تێڵا

Monday, 03/03/2025, 18:24


بە چوونی بۆ کۆشک کەر نابێ بە پاشا ، بەڵکو کۆشک ئەبێ بە تەویلە.. (پەندێکی فارسی)

تۆ بزانە ئەو عەرەبە شۆڤینیە  مەزهەبیانەی بەغا چی بە  کورد ئەکەن و چۆن ڕێگرن لەبەردەم هەر هەنگاوێکی کوردایەتی و بونیادنانی دەوڵەتی کوردی..!! هەر کە زانیان هەرێم بەحاڵ و تۆزێکی ماوە  هەر بەقەد دەزوویەکی ماوە ببێ بە دەوڵەت یەکسەر کەوتنە سەروگوێلاکی  ئابووری سەربەخۆی کوردستان ، ئەوەبوو کە زانیان “ کۆڕەک تێلە کۆم” دەورێکی سەرەکی هەیە لە بوژانەوەی ئابووری هەرێم و ژێرخانەکەی بە تۆمەتی قەرزاری ڕایان گرتوە ، لە ڕاستیا هۆیە ئەسڵییەکە “ کوردبوون”! ی ئەو کۆمپانیایەیە کە هێندە  پەرۆشی  خزمەت کردنی خەڵکی کوردستانە بە تایبەتی کەس کاری ئەو ڕووبارە خوێنەی هەرێمیان دروست کرد ، ، تەنانەت چەن جارێک مووچەی ناردوە بۆ بەغا  کە لەوێوە ڕەوانەی هەرێمی بکا  تا دابەش بکرێ و بە بەغای ووتوە نەڵێت ئەو پارەیە هی  کۆڕەکە  کورد وەتەنی “ پیاوەتی بکە و بیە بەدەم نەوتەوە..” جگە لەوەش ئەو ڕیزە ئوتێلە چەن ئەستێرەییە کە خاوەندارێتی کۆڕەک لە ئەوروپا هەیەتی هەموو داهاتەکانی بۆ تەواو کردنی پرۆژەکانی  هەرێمە و تەنانەت نیازی وابوو کارەبای بیست و شەش سەعاتی “ بیست و چواری ئەسڵی و دووی ئیحتیات “ بۆ هەرێم دابین بکا ...
دەسەڵاتدارانی  بەغا ویستوویانە  سوود لە دروشمە  سەرەکییەکەی خاوەندارێتی کۆمپانیاکە وەربگرێ کە بە :“ جەنەراڵی هەڵهاتن “ ناوبانگی هەیە بەڵکو ئەمە خوایە لەبەر قەرزارییەکەی دروشمەکەی “ مەخمور” دووبارە جێ بە جێ بکا و بۆی بقوچێنێ  بەڵام لە بیریان  چوە سەروەت و سامانی بێ شوماری کۆڕەک هەر هەمووی بە ئارەقی ناوچەوان و ماندوو بوونی شەو و ڕۆژ ، بە زستان و بە هاوین کۆکراوەتەوە بە ناوی خوا  و ڕێبازی ڕەحمەتی و کوردایەتی زیندوو  خزمەتی تاک بە تاکی کوردستانی کردوە و دوا ئامانجیشی دەوڵەتی کوردی بوە  و چونکە دەوڵەتی بێ پارە  وەک گیرفانی کون تێکراو وایە کۆڕەک ئەو کونەی گرت ناهێڵێ بەغا بە “درێل”یش کونی تێ بکاتەوە...مەگەر بە موعجیزەیەکی ئیلاهی و بەرامبەر بە قەزا  قەدەریش کەس هیچی پێ ناکرێ...
با شۆڤینیەکانی بەغا و ئەودیویش بزانن کە تەنانەت ئەگەر  کۆڕەک ناچار کرا بە یانەوەی ئەو ملیار و کسورە ئەوا چۆن  حکومەتی هەرێم بە حیکمەتی خۆی قەرزەکانی بە مووچەی خەڵکی هەرێم ئەیاتەوەکە کەسیش نازانێ قەرزی چین ؟ هەر ئاواش بە مووچەی خەڵکی هەرێم قەرزەکەی کۆڕەک  ئەدرێتەوە و هەر قەرزەکە تەواو بوو “ کۆماری دیموکراتی کۆڕەک” ڕائەگەینرێ  و بۆ ناحەزانی کوردایەتی ئەبێ بە” کۆڕەک “تێڵا” کۆم”.......

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help