ژیان گەشتێکە لە هەر جێگەیەک بیت، هەوڵی وەستان مەدە
Thursday, 12/08/2021, 23:16
1121 بینراوە
شاری یتبۆری تەمەنی بووبە400ساڵ ... شارێکە لە زۆربەی جێگەکانی یادگاریم هەیە و سەدان چیرۆکی خۆش و ناخۆشم تێدا چنیوەتەوە ... نیوەی تەمەنم زیاتر لێرە ژیانم کردوە ، بۆ هەرلایەک دەڕۆم بیری گۆڕستان و شەقام و کتێبخانەو قاوەخانەو ئاهەنگ و چێشخانەکانی ئەکەم ..ترام و پاس و پردو دەریاو پەیکەرەکانی بوون بەبەشێک لەبیرەوەریم ، مۆزەخانەو قوتابخانەو کەناڵی ئاوەکانی ، هەمیشە لەبەرچاومدان .. بەفرو باران و دارستان و باڵندە دەنگخۆشەکانی منیان پڕکردوە لە هیوا و ژیان ، بۆدۆی ڕاهێنان و ڕاکردنم بەشەقام و ناو باخەکانیدا منیان کردە مرۆڤێک هیوام بەژیان و مرۆڤ هەبێت ... شارێکە نەگەورە و جەنجاڵ ، نەپچوک و بێڕەنگ، شارێکە هەمیشە چەپەکان تێدا باڵا دەست بوون ، بۆیە لەهەموو بۆنەکاندا شەقامەکان پڕدەبێت لەئاڵای سور، بۆیە باسی چەپەکانم کرد ، ئەوان لەچەپە داماوەکانی نیشتمان ناچن ، کە لێیان دەقەومێت یان نەخۆش دەکەون ، دەکڕوزێنەوە بۆ ئەوەی نزای خێریان بۆبکەین .
٣٠ساڵەلەم شارە دەژیم ...لەکڕۆکی شار هەرجارێک لای پەیکەری شێرەکان یان لای پەیکەری گوستافی پاشا دەوەستم و سەیری پەنجەی دەکەم کە بڕیاری داوە ئێرە بکاتە شار ، هەمووجارێک لەخۆم دەپرسم هەر بەڕاست چی منی هێنا بۆئێرە..... !؟
بەخۆم دەڵێم : هێشتا زۆر شت هەیە کە بتوانین بۆی پێبکەنین ، کۆڵمەیە لەخەونەکانت ، کێ گرنگی بەوە دەدات ، کە تۆ چۆن گەیشتیتە ئێرە..!؟
سەیر ئەوەیە نیوەی زیاتری تەمەنم لەم شارەم کەچی هەست دەکەم ئەم شارە بووە بەزۆربەی بەشی ژیانم ، ئاخر چۆن نەبێتە بەشێک لەژیانم ؟ کە دوومنداڵەکەمی لێهاتنە دنیاوە و ئێستا گەورەن و قوتابی زانکۆن ... منداڵەکانم ڕۆڵی گەورە لەسەر ئەندێشەو بیرکردنەوەم وازی دەکەن وپێم دەڵێن : ئێمە خۆمان نادەین بەدەست قەدەرەوە و خۆمان ڕێگەی ژیان دیاری دەکەین .
گەشتی ژیان وایە مرۆڤ دەبێت لەگەڵ تەوژمی ئاودا سەوڵ لێدات ، گەروانەکات بێدەنگ نوقم دەبێت ... شار وێنەیەکە لەچیرۆکی ئازار دەچێت من کەسەیری دەکەم، جەنگ نەهامەتی قات و قڕی لەدوایی خۆی جێهێشتووە .. لێرە جیابونەوە دەبینم ، کەچی هیواش بەچرکە لێمەوە دوور نییە گەر خۆمان فریونەدەین .. ئەم شارە داپیرەیەکە پڕ پڕە لەچیرۆک ، هەرپەیکەرو شەقام و باڵەخانەیەک چیرۆکێکی لەپشتەوەیە ... بۆەیە کە بەشەقامەکاندا پیاسەدەکەم دەڵێی لەناو کتێبخانەیەکم و کتێبێکی مێژوو دەخوێنمەوە ...
من کەمترین کات بە ترام یان پاس هامشۆدەکەم ، بەڵام ئەمڕۆ بەپاس چومە کرۆکی شار تالەگەڵ هاوڕێکەمدا قاوەیەکی تاڵ بخۆینەوە و جەستەمان لەقاوەخانەبێت و گفتوگۆو هزرمان لە نیشتمانێک بێت ،کە کڵۆڵی گرمۆڵەی کردووە و دەستی ناوەتە بینی ...لەپاسەکەدا خانمێک بەرامبەرم لەهەمان کورسی دانشتبوو کە کورسێکان ڕوویان لەیەکە ، ناوپاسەکە زۆر جەنجاڵ نەبوو زۆرمان دەمامکمان بەستبوو ،چونکە هەر ویزگە ناوێزگەیەک لەمیکرۆفۆنی پاسەکەوە دەیووت : سوپاس کە ماوە لەبەینتاندا دروستدەکەیت وەسوپاس لەگەشتەکەتدا دەمامکت بەستوە ، تائێمە لەکۆرۆنا بەرینەوە .... خانمەکە چاوێکی هێندە شین و مەنگی هەبوو ، هەستم دەکرد لە دەریا دەڕوانم ... هەموو ئەوانەی من دەناسن دەزانن کە بەڕاستی من شەرمنم و کەم جار لەخەڵک و خانمان دەڕوانم ، زۆرجاران کە بەڕێگەدادەڕۆم هەر هەست ناکەم ئەوەی لەتەنیشتمەوە تێپەڕی کێیە... !؟
بەڵام ئەوخانمە دەمامکەکەی کە ڕەشبوو چاوەکانی وەک دووپشکۆی گەش لەشەودا دەدرەوشانەوە ..لە نائاگایەوە کە لەو وێزگەکە دابەزیم لەکڕۆکی شار بەخانمەکەم ووت : دەزانی جوانترین چاوت پێوەیە ...؟
ووتی : سوپاست دەکەم ... ووتم خانم سوپاسی کۆرۆناو ئەو ماسکە بکە کەبووە بەبەشێک لەژیانمان ..... دەنگی پێکەنینەکەی لەگوێمدا ماوە
کەوەڵامی دامەوە ووتی : بەڵێ وادەکەم ، دەنگی پڕبوو لەئاوازی بڕوابوون بەخۆی .
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە