لە هەست و سۆزی ئاساییەوە بۆ کوشتن!

Tuesday, 15/04/2025, 21:40


ڕوداوەکانی توندوتیژی ودەست وەشاندن تا کوشتن لە چەند ساڵی ڕابوردودا هەرێمی کوردستانی ناخۆش کردوە ، کەم ڕۆژ هەیە دڵمان بە ڕوداێک خورپەی لێنەدرێت، تەنانەت ڕوداوە زۆرەکانی هاتوچۆش هۆی قوڵ و پشتەوەیان هەر توڕەیی و توندوتیژیە ، دەنا کە تۆ دەزانی ڕێگاکان و هێماکانی هاتوچۆ پڕن لە کەم و کوڕی ئیتر بۆ پێ توند دەکەیت لە بەنزین و دەکەویتە هۆڕن لێدان و وەک ماری ژەهراوی پێچاوپێچ دەکەیت و بە پەلە پەل پێشی ئوتومبیلەکان دەدەیتەوە؟
شەوی ١٣ی٣ی٢٠٢٥ پزیشکێکی ناسراو لە هەولێر چوار کەسی کوشت : ژنەکەی و ژنخوشکەکەی کە پزیشک بون، هەروەها خەسو و خەزوری. بکوژ دارا و دەوڵەمەند بو، پێشینەی تاوانکردنی نەبو، کوژراوان خەڵکی بەڕێز و بێ کێشەبون. هۆی ڕوداوەکە کۆمەڵایەتی بوە، گوایە بکوژ ویستویەتی ژنی دوهەم بێنێ و هاوژینەکەی قبوڵی نەکردوە و ماڵی جێهێشتوە. پێشینەی نەخۆشیی دەرونی لە بکوژدا نەزانراوە، دیارە دوای وتووێژێکی کورت و توندوتیژ کە بەدڵی ئەو نەڕۆشتوە بە دەمانچە لە چەند خولەکێکدا چوار کەسەکەی کوشتوە.دیارە پێشتر بیری لە کوشتنیان کردۆتەوە وەک ئەگەرێک دەنا بۆ چەک لەگەڵ خۆی دەبات؟ لە ڕوداوی ئاوادا پۆلیس و ئاسایش دەبێت هەرچی زورترە و درەنگترین لە ماوەی ٢٤ کاژێردا تاوانکار ببنە بەردەم دوکتۆر و دەرونناس بۆ تێڕوانینی دەرونی و پزیشکیی گشتی کە ئەوەش دەگرێتەوە بزانن ئایا لە کاتی تاوانەکەدا بکوژ لە ژێر کارلێکی مادەی هۆشبەردا(مەی وئەوانی تر) نەبوە، ئەترسم ئەمانە هیچیان نەکرابێت ! 
توڕەبون، ڕق و کینە و حەزی تۆڵەسەندن، هەڕەشە و ترسی زۆر لە سەر  ژیانت و شکۆ و هەستی نێرگزیت ،هەستی غەدرلێکراوی و سوکایەتی پێکردن و خیانەت لێکردن، دڵتەنگیی توند و درێژخایەن، شەکەتیی دەرونی ، دابڕان لە یا نەبونیی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی دڵسۆز و پشتیوان و کارا و ڕۆشنبیر، کێشەی خێزانیی درێژخایەن و بێچارەسەر، زۆربون و کەڵەکەبون و چارەسەر نەکردنی هەمو ئەم بیروهەست وسۆزە ئاسایی و نەباشانە، دەشێت لە ڕوی چۆنایەتیەوە لە ئاساییبونەوە بگۆڕێت بۆهەست و سۆزی نەخۆش و ترسناک و ببنە هۆی ئەوەی مرۆڤێکی ئاسایی و لاشەڕ و تەنانەت سەرکەوتو لە ژیانی مادی و کار و نان پەیداکردندا کە پێشترنەخۆشیی دەرونیی نەبوە، لە شوێن - کاتێک ی نالەباری پڕ لە گرژی و نائارامی و توندوتیژدا کەسێک یا چەند کەسێک یا خۆی بکوژێ، ئاوا زۆر ناسک و تەنک و دەڵێنەرە (permeable) دیواری نێوان دەروندروستی و دەروننەخۆشی ! 
بێگومان ئەم ڕاڤەکردنە بۆ ئەوە نیە لە بکوژ تێبگەین و بەهانەی بۆ بهێنینەوە بە تایبەتی کە ئەو هەرزەکارێکی بێکەس و بێ پشتیوان نەبوە بەڵکو خۆی پزیشکێکی بە تەمەن و بە ئەزمون بوە و زانیاریی دەرونیی هەبوە و نە ئەبو هەرگیز تاوانی لێبوەشێتەوە.
بۆ خۆپاراستن لە ڕوداوی ئاوا پێویستە هەوساری  ئەسپی هەست و سۆز و هەڵچونەکانمان توند بە دەستەوە بگرین و نەهێڵین شل بێتەوە و لە دەستمان دەرچێت ، دەبێت هەمیشە دوابڕیاردەر بۆ چارەسەری کێشە قورس و گەورەکانمان هەر ئاوەز و ژیری و لۆژیک بێت نەک هەژان و هەڵچونی هەست و سۆزەکانمان. ئەگەر خۆمان نەمانتوانی ئەمە بکەین با بێ ترس و شەرم ، بۆ ڕاوێژ و پرس و ڕا پەنا بۆ کەسە نزیکەکانمان بەرین بەتایبەتی ئەوانەی هاوسەنگ و ئارام و دڵسۆز و ڕۆشنبیرن، ئەگەر کەسی وامان نەبو با بێترس لەوەی پێمان بڵێن شێتە بچین بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی دەرونی و دڵ و دەرونمانی لا بکەینەوە بۆ ڕاوێژ و ئەزمون و زانیاریی بەسود، بەڵام دوا بڕیار هەردەبێت خۆت بیدەیت کە دەبێت لە سەر بناغەی خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەری بێت نەک خۆپەرستی و خۆشیدایی نێرگسیانە.
پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی  لە هەمو شارە ناوەند و گەورەکان (سێنتەری ڕاوێژکاریی دەرون - کۆمەڵایەتی) ی پیشەیی و کارا بکاتەوە کە پزیشکی دەرونی و ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و چارەسازی دەرونی بیبەن بە ڕێوە. 
لە مێژە پێویستە و ئیتر زۆر درەنگە کە تۆڕێکی پەیوەندیی تەلەفونیی ٢٤ سەعاتیی ٧ ڕۆژ هەفتەیی ١٢ مانگ ساڵی بۆ هەمو هەرێمی کوردستان بە شار و گوندەکانەوە لە ژێر ناوی (هێڵی گەرمی قەیران) دامەزرێ و ژمارەکانی لە هەمو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێگەکانی سۆشیال میدیا بەردەوام  بڵاوبکرێتەوە کە ئیتر هەمو کەسێک بیانزانێ و لە کاتی تەنگانە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەرونیدا پەیوەندی بە کەسی سەر تەلەفون بکەن بۆ ڕاوێژی پیشەییانە و هەنگاوی کرداری بۆ یارمەتیدانی دەمودەستی کەسەکە بۆ نمونە بە چون بۆلای کەسەکە یا بردنی بۆ نەخۆشخانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help