مرۆڤ لەگەڵ گەورەبوونیدا ئارەزووی پیاهەڵدان دەکات
Tuesday, 28/09/2021, 20:55
1437 بینراوە
ئەم کاروانە بەردەوامە ..!؟ئەوکاتەی نەگبەتی وەک ژیانی خۆت دادەنێت، ئیتر شتێک نامێنێت بۆ هیوا خواستن، هەموو شەو و ڕۆژێک گوێمان لە دەنگی ئۆتۆمۆبیلی پۆلیسەکانە، کەچی شەقامەکان پڕن لە دز و لە پیاوکوژ، لە نیشتمانفرۆش، لەمرۆڤی بوردەڵە، لە ئۆتۆمبیلی جامڕەش، لە تفەنگی بێمۆڵەت، لەچەکداری هزر بەتاڵ، لە پاسەوانی شکۆ شکاو، لەکەسانی نەفسنزم و ترسنۆک، لە سیخوڕی بێئابڕو...
کاتێک دەڵێن شەقامەکان تژی بوو لەپۆلیس، مانای ئەوە نییە کە دادپەروەری لە ووڵات سەرەتاتکێ دەکات . بیرمە دراوسێکەمان هەبوو هەمیشە دەیووت : سوک قسە بکەن، " دیوارەکانیش گوێیان هەیە و دەرگاکانیش چاو، کەسایەتی ڕاستەقینە زۆر ئاسان ناناسرێتەوە.".
ئێمە وامان دەزانی دراوسێکەمان ترسنۆکە، بۆیە هەمیشە ئاگاداری دەکردینەوە لە قسەکردن کە بەسوکی لەگەڵ یەکتردا بدوێین! دراوسێکەمان مرد، ئەو هەموو شتێکی لەگەڵ خۆیدا برد و نهێنێکانی لەگەڵ خۆیدا ناشت، کەسمان نەمانتوانی بزانین ئەو ترسنۆک بوو، یان ئازا... !؟ ئەو خۆی ڕادەستی بێدەنگی کردبوو، بەڵام بۆمان دەرکەوت ئەگەر قسە بکەیت یان نەیکەیت، دەنگت بەرز بێت یان نزم، ڕۆژێک ئەم دنیایە جێدەهێڵێت .
گرنگ نییە، ئێمە چەند دەتوانین خۆمان لە مردن لابدەین، هەموومان مردنێکمان لە پێشە، ئەوەی کە مردن ناتوانێت لێمان بسێنێت، تەنیا کردارەکانمانە، نەک سامان و ماڵ و حاڵمان. مردن دێت و هەموویمان لێوەردەگرێتەوە، بۆیە گرنگ نییە چەند خانووەکانمان بە پتەوی دروست دەکەین، یان چەند دەتوانین پارە پاشەکەوت بکەین ؟ دواجار هیچ لەم پلانانە چرکەیەک لە مردن رزگارمان ناکات.
دیسان لەم نیشتمانە کڵۆڵەکەماندا بالورەی دەنگدان دەستی پێکردۆتەوە، هەمووشمان دەزانین کە جیهان مەترسیدارە، ئەگەر پێچەوانەی یاساکانی کۆمەڵگا بجوڵێیتەوە، هەر ئازارت پێدەگات . دەشزانین ئەو مرۆڤە نەفرەتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ بەهرەیەکیان هەبێت، ئەوان لە ڕێگەی دەنگدانەوە نەشتەرگەری دڵ بۆ نیشتمانە کڵۆڵەکەمان دەکەن.
ئێمە سی ساڵە لەسەر خاکێک خەونەکانمان دەسکەنە دەکەن، دواجار مردن یاریەکەی هەموومان کۆتایی پێدێنێت، بەڵام وەرە سی ساڵ بێت نیوە مردوو بیت و هەست بکەیت ژیان دەکەیت، هەر بەڕاستی ئەوە ئازارێکی بەردەوامە بۆ تاک بەتاکمان ....
بۆیە کە چویت بۆ دەنگدان ئیتر مافی ئەوەت نییە لەبەردەم کامێراکاندا بکڕوزێیتەوە و گلەیی لەبەختی خۆت بکەیت، چونکە کورد ووتەنی "مریشک خۆڵ نەکات بەسەری خۆیدا، کەس نایکات " چەندین جار یاری هەڵبژاردنت تاقی کردەوە ئیتر بە وێنەی مردۆکان خۆت فریو مەدە .. ئەوان نیشتمانیان لە ڕێگەی منداڵ و کەسوکارەکانیانەوە داگیر کردوە، خۆیان نەماون بەڵام سەدانیان لەدوای خۆیان وەک مڵە بەرداوەتە نیشتمان ... تۆش دەچیت دەنگ دەدەیت، نەفرەتێکی تر دەخەیتە سەر نەفرەتەکانی تر ....
تەماشای ئەو ڤیدیۆیە بکە، ئا ئەم نمونانەن، کە دەیانەوێت لە دوای باوکیان بڕیاری چارەنووسی تۆ بدەن.
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە