لەم پەیامەدا زیاتر مەبەستم باشووری کوردستان و تێپەڕبوونی سی ساڵ دەست بەسەرداگرتنی خەڵكە لە لایان دوو بنەماڵەی بێویژدان. بێگومان ئەوەی لەو سی ساڵەدا بەسەر کورددا هاتووە هەمووی خەتای ئەو دەسەڵاتە نییە. زۆرینەی ئەو تراژیدیایانەی بە سەرماندا تێپەڕیون بەشێکی زۆری خەتای کۆمەڵگایە، لە دەروازەی هەزارەی سێدا روناکبیر و زانکۆکار و نووسەری ئەو کۆمەڵگایە لە ریزی پێشەوەی ئەو تاوانانە جێگا دەگرن، کە ئەو دووبنەماڵەیە (بارزانی و تالەبانی) بەسەر کوردییدا دەهێنن!
ساڵی ١٩٦٦ کاتێک مەلا مستەفا، جەلال تاڵەبانی بۆ دیوی ئێرانی ڕاونا! شا و ساواکی ئەوکات بۆ ماوەیەک رێگایاندان تا بگەڕێنەوە عێڕاق. ئەو چین وتوێژە سەرۆک خێل نەبوون.ک ەسانی خوێندەوار و چینی مام ناوەندیی کۆمەڵگا بوون! خۆیان لە باوەشی بەغدا هاویشت و بوونە بەکرێگیراوی دەسەڵاتی بەغدا. پاشان تاڵەبانی پاشگەزبۆوە و گووتی کارەکەمان هەڵەیەکی دیرۆکیی بوو! ئەوکات نازناوی جاشی ٦٦یان لێنرا!
زۆری نەخایاند مێژوو دووپات بۆوە ساڵی ١٩٧٥ مەلا مستەفا تووشی شکستێکی مەزن بوو، گەیشتە خزمەتی شای ئێڕان و دەستی ماچ کرد و پێی گووت: تۆ دایک و باوکی ئێمەی هەرچی تۆ بڵیی بە قسەت دەکەین! ئەو کاتەی کە مەلا مستەفا، تاڵەبانی پێ جاش بوو، بەڵام خۆی بە سیاسەتمەدار و قارەمان دادەنا! دوای ئەو نسکۆیە، ئیدی بندیوارەکانی شاری کەرەج بوونە شوێنی بەرخۆرەتاوی مەسعودی کوڕی و کوڕەزا و دەور و بەریی نزیکیی خۆی.تا کاتێك شای ئێرانیان بۆ ڕاوناین وئەو بنەماڵەیەش لە ژێر پەردەی قیادەموەقەتەی بندیوارەکانی کەرەجیان جێهێشت و گەڕانەوە باشووری کوردستان تا زیاتر کاولی بکەن. ئەو کارەشیان کرد!
لە بندیوارەکانەوە تا ئەو وێنانە!
ئەگەر من گەمژە نەبم چۆن لایەنگری لە تۆ دەکەم. ئەگەر من کوردێکی گێژ و داڕوخاو نەبم، چۆن چەک بۆ تۆ لە شان دەکەم! ئەگەر من فێری کۆیلایەتی ، چۆن خۆم بۆ ئێوە بە کوشت دەدەم؟ تۆ کاتی خۆی ساواک نانی رۆژانەی بۆ دەناردی، ئێستا بە فڕۆکەی تایبەتی هاتووچوو دەکەی!
ئەگەر من تۆزێک مێشکم لە سەردابێ، دەبێ لێتان بپرسم ئەو هەمووە سەروەت وسامانەتان چۆن بە دەست هێناوە؟ بەڵام وا دیارە من بێدەنگم بۆیە بێ مێشکیشم! منداڵەکانتان لە وڵاتانی بیانی دەژین و دەچنە لای پزیشک. منداڵی پێشمەرگەش لە بازاڕی شاردا سواڵی بۆ دەکرێ، تا لە مردن رزگاری بێ! وا دیارە من بەندەی تۆم ، کوا پێشمەرگەم.
سی ساڵە چەمانەوە سەرشۆڕکردنتان فێری من کردوە بۆ تا وێنەکانیشتان دەبینم وەک کۆیلە سەر دادەخەم و کڕنۆشتان بۆ دەبەم. تۆ بۆ ئەوەی ئاگات لە سڵامەتی خۆت بێ، ڕاهێنەری بیانی دادەمەزرێنی تا ئاگای لە سڵامەتیت بێ و لە سەر حیسابی هەژارەکان مانگانە پارەیان دەدەیتێ، چون باوەڕت بە ڕاهێنەریی کورد نییە. من ئەگەر کۆیلە نەبم چۆن ئەو بێ رێزییەی تۆ قەبوڵ دەکەم. ئێوە ئێمەتان چاک ناسیوە، ئەوە ئێمەین کە خۆمان ناناسین.
زۆرینەی خەڵک هەژارن، ئێوە قەڵا و باڵاخانەتان، رووی کۆشکەکانی سەددامی سپی کردۆتەوە، ئەوەش خەتای ئێوە نییە، خەتای ترسنۆکی و بێ هەڵویستیی منە، کە هێشتوومە سواری سەرم ببیت. چاو لەو وێنانە بکەن کە چۆن نیچێروان بارزانی بە ریشی باوکی بنەماڵەی شەهید پێدەکەنێ و کۆمەڵگاش بە پووش حیساب ناکا!
ئەگەر من دیل نەبم، چۆن تۆ دەتوانی ئاوا بژی؟ چۆن بنەماڵەکەت لە خۆشترین ژیاندا بەسەردەبەن، منیش وەک مەڕی گێژ وەدووی تۆ بکەوم و پاشان بەکوشتم بدەی!
وڵاتت فرۆشت هیچم نەگووت، پارەی خەڵكت بردۆتە بانکەکانی ئامریکا و چەند وڵاتی دیکە، من هیچ ناڵێم. ئەدی کۆیەلە چۆنە من کۆیلەم کۆیلە. ئەگەر منی کۆیلە نەبم تۆ بۆ ئاوا دەژی!
من چاویشم لە ئاست رەفتارەنتان کوێڕ بووە. کاتێك هاتوچووی دەرەوە دەکەن بۆ داگیرکاری کورد وێنەی نۆکەرێک دادەنەوێن. لە ناوخۆی وڵاتیش بوونەتە شێر. ئاخر من چاوم کوێڕە و ئەو شتانە نابینم. ئەگەر من کۆیلە و دیلی تۆ نەبم، تۆش ئاوا ناژی. ئەگەرمن کۆیلە نەبم، چۆن تۆ وەک فیرعەون دەژی؟
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (جەعفەری کەریمی) نووسراوە