تاکەی دەسەڵات بێدەنگە لە بۆردومانی تورکەکان
Thursday, 07/10/2021, 22:08
1253 بینراوە
دوێنی لەناحیەی شوان فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیای فاشی دوومرۆڤی کوردیان خەڵتانی خوێنکرد ، ئە مە سەری چەندەمین جارە ، فاشیەکانی تورک بەو تەکنەلۆژیایەی لەبەردەستیاندایە دروێنەی مرۆڤی کورد دەکەن و خاکو نیشتمانی کورد سوتماکدەکەن و بەچەکی قەدەغەکراو بۆردومانی شاخ و داخ و ئاژەڵ و دارستان و ئاو ڕوبارەکانمان دەکەن . دەسەڵاتی کوردیش مێش میوانی نییە ، هەر ئەوەش نا تەنانەت ڕژێمی عێراقیش کەکورد خۆی پێدا هەڵواسیوە و دەیان مرۆڤی تێکشکاوی ناردۆتە بەغدادی تاوان ، ئەوانیش بێدەنگیان کردۆتە پیشەیان ...
هەربۆیە ووتنی ڕاستی لای دەسەڵاتداران جۆرێکە لەبێڕێزی کردن پێیان ... ئەوان ڕۆڵی بێتاوان دەگێڕن ،کەس متمانەی پێتان نییە ، تەنانەت خۆشیان متمانەیان بەخۆیان نییە ،بۆیە تورک ئاوا گاڵەمان پێدەکات و هەریەکەیان لەئاوازێک دەخوێنن .
کۆرێکان پەندێکیان هەیە دەڵێن :"مرۆڤ دەتوانێت کەسەکان باشتر بناسێت کە ڕووتن ، بەراورد بەوکەسانەی کە جلیان لەبەردایە "
سروشتی مرۆڤ وایە ، ئەوکەسانەی درۆت بۆدەکەن سەیری چاوەکانت دەکەن تابزانن ئاخۆ باوەڕت پێکردوە یان نا...؟
لەو بۆردومانانە دەسەڵاتداران نەشەرم دەکەن نەئەشڵەژێن ، هەمووشمان دەزانین بێشەرمەکان لەهەمووکەس مەترسیدارترن ، ئەوان ئەتوانن هەموو شتێک بکەن ، چونکە تائێستا بۆردومانەکان ڕووی تێنەکردوون ، ئارام درێژە بەژیانی خۆیان دەدەن .
ئێستا دەبینین کە لەهەرێمە داماوەکەماندا هەزاران کەناڵی ڕاگەیاندنمان هەیە بیسراو بینراو ، جگە لەتۆڕی مێدیایی کە هەموو بەهای ژیانیان لێتاڵکردووین ، ڕۆژانەش سەدان کەناڵی بێژی لەسەر شەقامەکان پرسیارگەلی پوچ لەخەڵک دەکەن و دوایش لەکەناڵەکانیانەوە پەخشی دەکەن بەمۆسیکی غەمگینەوە ... بەڵام نەمان دی ڕۆژێک باسی سوپای تورک و میت و ئیتڵاعات و دەیان دەزگای سیخوڕیتر بکەن لەشەقامەکان .. بەتایبەتی ئەم بەدڕەوشتیەی تورک دەستی داوەتێ بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان لێرەو لەوێ خەڵک دەکوژێت و کەناڵە بێژیەکان باسی پوچ دەوروژێنن ، گۆرانی هەڵبژاردنی شاجوان و دەیان ڕووداوی پوچو بێناوەڕۆک ، یان دنیایان کردۆتە کۆمێدیایەک کە خۆشیان ناخاتە پێکەنین ... لەکاتێکدا ڕۆژانە تۆرە جەنجاڵەکەی سۆسیالمێدیا پڕدەکەن لە نواندنی بێتام و بێمانا لەنمونەکانی "پێبکەنە ، پەتریپۆت ، بەزمی بەزم ... هتد " ئەمانە کە شانسی نوسینەوەی مێژوویان هەیە نایەت ئاماژەیەک بە سوپاچنگ بەخوێنەکەی تورک بدەن، یان باسی ئەو هەموو داگیرکاریەبکەن کە ڕۆژانە ڕوودەدەن بەبەرچاویانەوە ... جگەلەوەش نوسەرە دانسقەکانی کوردیش لەگەڵ هونەرمەندەکانی کە لەڕابردودا وامان دەزانی ئەمانە زۆرگرنگن بۆمان ، ئێستا دەڵێن خۆ ئێمە " کڵاوەی ئەتۆمیمان " نییە تا باسی تورک بکەین و بچین بەگژیانا .. قسەیەک بکەین لەبەردەم ماڵەکانماندا بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەرمان هەڵدەگرن .." سەمەرە لەوەدایە ئەوانەی چارەسەری نیشتمانە کڵۆڵەکەی ئێمەیان پێسپێراوە تاکێشەکانمان بۆچارەبکەن ، بۆخۆیان کێشەن و لێمان نابنەوە "
جارێک لە گاندیان پرسی : مرۆڤ کەی شەرەفی لەدەست دەدات ...؟ گاندی لەوەڵامدا ووتی :"ئەومرۆڤانەی لەخێری ووڵاتەکەی بخوات و لەژێرەوەش سەر بەدەوڵەتێکی تربێت " .
ئێستا وا خەڵکی هاندەدەنەوە کە بچێت بۆ دەنگدان ، بزانە کانیدێک دەوێرێت بڵێت وەرن من هەڵبژێرن کەچومە بەغدادی تاوان یەکەم کار کەدەیکەم و یەکەم دەنگ کەهەڵی دەبڕم دژی تورک و سوپای تورکە ، دژی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیە کە دروێنەی مرۆڤی کورد دەکەن لەهەر جێگەیەک کە پێیان خۆش بێت ...
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگاررانگور) نووسراوە