رێکەوتنی ئەمریکا و روسیا

Monday, 03/03/2025, 19:50


ئۆکرانیاو چەند راستیەک لە قەیرانی سەرمایەداری!

ئەو سیاسەت و بەرنامانەی ئەمریکاو سەرۆکە نوێکەی دۆناڵد ترەمپ، بانگەشەی بۆدەکات، لەوانە دروشمی "دوبارە ئەمریکا گەورە دەکەینەوە" یاخود" ئەمریکا لەپێش هەمووشتێکەوە"، هێرشکردنە سەر مافەکانی ژنان و نایاسایکردنی لەباربردن، هێرش بۆسەر هاورەگەزخوازەکان و... ڕاگەیاندنی جەنگێکی ڕاسیستی دژی پەنەبارانو کۆچکردوان و تا دەگات بە هەڕەشەی سەپاندنی باج و گومرک بەسەر ئەو ووڵاتانەی کە مل بە سیاسەتی ئابوری ئەمریکاو کابینە ملیاردێرەکەی نادەن، یاخود هەڕەشەی کردنی کەنەدا بە ویلایەتی (٥١) هەمینی ئەمریکاو فشارخستنە سەر دانمارک بۆ فرۆشتنی گرینلاند بە ئەمریکا و داگیرکردنی نۆکەندی پەنەما و... پێشنیاری کۆچی زۆرەملێی خەڵکی غەززە لەژێرناوی بنیاتنانەوەی غەززەدا و تاد... هەموو ئەمانە رەنگدانەوەی دۆخی قەیرانگرتووی سەرمایەداری ئەمریکا و شکستی دنیای تاکجەمسەری بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو سەرهەڵدانی دنیای چەند جەمسەریە کە جێگاوڕێگایەکی نزمتر لەجاران بۆ ئەمریکا دادەنێت.
ئەم روولەخواربونەی پێگەی ئەمریکا لەوەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ترامپ وەکو نوێنەری سیاسی بۆرژوازی ئیمپریالیستی ئەمریکا، دوای ئەوەی کە بۆماوەی (٣) ساڵ، ئەمریکاو ووڵاتانی ناتۆ، سەدان ملیار دۆلاریان خەرجی جەنگی ئۆکرانیا کرد دژی ڕوسیا و بەهەموو شێوەیەکی سەربازی و لۆجستیکی و هەواڵگری و تەنانەت ناردنی پێشکەوتوترین جۆری چەکی ستراتیژی ئەمریکا و ئەوروپی و شارەزای سەربازی هاوکاری سوپای ئۆکرانیایان کرد، کەچی ترامپ، لەپشتی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و هەروەها بە بێ حسابکردن بۆ ئۆکرانیان و زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕاستەوخۆ دەستی بە وتوویژ کردوە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا.
بێگومان زۆرێک لەمیدیا گوێ لەمستەکانی بۆرژوازی و سەرمایەداری، ترەمپ وا نیشان دەدەن کە خەڵکی ئۆکرانیا لە کوشتار و کاولکاری رزگار دەکات و کۆتایی بە جەنگ دەهێنێ و کەسایەتیەکی ئاشتیخوازەو ئەگەری ئەوە هەیە کە شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بێت بۆ ئاشتی! هەروەکو ئەو سەرۆکەی دەناسێنن کە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی ئەمریکا باشتر دەکات بەوەی کە ئابوری ئەمریکا باشتر دەکات و رێگا لە کۆچی نایاسایی دەگرێت! بەڵام راستی رووداوەکان ئەوەیە کە ئەم هەنگاوانەی ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای بۆرژوازی ئەمریکا بۆ دەربازکردنی ئەمریکا و سەرمایەی ئەمریکیە لەو قەیرانە ئابوریەی تێیکەوتوەو دۆخی ژیانی خەڵکی بەرەو خوارەوە پاڵ پێوەناوە و سەرمایەی ئەمریکی لە کێبڕکێی سەرمایەی جیهانیدا لاوازو کەم کاریگەر کردوە. ئەمریکا بەناچاری دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە لەگەڵ روسیا رێك بکەوێ، چونکە لەلایەکەوە دنیای فرەجەمسەری ئاراستەیەکی نەگەڕاوەیە و ڕوسیا یەکێکە لەو جەمسەرانەی دنیای سەرمایەداری و دەبێ ئەمریکا ئەوە قبوڵ بکات، هەروەها ئەو ملیار دۆلارەی کە لەشەڕی بێسودی ئۆکرانیادا ئەمریکا خەرجی کرد، تەواوی بکات و دەستی بە ملیارەها دۆلار کانزای گرنگ بگات لە ئۆکرانیا و لە ململانێی ئابوری لەگەڵ چیندا پێگەیەکی باشتر پەیدا بکات و روسیا لە چین دوربخاتەوە....
ئۆکرانیا مەیدانێکی ئاشکراو بێپەردەیە کە ترەمپ و دارودەستەکەی سازشی لەسەر دەکەن لەگەڵ روسیا، زۆر راشکاوانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ئۆکرانیا و تەنانەت هێرشی توند بۆ سەر زیلینسکی و بە دیکتاتۆر و فاشیل ناوزەدکردنی، وە تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ ووڵاتەکانی ناو هاوپەیمانی ناتۆ لەگەڵ ڕوسیادا خەریکی رێکەوتنە و بڕیارە لە داهاتوی نزیکدا ترامپ و بۆتین کۆبونەوەی لوتکە ئەنجام بدەن لە سعودیە.
ئەمریکاو ناتۆ کە بەبێ حسابکردن بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، لەسەر قوربانی دەیان هەزار هاوڵاتی و سەربازی ئۆکرانی و کاولکردنی هەموو ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری ئۆکرانیا، بەناوی وەستانەوە بەرامبەر بە شەڕخوازی و هێرشی دڕندانەی بوتین بۆسەر خەڵکی ئۆکرانیا، ئۆکرانیایان پەلکێشی جەنگێکی خوێناوی کردو زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکرانیاش وەکو بوکەشوشەی ناتۆ دەوری بینی و هەر رۆژەی لەپەرلەمانی وڵاتێکی ئەوروپادا و لە کۆنگرێسی ئەمریکادا لەلایەی سەرەوە دایان دەناو چەپڵەیان بۆ لێدەدا، بەڵام ئێستا لەدەرەوەی یاریەکە جێگایان بۆ داناوە و هیچ حسابێکی بۆناکەن! 
واتە رێکەوتنی ترەمپ لەگەڵ بۆتین لەچوارچێوەی رێکەوتنێکە کە پڕۆژەی زۆرتری بەدوادا دێت. رێکەوتنێک هەتا ترەمپ ئەو بڕیارانەی لەسەر ئۆکرانیا داویەتی، ئەگەر سەبارەت بە خاكی ئەمریکا بیدایە، خەڵكی ئەمریکاو حزبەکانی موخالفی بەدژی دەوەستانەوە و لێیان قبوڵ نەدەکرد. ئایا خەڵکی ئەمریکا ئەوەیان قبوڵ دەکرد کە بەشێك لە ناوچەکانی ووڵاتەکەی بدرێ بە ووڵاتێکی دیکە!؟ وەکو ئەوەی ئەمریکا لە ڕوسیای قبوڵ کرد کە نزیکەی ٢٠٪ ی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە داگیرکراوە و دەیەوێ گرێیبداتەوە بەخۆیەوە. ترامپ و ئەمریکا لەم رێکەوتنەدا وەکو رێکەوتنی دوو چەتەو رێگر هەڵسوکەوتی کردوە، بەوەی رەزامەندی لەسەر ٢٠٪ خاکی ئۆکرانیا بدرێ بە ڕوسیا و ئەمریکاش ٥٠٪ ی هەموو سەرچاوە کانزاییەکانی ئۆکرانیا بۆخۆی ببات! چونی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆش بە مەحاڵ دەسپێردرێت و مەرجەکەی پۆتین بۆ دەستلەکارکێشانەوەی زیلینسکی و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەندجام دەدرێت. هەموو ئەم رێکەوتنانە لەسەر حسابی سێ ساڵ لەکوشتاری خەڵكی مەدەنی و سەربازی و کاولکاری بەشێکی زۆری وڵاتەکەو ئاوارەیی زۆری خەڵک بۆ ناوچەکانی ترو بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا بەڕێوەچوو. 
ئەم دۆخە ئابوریە قەیرانگرتووەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ و ئەمریکا وەک یەکێک لەزلهێزەکانی دنیا، ترەمپ و هاوشێوەکانی لە ناتانیاهۆ و ئۆردوگان و بۆتین و هاوشێوەکانی لە حزبە راسترەوەکانی ئەوروپاو بەتایبەت لە بەریتانیا و ئەڵمانیا دێنێتە پێشەوە. واتە سەرمایەداری، لەکاتێکدا چینی کرێکاری وشیارو رێکخراو و کۆمۆنیزمێکی شۆڕشگێڕ لەمەیدانی جەنگی چینایەتیدا لاوازو کەم کاریگەرە، ئەوجۆرە فاشیزمەی ئەمڕۆی بەرهەم هێناوە. 
سەرمایەداری و حکومەتەکانیان و سەرۆکەکانیان لەوێنەی ترەمپەکان ئایندەیەکی تاریکتر لەبەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دادەنێن! بەرگرتن بەم بەربەریەت و فاشیزمەی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و جەمسەر و بلۆکەکانی، تەنها بەبەهێزبوونی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیزمی چینی کرێکارە کە دەتوانێ ئایندەیەکی دیکەی بەدەر لەو ئایندە تاریکەی سەرمایەداری، بۆ مرۆڤایەتی بەدیاری بهێنێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە