ئابوری سەربەخۆ - دەرهاویشتەی وەهمێکی کارەساتبار
Friday, 04/04/2025, 17:53
ئەو "ئابوری سەربەخۆیە" ئەفسانەییەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ساڵانێک بە شانازییەوە باسیان دەکرد، ئێستا وەک بۆمبێکی داراییە کە تەقیوەتەوە و ٣١ ملیارد دۆلار قەرزی لە کۆڵی هەرێمێکی برسی و ماندوو کردووە. ئەمە چیرۆکی ئەو وەهمە گەورەیەیە کە نەوەیەک بە دوای نەوەیەکدا ناچار دەبن باجەکەی بدەن.
سەیرە کە ئەو بەڕێزانەی جارێک وتاری "ئابوری سەربەخۆ"یان بۆ دەداین و موژدەی قەبە قەبەمان پێدەبەخشن، ئەمڕۆ بێدەنگیان هەڵبژاردووە. ئاشتی هەورامی، ئەو وەزیرەی بە دەستێکی کراوە گرێبەستی ئاڵتونی بەخشیە کۆمپانیا بیانییەکان و بە دەستەکەی دیکە گیرفانی خەڵکێکی هەژاری بەتاڵ کرد. چراخان رەفیق کە راپۆرتەکانی ئەوەندە نا روون بوون کە کەس نەیتوانی شوێنپێی ملیارەها دۆلار بدۆزێتەوە. مورتەزا لاخانی، ئەو "جادووگەرە" نەوتییەی لە گفتوگۆکانی تورکیادا بەرژەوەندییەکانی هەرێمی وەک یارییەکی شەترەنج دۆڕاند. پێ دەچێت بەرپرسەکانمان هەمیشە لە حالەتی هەلخەلەتاندندا بن چوونکە ئەم جۆرە کارانە هەمیشە دووبارە دەبنەوە.
سیاسەتی نەوتی هەرێم وێنەیەکی تەواوی گەندەڵی سیستماتیکە. گرێبەستەکان لە تاریکیدا واژۆ کران و "سەربەخۆیی" ئابووری بوو بە ناوێکی جوان بۆ تاڵانکردنی سامانی نەتەوەیی. لەکاتێکدا تەنها دەست و پێوەندییەکانی دوو حیزبەکە (پارتی و یەکێتی) و چەند کۆمپانیایەکی بیانی قازانجیان کرد، خەڵکی ئاسایی بە نیوە موچە و بە برسیەتی گەیشتنە ئەمڕۆ.
بەڵگەی ئەم تاڵانکردنە زۆرن. تەنیا یەک نموونە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم، داهاتی گشتی ئەم کۆمپانیایە لە تەواوی ساڵی (٢٠٢٤) بریتی بووە لە (١٠٩ ملیۆن و ٣٩٢ هەزار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی (٢٠٢٣) داهاتی کۆمپانیاکە (٨٢ ملیۆن و ٨٨٦ هەزار) دۆلار بووە. بەم پێیە داهاتەکەی بڕی (٢٦ ملیۆن و ٥٠٦ هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (٣٢٪) زیادی کردووە. ئەمە تەنیا داهاتی یەک کۆمپانیایە، بەڵام لە هەمان کاتدا داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حکومەت بە نزیکەیی سفر بووە!
جێی سەرسوڕمانە کە هێشتا کەسانێک هەن داکۆکی لەم سیاسەتە شکستخواردووە دەکەن و هەر کەسێک رەخنەی لێبگرێت بە "خائین" و "جاش" ناوی دەبەن. سەیر لەوەدایە، ئەوانەی هەموو قسەیەکیان "ئێمە" و "گەل" و "نیشتمان" بوو، نەک تەنها یەک دینار داهاتی نەوتیان بۆ نیشتمان نەپاراست، بەڵکو گەندەڵییەکی وایان کرد کە لە مێژووی هەرێم وێنەی نەبووە.
زۆر بەداخەوە، دوای ئەو هەموو شکستە، ئێستا دیسان ناچارین روو بکەینەوە بەغدا - ئەو بەغدایەی کە رۆژێک دەیانگوت "تەڵاقی سێمان داوە". پێدەچێت ئەو تەڵاقە زۆر زوو "حەڵاڵ" کرایەوە کاتێک گیرفانەکان بەتاڵ بوون. ئەی بۆچی لە سەرەتاوە ئەو هەموو درۆ و دەلەسەمان پێفرۆشرا؟ ئەم هەموو ساڵە چەندەها ملیارد دۆلاری نەوت بەکوێ گەیشت بێجگە لە ڤێلا و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و حیسابی بانکی قەبە لە دەرەوەی وڵات؟
ئەوەتا هەر تاکێکی کوردستانی بەر لە لەدایکبوون، دەکەوێتە ژێر باری قەرزێکی قورسی ٣١ ملیارد دۆلاری کە بەرهەمی "ئابوری سەربەخۆ"یە. ئایا ناکرێت جارێک، تەنها بۆ جارێک، بەرپرسانی ئەم هەرێمە سەریان دانەوێنن و داوای لێبوردن بکەن لە خەڵکی ماندوو و برسی؟ یان مەحاڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم، جگە لە درۆ و فێڵ و تاڵانکردن، شتێکی دیکە فێر ببن؟
ئەوەی ئێستا پێویستە، نەک تەنها چاکسازی، بەڵکو لێپرسینەوەیەکی توندە لەو کەسانەی بوونە هۆی ئەم کارەساتە. ئابوری سەربەخۆ نەبووە "دەستکەوت" بەڵکو بووە گەورەترین "تاوان" لە مێژووی هەرێمدا.
خەڵکی کوردستان شایانی ئەم چارەنووسە نەبوون، بەڵام بەداخەوە ئەو ژمارە کەمەی بڕیاریان لەسەر داهاتی نەوت دەدا، خەونی گەلێکیان کردە کابوسێکی تاریک. ئەمەیە ئەنجامی ئابوری سەربەخۆیی وەهماوی، ئاوازێکی جوان کە هەر لە سەرەتاوە درۆ بوو و خەلکی دەبێ باجەکەی بدات بۆ هەمیشە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست