکانی عێراق دەردەچێت، کە جارێ ئەوەی یەکلا کراوەتەوە رێژە و ئەوانەیە، بایکۆتی دەنگیان کردووە، کە گەیشتۆتە سەرو 60%. هەڵبەت لە هەر وڵاتێکدا ئەگەر بەو رێژە زۆرە هاوڵاتیان هاوبەشی دەنگدان نەکەن، مانای وایە شەرعییەت و رەوای پڕۆسەی دەنگدان نامێنێت، کە بە شێوەیەکی دیکە دەتوانرێت بۆ هەر حیزبە بگوترێت لە بەرامبەر بایکۆت و ئەوانەی دەنگیان نەداوە، لە سەدا 40 کەمتری دەنگی بەردەکەوێت، واتا هیچ کام لە پارتەکان رەوای بەڕیوەبردنی دەسەڵات و حوکمرانیان نامێنێت، دەبێت دوور بخرێتەوە و لابچێت. مانەوەی ئەمانە و بەم شێوەیە کە ئیستا دڵی خۆیان بە ژمارەی کورسییەکانیان خۆش کردووە، لە ئیستاوە دەهۆڵ و زوڕنایان ئامادەکردووە، کە بە بێ رەجاوکردنی سەرجەمی دانیشوانی عێراق و کوردستان بە شێوەیەکی ساختەکارانە و بە ناوی پرۆسەی دیموکراتییەوە وەردەگرن، کە گوایا ئەمانە بە شێوەیەکی دیموکراتیانە دەنگیان پێدراوە. بەڵام ئەمان دەیانەوێت سیمای خۆیان جوان بکەن. هەرچەندە لە راستییدا ئەو رێژەیەی کە دەگوترێت گەیشتۆتە 40% ، ئەگەر ساختە و ترس و ناچاریی ئەوانیشی لێدەربکەین، لەو بڕوایەدام تەنیا دەمێنێتەوە لە 5% کە بە خواستی خۆی رەنگە چووبێتە بەر دەم سندوقی دەنگدان. واتا تەنیا کۆمەڵێک دز و مافیا، حوکمی وڵات دەکەن و بەو هەموو توانایەی خۆیانەوە، لە ماوەی ئەم 30 ساڵەدا نەیانتوانیوە متمانەی خەڵک و خۆشەویستی بە دەست بهێنین، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، رۆژی تێداچوون و لەناوبردنیان نزیک بۆتەوە، کە ناتوانرێت بە رۆژ و بە کات دیاری بکرێت.
ئەم دەسەڵاتە ئەگەر لە کۆتاییەکەیدا بیر لەوە بکاتەوە، دەتوانێت بە پارە و سامانێکی زۆرەوە گیانی خۆیان و منداڵ و خێزانەکەیان رزگار بکەن و کوردستان جێبهێڵن، ئەوەش خەیاڵ پڵاویی و خەوی وشترە، چونکە مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە لە کاتی تەنگانە و قڵپبوونەوەی دەسەڵاتەکەیاندا، دکتاتۆرەکان هیچیان بەر نەکەوتووە، نمونە زۆرن لەوانە حسنی موبارەک، موعەمەر قەزافی، سەدام حسێن، حەمە رەزا شا، ڕەزا شای باوکی... هتد. هیچ کامێکیان کە تیاچوون، یان رایان کرد، نەبوونە خاوەنی ئەو پارانەی کە رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان کردبوو، بانکەکانی ئەو وڵاتانە بە پێی یاساکانی نێو وڵاتەکانیان بەشێکی زۆریان لێبرد، یان درایەوە بە حکومەتەکانی دوای خۆیان، یان تا ئیستا دەستی بەردا گیراوە. ئەم بەرپرسە کوردانە خەیاڵ خاو و نەزانن، کە دوو رێگایان بۆ شاردنەوەی دزییەکانی خۆیان دۆزیوەتەوە، . یەکەم پارەکانیان لای خزم و کەسوکار و ناسیاوی خۆیان لە دەرەوەی وڵات داناوە، کە ئەوانیش خستوویانەتە کارەوە، ئەمەش وەکو ئەوە وایە کە پاروویەک بخەیتە قورگی ئەژدیهاوە، یان هەر وەکو ئەو کوردانەی رۆژئاوا کە ساڵانی زوو حکومەتی سوریا ناسنامەی هاوڵاتی پێنەدەدان، نەیان دەتوانی ماڵ و خانوو و موڵکیان هەبێت، بۆیە کابرایەکی عەرەبیی سوری ناسیاوی خۆیان دەدۆزیەوە، کە خانوویان لە سەر ئەوا ن تاپۆیان دەکرد، ئەویش خۆی و ویژدانی خۆی، کە زۆربەی عەرەبەکان دەستیان بەسەردا دەگرت و کوردەکەیان دەردەکرد، هەر لە ئیستاوە من ئاگادارم کە هەندێک بەرپرس پارەی داوە بە کەسێک تا بازرگانی پێوە بکات، ئەویش شانی پێدا کردووە، لەوانە مەلا بەختیار کە لە وڵاتێک کەسێک پارەکەی لێوەرگرتبوو، دوایی خواردبووی.
بەهەرحاڵ بۆ کۆتایی ئەم کورتە نووسینە و بۆ داکوتانی بزمارێک دادەکوتم بە دوا وشەی نووسینەکەمدا لەسەر سەرەنجامی دەنگدانەکە ئەمڕۆ ئەو نووکتەیەشیان بۆ گێڕامەوە:
لە بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕانیان پرسیوە: چی دەکەن، خۆ هیچ کورسییەتان بەر نەکەوت؟ لە وەڵامدا پێی وتووە، گرنگ نییە لە سەر زەوی دادەنیشین.
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (کەمال جەمال موختار) نووسراوە