Wednesday, 08/09/2021, 7:20
1194 بینراوە
مرۆڤ کاتێک چەکوش هەڵدەگرێت، هەمووشتێکی وەک بزمار دێتە پێش چاو.گەلێکیش کە بێهیوایی رووی تێدەکات، کەللەی خۆی دەکاتە بزمارێک، لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەبێت چەکوشێک دایکوتێ .
لەو نیشتیمانەی ئێمەدا ئەمڕۆ هەموو بێزارن، بەدەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەوە،
گەلێک لەسەر شەقامەکان دوا هەڵوێستی کڕوزانەوە بێت، بۆ ئاو، کارەبا، موچە، بێدادیی، نەخۆشی، داودەرمان، خواردنی خراپ، گرانی بە نزین، نەبونی نەوت، هەرەسی هەموو بەهاکان، بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەڕەشەی سوپای ئێران، تیرۆرو ڕفاندنی خەڵک، خواردنی رۆژ و ساڵ بەسەر چوو، نێرگەلە و چایخانەی فاحیشەکان، ئاهەنگی شەوانی سۆزانێکان ، دەولەمەندی هەڵتۆقیوو، نادادپەروەریی، یاسا کشاوەکانی وەک لاستیک کە لەنادیاریەوە سەرهەڵدەدەن، شکاندنی شکۆی خەڵک، نمایش و مانۆڕی سەربازی، یان نمایش وخۆبادان لەشەقامەکان، شکانەوەی ئۆتۆمۆبێلی خوێڕی و توێڕی کە چەکداری دەسەڵاتن بەسەر ڕێبواراندا ، لەسەروئەمانەشەوە هەندێک لەوانەی چەکداریشن لە خەڵکی زیاتر نمایشی کڕووزانەوەی پڕ ئازار دەکەن بەبەرگی سەربازییەوە و گلەیان لەبەختی خۆیان هەیە، بگرە ئەوان تەنها ناکڕوزێنەوە بەڵکو لەمزگەوتەکاندا دەرۆزەدەکەن و سەری خۆیان دادەخەن و دەگرین بۆ ژیانێک کە لەڕاستیدا لە مانای ژیانیش نەگەیشتوو....
لەهەموو ئەمانەدا سەمەرەترئەوەیە ئەوچەکدارانە نازانن ئەوانیش پایەیەکی پوکاوەی ئەو سیستەمەن کە دروستیان کردوە ، یان نایانەوێت لەوە تێبگەن .
باشوری ووڵات یان ئەو هەرێمە داماوەمان، هەمووی لەسەر پەیوەندی تایبەت بەڕێوە دەچێت، کە دەڵێم بەڕێوە چوون مانای ئەوە نییە هەموو کارەکان وەک کاتژمێر دەڕوات، نا خاکەسەری ئەوەیە ڕێگەت بکەوێتە فەرمانداریەک، هێندەت دەتهێن و دەتبەن خۆشت سەری دنیات لێدێتەوەیەک، پاشان یان دەبێت بەرتیل بدەی، یان دەبێت کە داوا لە ناپیاوێک بکەیت تاکارەکەت بۆ مەیسەر دەبێت.
ئەوانەی ئەو هەرێمەی ئێمە بەڕێوە دەبەن، ئەوانە گەورەترین دۆڕاوەکانی مێژوون، بەهۆی شانازی کردن بەخۆیانەوە هەموومان لەناو دەبەن، هەربۆیە ئەم دەسەڵاتە گەورەترین سەرچاوەیە بۆ نەهامەتیمان لەدنیادا
٣٠ساڵە مرۆڤی تێکشکاو لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا بەرهەم دەهێنرێت، مرۆڤگەلێک کە هیچ ئینتمایەکی بەخاک و نیشتمانەوە نەماوە، بگرە ئەو لەداگیرکەر زیاتر دوژمنایەتی خاکەکەی خۆی دەکات، هەرلەدەرەوەی شار لەناو دارودرەختە زەردباواکەدا سیمای خاکو خاشاک پێتدەڵێت :خەڵکی چەند بەتەنگ پاشەڕۆژی نیشتمانەوەن!؟
مامۆستایەکی کاراتی دەیووت:
"ئەوانەی بۆکس دەهاون نازانن بۆکسەکەیان چەند ئازار دەگەیەنێت، بەڵام ئەوانەی کەبۆکسەکەیان بەردەکەوێت دەزانن چەنێک ئازاریان پێدەگات".
ئێستاش ئەوانەی نیشتمانیان کردۆتە زبڵخانە و هەراجیان کردوەو تەخشان و پەخشانی دەکەن، سبەی کە قەومانەکەش هات ئەوان بە کیسەی پڕەوە تێدەتەقێنن، بەڵام ئێمە کە لەبەردەم بۆکسەکاندا وەستاوین و هیچ ناڵێن و هیچ ناکەین ئەوە ئازار و مەینەتی و داهاتوویەکی تاریک چاوەڕوانمان دەکات .
دیسان نمایشی هەڵبژاردن دەستی پێکردەوە، ئێمە سی ساڵە فێری ئەوە نەبووین کە هەڵبژاردن بەهیچ جێگەیەکمان ناگەیەنێت، چونکە ئەوانەی خۆیان بۆهەڵبژاردن ئامادەدەکەن، دەستە گوڵی ئەو دەسەڵاتەیە کە ئێمەیان گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە ناشرینەی کە قێز لەمرۆڤبونی خۆشمان بکەینەوە..
رەوشتی مرۆڤ وایە هەمیشە لەگەڵ بەهێزدایە...خۆ ئەو دەسەڵاتە هیچ هێزێکی نییە، ئەی نابینن فارس و تورک چۆن گاڵەمان پێدەکەن و ئاسمان و زەویان لێکردووین بەچەرمی چۆلەکە ...
ئەی بۆ ئێمە لەم هێزە بترسین ، کە لەئاستی داگیرکەراندا نقەناکەن و زار هەڵناهێننەوە؟
بۆ ئێمەش جەهەندەمێکیان خوڵقاندوە مەگەر مردن ڕزگارمان بکات لەدەستی...هەربەڕاستی شەرم دەکەم کە لەمێژوویەکی ئاوادا ژیان دەکەم، کە تاکی نەتەوەکەم هێندە داماوە لەئاست ئەم هەموو نادادپەروەریەداسەری کزکردوە .
تکایە گەر هیچت پێناکرێت، لایەنی کەم مەکڕوزێرەوە چونکە مردن و ژیان یەکجارە، گرنگ نییە چەند دەژیت ؟ بەڵام گرنگە کە چۆن دەژیت ...