یەکێتی گای ئەو دۆڵەیە کە پارتی لێیە
Monday, 03/03/2025, 20:43
گەرچی پارتی و یەکێتی بە ڕواڵەت لە یەکتری جیاوازن، هەریەکە زۆن و ڕەنگ و هێزی میلیشیایی و سەرچاوەی داهاتی دزراوی تایبەت بە خۆیان هەیە بەڵام لە بنەڕەتدا هەر یەک مەعدەنن و هەر یەک جۆر ئامانجیان هەیە کە ئەویش ئەوەیە کورد نەبێت بە هیچ . کاتی خۆیشی کە باڵی مەکتەبی سیاسی بە پێشڕەوی جەلال تاڵەباتی لە باڵی مەلایی پارتی جیابۆوە زیاتر تاکتیک بوو بۆ دروستکردن و ململانێی نوێ لەوسەردەمەدا بۆ ئەوەی وردە حیزب و کەسایەتیەکانی چواردەوری خۆیان هەڵمژن و نەیانهێڵن یان بیانخەنە خزمەتی ئەجێندا چەپەڵەکانی خۆیانەوە و دەستکەوت و داهاتەکان تەنها بۆ خۆیان بێت . ئێستا ئەو تەکتیکە بووە بە ستیراتیژ و بەردەوام کاری لەسەر ئەکەن بۆ زیاتر چەوسانەوەی میللەت لەژێر چەتری ڕەشی بەناوحوکمڕانی پارتی و یەکێتی .
هەر یەکەیان بە ئەجێندایەکی تایبەتی و بەرژەوەندخوازی خۆی کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی خۆی کردووە بۆ ترساندن و بێدەنگکردنی هاوڵاتیەکانی ، بۆ نمونە پارتی لە زۆنی زەرد ڕێگە بە هەرچی کۆبونەوەیەک ئەدات لە مەولود و مارەسۆن و بەڕێکەوتن بۆ سەر قەبری مەلا مستەفا و شەری نێوان لایەنگرانی بەرشە و ڕیاڵ و کۆبونەوە دژی لێدوانی ئەندام پەرلەمان و کەسێکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و حیزبە نەیارەکانی خۆی و هێنانی ڕاقیسە و پۆڕن ستارەکانی جیهان بۆ سیتیەکان و قەرەباڵغکردنیان ، تەنها لەپێناو مەشغوڵکردنی شەقام و نەپرژانە سەر سیاسەتکردن . بەڵام بەنیەتی دڵیش باسی کۆبونەوە و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بکەیت بۆ پشتگیری لە هاوڵاتیانی چەوساوە لەهەرپارچەیەکی تری کوردستان یان هێزێکی کوردستان یان پشتگیری بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی ، قەدەغەیە . نەک ئەوە بەڵکو بە زیندان و دروستکردنی سیناریۆ و دوورنیە کوشتن کۆتایی پێ بێت وەک پێشتر گرتنی ئەو ئازادیخوازانەی بادینان و تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکانمان بینی . بەکورتی و کرمانجی ئەو بە ئاشکرا ئەڵێ من دیکتاتۆرم و سەرمان مەیەشێنن.
بەڵام یەکێتی کە لەهەمان سەرچاوەوە داکەوتووە لەگەڵ ئەوەی ئەو کارە خراپانە تەواوئەکات کە پارتی نەیکردووە و هەرگیز زەفەری پێنەبردووە، بەڵکو زۆر خراپتر و بە شێوەیەکی دوو ڕوویانە بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە دونیای دەرەوە و خەڵکە ساویلکەکانی چواردەوری خۆی وا تێبگەیەنێ کە ئازادی لە زۆنەکەی ئەودا زۆرە و ئەوەش وەک دەستکەوت بە خەڵکی بفرۆشێتەوە و خۆی بکات بە خاوەنی ئەو چەمکەی کە بوونی نیە کە ئازادیە . ئەم حیزبە هەرزەیە سەرمان زۆر ئەیەشێنێ بگرە و بەردە بە بابەتەکان زۆر ئەکات تا لەخشتەمان بەرێت .
بەڵێ ئازادییەکەی یەکێتی وەک ئازادیەکەی موعەمەر قەزافیە کە بە جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکای ئەووت خەڵک ئازادە لەبەردەم کۆشکەکەی من کۆببنەوە و جوێن بە ئەمریکا بدات !!
(یەکێتی )ش ئەوەندە لەسنورەکەی ئەودا ئازادیت کە نەبیتە مەترسی و هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندیە نزمەکانی، ئەوەندە ئازادیت کە دژی پارتی خۆپێشاندان بکەیت و جوێنیان پێ بدەیت، بەدەر لەوە یەک تۆز زیاتر دەنگ هەڵبڕیت قوڕگت ئەگرێت و کلک و گوێت ئەکات . سیناریۆی قێزەون و مەترسیدارت بۆ هەڵئەبەستێ .
تازەترین نمونەش پەلاماردانی خێمەی شکۆی مامۆستایانی ناڕازی بوو لە شارۆچکەی عەربەتی سەربە سلێمانی کەوا بەرگەی یەک ڕۆژ ئازادی ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی ئەو کەسانەیان نەگرت کە دەیان ساڵە ئەچەوسێنرێنەوە و مافیان ئەخورێ و قوتیان ئەدزرێ . بەرگەی یەک ڕۆژ هەڵپەساردنی ئەو تەنکەرە دزیانەیان نەگرت کە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تەنکەر ئاودیوی وڵات ئەکرێت کە داهاتی مانگانەیان بە دەیان ملیۆن دۆلارە و ئەچێتە خزمەتی حیزب و خێزانەکانی خۆیانەوە ، بۆیە دەستیانکرد بە سوکایەتی و ئازاردان و گرتنی ئەو ئازادیخوازانە لەلایەن هێزە بەڵتەجی و میلیشیاکانیانەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەو هەموو دووڕوویی و درۆ و قیڕەقیڕەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرکردە و خودی سەرۆکی ئەو حیزبە و براکەی لەبارەی بەنیشتمانی کردنی موچەی فەرمانبەران لە بانکەکانی عێراق، تەنها بۆ ئەوەبوو کە کێکی زیاتری دەسەڵاتیان بەربکەوێت و بیکەنە کارتی فشار لە لای مودیرعامی دوێنێ و خاوەن پایەی ئەمڕۆ ، هەرواش دەرچوو !
یەکێتی ئەو حیزبەیە کە جەلال تاڵەبانی گاڵتەی بەخۆیان ئەکرد و ئەیووت شکاندن لەشەڕدا بە تەکتیک و وەرگرتنی سەرانە بە ئابوونە ناودەبەین ، بەڵام خەڵک مەغزای پشتی ئەو قسانە تێنەئەگەیشت کە بە ساویلکەزانینی چواردەورە، هەر پێئەکەنین و چەپڵەیان بۆ لێئەدا و ئێستاش بۆ نەوە هەرزە ڕەفتارەکانی .
بۆیە، بە پێوەری ڕۆمانێک لە تاوان و خیانەت و درۆ و تیرۆر و شێواندنی سیمای شار ، یەکێتی زۆر خراپترە لە پارتی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست